Draw Media

سکاڵاكەی سەرۆک کۆمار لە یاسای بودجە

سکاڵاكەی سەرۆک کۆمار لە یاسای بودجە

2018-04-05 07:44:47


لەتیف شێخ مستەفا 
دوای ئەوەی پەرلەمان یاسای بودجەی پەسەند کرد ، سەرۆک کۆمار گێڕایەوە بۆ پەرلەمان ،ئێمە وتمان ئەو دەسەڵاتەی نیە ، تەنھا دەتوانێ پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵ ، ئێستا یاساکە لە وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوەو چوە بواری جێ بە جێ کردنەوە و ئیعترازەکەی سەرۆک کۆمار پشتگوێ خرا، بۆیە سەرۆک کۆماریش داوایەکی لەسەر یاساکە لەدادگای فیدراڵ تۆمار کردوە و١٤ خاڵی وروژاندوە لە یاساکەدا کە پێچەوانەی دەستورن،من وەک ئەرکێکی یاسایی خۆم بە پێویستی دەزانم ڕونکردنەوەیەکی یاسای و دەستوری لەسەر سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار پێشکەش بکەم بۆ بەرچاو ڕونی خەڵک و ڕای گشتی و بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ئەو خاڵانە ی سەرۆک کۆمار وروژاندونی پێچەوانەی دەستورن یان نا ؟ وە کامیان پەیوەندی بە خەلکی کوردستان ھەیە ، وە بەتەمای چی بن وە بەتەمای چی نەبن ، بەڵام لەبەر ئەوەی وەڵامەکە درێژە ھەوڵ ئەدەم بە سێ بەش یان چوار بەش بڵاوی کەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر حەوسەڵەی خوێندنەوەی ھەبێت . 
بەڵام لەم پێشەکیەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕون بکەمەوە کە سەرۆک کۆمار تانەی لە بڕگە ئەساسی و گرنگەکە نەداوە کە ئەویش کەمکردنەوەی ڕێژەی لەسەدا ١٧ ەکەیە بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا ڕێژەکەی ھەرێم واتە لەسەدا دوانزەکە بەرامبەر تەسلیم کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ھەرێمەوە بۆ بەغدا وەک خۆی دەمێنیتەوە، لە کاتێکدا پێشێل کاریەکی دەستوری زەق ھەیە لە دیاری کردنی ڕێژەی بودجەی ھەرێم لەیاسای بودجەدا کە دەبوە بناغەیەکی بە ھێز بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بەڵام ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆمار و پارێزەرکەی لە سکاڵاکەدا بەلایدا نەچون یان خۆیان لێ لاداوە.


بەشی یەکەم :
١- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە
تانەی لە بەندی سێیەم/ب مادەی ١١ داوە کە دەسەڵاتی داوە بە وەزیری دارایی فیدراڵ فەرمانبەری زیادە لە وەزارەتە دەمج کراوو ھەڵوەشاوەکان بگوازێتەوە بۆ وەزارەتەکانی ، دەڵێ ئەم بەندە پیچەوانەی مادەی ٨٦ ە لەدەستور ، مافەی ٨٦ ی دەستور دەڵێت وەزارەتەکان و دەسەڵاتەکانیان بە یاسا ڕێک دەخرێن ، بۆیە ئەم تانەیە لە لایەن دادگاوە ڕەت دەکرێتەوە ، چونکە بەندی سێیەم / ب لە مادەی ١١ لە یاسای بودجە ھیچ پێچەوانەی ئەو مادەیەی دەستور نیەو ئەسڵەن شتێکی ترە
٢- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە
تانەی لە برگەی ج لە ھەمان مادەی یاسای بودجە داوە کە پێچەوانەی مادەی ٦١ لەیاسای بودجەیە ئەویش ڕەت دەبێتەوە چونکە ئەوە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە ، واتە دژ بەیەک بونی دوو دەقی یاسایەک .
٣- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە 
تانەی لە بڕگەکانی یەکەم و دوەم و سێیەم لە مادەی ١٣ ی یاساکە داوە کە گوایا ئەو بابەتانە ھەمواری یاساکانی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی گرتوە نابێ لە یاسای بودجەدا ئەوە بکرێ ، ئەمەش ڕەت دەکرێتەوە چونکە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە
٤- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە 
تانەی لە بڕگەی ٤ لە مادەی ١٣ لە یاساکەداوە کەوا مخسەسات و دەرماڵەی بەردەستی سێ سەرۆکایەتی و وەزیرەکان و پارێزگارەکانی وەستاندوە ، ئەمەش ڕەت دەبێتەوە چونکە ئیشی دادگای فیدراڵ نیە

بەشی دوەم
٥- ئەمیش پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە 
تانەی لە بەندی پێنجەم ی مادەی ١٣ داوە ، چونکە زاراوەی غەرامەی بەکارھێناوە ، لەسەر ھاوردەکردنی خواردنەوە کحولیەکان ، بە گوێرەی سکاڵاكەی سەرۆک غەرامە سزایە ،دەبوایە زاراوەی تری بەکار بھێنایە، ئەمیش ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت ، دەشێ دادگای فیدراڵی رەتی بکاتەوە ، چونکە غەرامە بەڵێ سزایە ، سزاش بە یاسا دەسەپێنرێ ، ئەم یاسای بودجەیەش یاسایە ، سزاش بەتایبەتی سزای غەرامە یان تەنانەت سزاکانی تریش مەرج نیە ھەر دادگا بیسەپێنێ ، بەڵکو دەیەھا یاسای تایبەتمان ھەیە دەسەڵاتی سەپاندنی سزا بەتایبەتی سزای غەرامەی داوە بە فەرمانبەرانی دەسەلاتی جێبەجێکردن ، وە دەشێت دادگا ھەمان قەناعەتی سەرۆکی کۆماری ھەبێ و بڕیار بدات بەوەی بەکار ھێنانی زاراوەکە نەگونجاوە ، بەڵام ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت ، حەسەن کەچەڵ ، کەچەڵ حەسەن
٦ - پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە ، دوبارە شتێکی شەکلیشە ، دەرەنجامەکەی ھەرچیەک بێت ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت
تانەی لە بڕگەی شەشەمی مادەی ١٧ داوە بەوەی کە زاراوەی سەپاندنی باجی لەسەر شیرینی و بەرھەمەکانی شیرەمەنی و خواردنەوە غازیەکان داناوە بە ڕێژەی لەسەدا بیست و پینج ، بەڕای سەرۆک کۆمار زاراوەی باج ڕاست نیە دەبوایە پەرلەمان زاراوەی« ڕەسم » ی بەکار بھێنایە ، بەڕای من بەکارھێنانی زاراوەی باج نا دەستوری نیە ، بەڵام دەشی دادگا بەڕەئی سەرۆک کۆمار وەربگرێ یان ڕەتی کاتەوە ، بەڵام وەک وتم ھیچ لە بابەتەکە بۆ خەلک ناگۆڕێت
٧-ئەمیش پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە 
تانەی لە بڕگەی ١ ی مادەی ١٨ داوە کە ئەو بڕگەیە دەسەڵاتی داوە بە وەزیرو پارێزگارەکان ڕەسم بسەپێنن ، ئەمەش پێچەوانەی مادەی ٢٨ ە لە دەستوری عێراق کە دەڵێت باج و ڕەسم بە یاسا دەسەپێنرێن ، 
ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر ئیحتیمالی ئەوەی ھەیە دادگای فیدراڵ وەری بگرێت و بڕگەکە ھەڵوەشێنێتەوە ، چونکە فیعلەن بە گوێرەی دەستور سەپاندنی ھەموو باج و ڕەسم و زیادکردنی و کەم کردنی و لێخۆشبونیش لەوەی لەسەریەتی ھەموی دەبێ بە یاسا بێت ، بەڵام دوبارە ھیچ کاریگەری ڕاستەوخۆ ی لەسەر خەلک نیە .
٨- پەیوەندی بە ھەرێمەوە نیە 
تانەی لە مادەی ٣٣ لە یاساکە داوە کە دەسەلاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران داوە دوبارەھەیکەلەی وەزارەتەکان بکاتەوە و بەشەکانیان بخاتە سەر وەزارەتەکانی تر ، بە گوێرەی بۆچونی سەرۆک کۆمار ئەم بڕگەیە سەرپێچی مادەی ٨٦ ە لەدەستور کە دەلێت دروست کردنی وەزارەتەکان و دەسەلاتەکانیان بە یاسا دەبێت ، ھەرچەندە من پێم وایە ئەم بڕگەیە پێچەوانەی دەستور نیە چونکە دوبارە ھەیکەلەی وەزارەکان و لکاندنی بەشەکانیان بە وەزارەتی ترەوە جیایە لەوەی لەمادەی ٨٦ ی دەستوردا ھاتوە ، بەڵام دەشێ دادگا بە بۆچونەکەی سەرۆک کۆمار وەربگرێت دەشێت ڕەتیشی بکاتەوە، بەلام دوبارە بۆ خەلک کاریگەری ڕاستەوخۆت نابێت.

 

بەشی سێیەم 
خاڵەکانی ژمارە ٩ و ١٠ و١١ و١٢ و ١٣ باس ناکەم چونکە یەکەم پەیوەندیان بەھەرێمەوە نیە ، دوەمیش تانەی گرنگ و گاریگەر نین وھاوشێوەی نمونەکانی خاڵەكانی پێشوون بۆیە بڕیاری دادگا ھەرچیەک بێت ھیچ کاریگەری نابێت بۆ ماف و ژیانی خەڵک ، ھەرچەندە پێشم وایە زۆربەی ئەو پێنج خاڵەش سەرپێچی دەستوریان تێدا نیەو دادگا ڕەتیان دەکاتەوە یان دەڵێت ئیختیساسی من نیە بۆیە پێم باش نەبوو وردەکاریەکانیان بڵاو بکەمەوە با خوێنەر ماندوو نەبێت بە شتێکەوە کە گرنگی ئەووتۆی نەبێت 
ئێستا تەھا خاڵی كۆتایی ماوە ئەویش خاڵی ژمارە ١٤ یە ، پەیوەندی بەھەرێمەوە ھەیە ، ئەویش ھەڵدەگرم بۆ نوسینی کۆتایی و بەیانی ئەگەر مقەدەر نەبێت بڵاوی دەکەمەوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand