Draw Media

بایكۆتی مەعریفە...بایكۆتی ئەخلاق

بایكۆتی مەعریفە...بایكۆتی ئەخلاق

2018-04-03 12:52:34


شەماڵ عەبدولوەفا

ئەفڵاتون وا دەبینێت كە فەرمانڕەوا و پاشاكان دەبێت فەیلەسوف و دانابن تا بتوانن دادپەروەری بهێننەدی و بیپارێزن, ئەرستۆی قوتابیش بە پێچەوانەی ئەوەوە دەیوت, گەر فەرمانڕەواكان دانا نەبوون دەبێت دامەزراوەكان هەبێت, تا دادپەروەری بهێننەدی،  ئاخر كاراكتەری دەسەڵاتی هەرێمەكەی ئێوە نەك دانانین بەڵكو كۆمەڵێك پیاوی نەفام و بێ مەعریفەن, لە ڕووی دامەزراوەكانیشتانەوە كە شەرعیترینیان پەرلەمانە سوك و ڕسواتان كردوە. ئیتر بە چیتانەوە دەنازن, بە ئیدارە جوانەكەتان لە عەدالەت, لە پەیوەندییەكانتان, لە 31 ئاب و 16 ئۆكتۆبەرتان, بە برسیكردنی خەڵك, لە زۆری ئاو و كارەبا و مووچە, لە شەفافییەت, لە پاراستنی خاك و خەڵك! یەك شت باس بكەن كە جێگەی شانازیتان بێت, بەڵكو هەمووی شەرمەزارییە, لە فرۆشتنی نەوت, لە دروستكردنی مافیای دەسەڵات و بازاڕ، هەرچی خراپبوو كردتان ئەوەی ئێستا دەتانەوێ بیكەن دوای ڕیفراندۆم فرۆشتنی ئینتیمایە بۆ خاك و نیشتمان و قەزییە, ئێوە ئێستا بە بەرنامە كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئینتیما نەمێنێت, بۆئەوەی ئێران و عێراق و توركیا لێتان ڕازی بێت,  ڕیفراندۆمیشتان بۆئەوە كرد كە ئەوە بكەن كەس هیوای بە قەزییە نەمێنێت, چیتان كرد كردتان بیر لە فرۆشتنی ئینتیما مەكەنەوە, ئێستا بە هەموو هاوكێشەكان دەركەوتووە كە ئێوە پیاوی حوكم و ئیدارەدان نین چونكە ئێوە پیاوی بێ مەعریفەن.
 سوقرات دەڵێت كەس بێ ئەخلاق نییە, بەڵام كە كەسێك بە بێ ئاكار دێتە بەرچاوی خەڵك ئەوە لە بێ مەعریفیەوەیە لە چاوی هەردوولادا, لە چاوی دووەەمی سوقراتیشەوە ئێوە لەبەرئەوەی بێ مەعریفەی سیاسی و ئیداری و.... هتدن،  بۆیە ئێوە نابووت بوون لەڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە, تۆزقاڵێك ئاكاری سیاسیتان نەماوە هەتا وەكو مافیاش دەسەڵاتان بەدەستەوە بێت،  كە كۆمەڵە كەسێك لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی ئیدارەی وڵات دەگرنە دەست, لە كاتێكدا كە لە هەموو ڕوویەكەوە نوشست دەهێنێت شكستدەخوات, ئەوە ئەو گرێبەستە هەڵوەشاوە دەبێت, ئێوە لەو هاوكێشەیەش تێناگەن, گەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنن دەسەڵات تەسلیم ناكەن, دەزانن بۆچی؟ گەر خۆشتان نەزانن ئەوا خەڵك پێتان دەڵێت, هەركەسێك دوای ئێوە بێتە سەر حوكم لێشاوێك, تۆفانێك  لە گومان لە نهێنی خوارو خێچ لە گەندەڵی لە گرێبەستی خەیاڵی لە...هتدتان كردوە, لەسەر هەر یەكێكیان دەبێت دەیان جار دادگایی بكرێن, بۆیە گەر دۆڕاشن بەلاتانەوە زۆر سروشتییە سوپای ئێران و توركیا دەهێننە قەڵا و قەڵاچوالان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئێوەی مافیا, ئەوانیش ئێوەیان پێباشترە لە خەڵكی چونكە ئێوە شكستخوارد و  ملكەچ و سەرشۆڕن!!  بەڵام كە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە, چونكە ئێوە لە چاو دیكتاتۆرە زەبەلاحەكانی دنیا زەڕنەقوتەش نین.
لینین باسی جەندرمەكانی قەیسەری دەكرد لە خۆپیشاندانەكاندا, دەیوت قامچی دەستی ئەسپسوارەكان كە لە ملی خۆپیشاندەرانیان دەسرەواند ڕەقی خۆپیشاندەرانی ئەستور تر دەكرد و تەمەنی زۆردار و ستەمكار كورت تر، دەمانچە و چەقۆی ئێوەش تەمەنتان درێژ ناكات بەڵكو خێراتر كورتی دەكاتەوە حەقە ئەو چەقۆ و دەمانچەیەی دژی خۆپیشاندەران ڕایدەپسكێنن لە پێش 16 ئۆكتۆبەر ئامادەتان بكردایە تا نیشتمان نەدۆڕینن،  ئێستا هاوكێشەكە بەم شێًوەیەیە, خەڵكی بایكۆتی ئێوەیان كردووە, ئێوەش بایكۆتی مەعریفە, ویژدان, ئەخلاقتان كردووە لەپێناو مانەوەی هەردوو بنەماڵەدا هەموو شتێك دەفرۆشن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand