قەیرانی تەسەور
2018-04-10 12:09:32
د. سەردار عەزیز
زۆر دەبیستیت کە سیاسیەکی کورد دەڵێت تەسەوەری ئەوەمان نەدەکرد. ئەمە تایبەت نیە بە حیزب و لایەنێکی تایبەت یان بە بەشێک لە کوردستان بەڵکو گشتگیریە. قەیرانی تەسەور لەهەر دوو کەرکوک و عەفرین وەک یەک ئامادەیی هەبوو.
زۆربەی جار ئەم تەسەور نەکردنە دەکەوێتە قەیرانەوە کاتێک کورد هەوڵ ئەدات بزانێت کە ئەویتر چی ئەکات یان چی ناکات. بۆچی ئێمە ناتوانین درک بە رەفتاری ئەویتر بکەین، یان بۆچی ئێمە بە هەڵە وێنای رەفتاری ئەویتر دەکەین. تەسەورنەکردن بە مانای ئەوەدێت کە توانای ئەوەم نەبوو وێنای بکەن، یان چاوەڕوانی بکەم، یان بە خەیاڵمدا بێت. ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ووردە لە ئاستی تاکی سیاسی و هەروەها کۆدا. بۆچی ئێمە هەڵە دەکەین یان کورت دەهێنین لەوەی بزانین ئەویتر چی دەکات؟ ڕەنگە بەشێکی زۆری وەڵامەکە لە قەیرانی وێناکردنی خۆمان بێت بۆ دونیا، کاتێک خۆت بە هەڵە بینی لە دونیادا ئەوا دونیاش بە هەڵە دەبینیت. کەواتە تەسەورنەکردن بەشێکی نەناسینی خۆمانە و بەشێکی تری نەناسینی ئەویتر.
ئەم پرسە پەیوەستە بە ئاستی ئاگایی لە هەناو سیاسەتی ئێمەدا. مرۆڤی کورد بە گشتی دژ بە کەسی ڕۆشنبیرە، بە زۆری عاشقی سادەیی و ساویلکەیی و گەوجاندنە. ئەمەش دیسانەوە رەگی هەیە لە دۆخی کەلتوری و مەعریفی ئێمەدا. بۆچی ئێمە لە ئاڵۆزی، لە نادڵنیایی، لە هەبوونی زیاتر لە ڕەهەند و ئەگەرێک دەترسین، بۆچی دەبێت هەموو شتێک تاک ڕەهەند و سادە و ئاسایی بێت.
لە بەرامبەر ئەمەدا ئێمە لە ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین و خێرا گۆڕاوترین جێگاکانی دونیادا دەژین. توانای تەسەور نەکردنی ئێمە، یان بە هەڵە تەسەورکردن هەمیشە باجێکی گەورەی دەبێت، کەرکوک و عەفرین هەردوو نمونەی تراژیدین. ئەوەی زیاتر
ئەمە ئاڵۆزدەکات بە شەعبی بوونی سیاسەت و زاڵبوونی پڕوپاگەندەیە بە سەر ڕا و بۆچۆن و مەعریفە و لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفیە لە دونیای سیاسەتی ئێمەدا.
لە سەردەمێک وجێگایەکدا کە توانای ئەوەت نەبێت کە تەسەوری تەسەورنەکراو بکەیت ئەوا هەمیشە لە پاشاوەیت و پاش روداو تێدەگەیت لە روداو، ئەو کاتەش درەنگە.