هەڵمەتی هەڵبژاردن
2018-04-10 17:43:45
ئاسۆس هەردی
چەند رۆژێکی تر هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەکات. ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا دێت کە کوردستان لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. بەڕوی عێراقداو پاش ریفراندوم، توشی گەورەترین شکست بوەو نیوەی خاکەکەی لەدەست داوە. بەڕوی دەرەوەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەنزمترین ئاستی خۆیدایە. دەوڵەتانی دراوسێ بەئاشکرا هەڕەشە دەکەنو سنورەکانمان دەبەزێنن، کەسیش نە لەعێراقو نە لەجیهان هیچ ناڵێت. بەڕوی ناوەوەشدا، پەرتەوازەییو ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان گەیشتۆتە ئاستی ئێسک شکاندن، دانیشتوانی هەرێم لەژێر باری سەنگینی قەیرانی داراییدا دەناڵێنن، حکومەتی هەرێم کە لەراستیدا تەنها وەک ناو و پەیکەرێکی سڕکراو ماوەتەوە، توانای چارەسەرکردنی هیچ قەیرانێکو روبەڕوبونەوەی هێچ یەکێک لە هەڕەشەکانی نیە… هتد.
لەم دۆخەدا هەمو لایەنەکان ئەم هەڵبژاردنە وەک کێشانەیەک بۆ سەنگی سیاسیی خۆیان دەبینن. دو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، کە بەرپرسی یەکەمن لە گەیشتن بەم وێرانەیەی ئەمڕۆ، بە هەمو هێزو توانایەکیان دەیانەوێ لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامێک بەدەست بێنن کە نیشانی بدات سەرباری هەمو شکستەکانیان، هێشتا هەر ئەوان خاوەنی پێگەی جەماوەریی یەکەمنو مافی ئەوەیان هەیە حوکم بکەنو بەناوی خەڵکەوە لەگەڵ دەرەوەی هەرێم قسە بکەن. گوتاری سەرەکیشیان لەسەر ئەوە بنیاد ناوە کە “نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەمو هێزەکان بەرپرسیارن لەو دۆخەی ئێستا هەیە، هەر کەس بەپێی قەبارەو رۆڵی خۆی!”. بەمەش دەیانەوێ حیزبەکانی تر بکەنە شەریکی شکستەکانیان. بەپێچەوانەشەوە، لایەنەکانی تر کە دەزانن ئەمڕۆ پارتیو یەکێتی لە لاوازترین پێگەی سیاسیو جەماوەری خۆیاندان، بە هەمو توانایەک دەیانەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزنەوەو بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەو دو حیزبەوە داڕیژن.
بە هەمو پێوانەیەک، ململانێی ئەمجارە سەختو رەنگە توندیش بێت، بەجۆرێک خەڵکێکی زۆر ترسیان لەوە هەیە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەسەلامەتی تێنەپەڕێت. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو ئاستە نزمەیە کە لە گوتاری میدیایی لایەنەکاندا هەستی پێدەکرێت. هەڵمەتێک کە دەبێت مەیدانی ململانێی پلانو بەرنامەی سیاسیو… هتد بێت، خەریکە دەبێتە کایەیەک بۆ سوککردنی یەکتری. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانیشە، ئەو لایەنانەی دروشمی گۆڕانکارییان بەرزکردۆتەوە، ئەوەندە سەرقاڵی یەکتر شکاندنن، خەریکە رکەبەرە سەرەکییەکانیان بیر دەچێتەوە. ئەمەش رێک وەکو بڕینەوەی ئەو دارە وایە کە خۆیان لەسەرەی وەستاونو جگە لە رکەبەرەکانیان، کەس سودی لێ نابینێت.
لە هەمو هەڵبژاردنێکدا گوێمان لەو قسەیە دەبێ کە دەڵێت “هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازەو دەبێ هاوڵاتیان بە گوڕوتینەوە بەشداریی تێدا بکەن”. لەراستیدا هەمو هەڵبژاردنەکان گرنگن (دیارە بەو مەرجەی بە پاکیو بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێن)، چونکە دەرفەتێکن بۆ خەڵک تا لێپێچینەوە لە نوێنەرانی پێشوی خۆیان بکەنو متمانە بەو کەسو لایەنانە نەبەخشنەوە کە جگە لە خۆیانو حیزبەکانیان، خزمەتیان بە کەس نەکردوە.
بەڵام گومان لەوەدا نیە لەم هەلومەرجە سەختەی ناوچەکەو لەم دۆخە ناسکەی کوردستاندا، هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگییەکی چەند ئەوەندەی هەیە. بۆیە دەبێ لایەنەکانو بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنو ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەزانن، هەمیشە وێنە گەورەکەیان لەبەرچاو بێت، لەهەمان کاتیشدا ئەگەر بەڕاستی وەک خۆیان دەڵێن خاوەنی بەرنامەو پلانی ستراتیجین، رێگە نەدەن ململانێکە دابەزێتە ئاستێک کە تەنها دروشمبازەکانی رکەبەریان تێیدا سەرکەوتو دەبن.
رۆژنامەی ئاوێنە