Draw Media

ئابوریی زوڵم: تێکەڵبوونی ڕێنتی نەوت و جەنگ بەیەکتری

ئابوریی زوڵم: تێکەڵبوونی ڕێنتی نەوت و جەنگ بەیەکتری

2018-04-02 11:14:08


مەریوان وریا قانع 

(٢)

لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا دوو پرسیارەم کرد و بەڵێنم بە خوێنەران دا وەڵامیان بدەمەوە. پرسیارەکان ئەمانەبوون:
ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟
بەبۆچوونی من ئەوەندە بەس نییە بڵێین ئابوریی ھەرێم ئابورییەکی سەرمایەدارییە و ئەوەی ئەم ھێزە سوڵتانییە دەژیەنێت ”سیستمی سەرمایەداریی“ە. ئەم شێوازە لە قسەکردن و نووسین ھێندە گشتگیر و نامێژووییە، ھیچ شتێک لەسەر ھیچ دۆخێکی مێژوویی کۆنکریت ناڵێت. ماقوڵ نییە سیستمی ئابوریی سوید و دانیمارک و نەرویج و ھۆڵەندا بە سەرمایەداریی ناوبنێین و بەوەی ھەرێمیش ھەمان ناو ببەخشین. یان لە باشترین حاڵەتدا پاشگرێکی خراپ و گشتگیریی لە بابەتی ”خۆرھەڵاتیی“ پێوەبنێن و بڵێین سەرمایەداریەکەی ھەرێم ”سەرمایەدارییەکی خۆرھەڵاتیی“ە، بەمەش جیاوازییەک لەنێوان ئابوریی ھیندستان و تونس و مالیزیا و ھەرێمدا نەکەین. بەبۆچوونی من ئەو مۆدێلە ئابورییەی سیستمە سوڵتانییەکەی ھەرێمی لەسەر دروستبووە تێکەڵێکی تایبەتە لە ئابوریی ڕێنت و جەنگ. ڕێنتی فرۆشتنی نەوت و ھاریکاریی دەرەکیی و خاڵە گومرکییەکان، لە ھەلومەرجێکی ناجێگیریی پڕ لە شەڕ و شۆڕ و جەنگیی کورت و درێژخایەنی فرەجۆردا. ئەمەش بەسەریەکەوە ئابورییەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”ئابووریی زوڵم“ ناویببەین. ئابوریی زوڵم چەمکێکی ئینشایی نییە، بەڵکو ناونانێکی کۆنکریتیی ئەو سیستەمە ئابوریەیە کە لە ھەرێمدا دروستکراوە کە مێژوویەکی تایبەتەی ھەیە کە ئەمە کورتەکەیەتی:
کاتێک ھەرێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئازادبوو، ئەو بنکە ئابورییەی کە دروستبوو، بە پلەی یەکەم، رێنتی خاڵە گومرکییەکان بوو کە بەھۆی گەمارۆدانی ئابوریی نێودەوڵەتیی لەسەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین گرنگییەکی گەورەیان پەیداکردبوو. ئینجا ئاودیوکردن و فرۆشتنی بەشێکی گەورەی ئەو ئامێر و کارگە و ئامرازانەی لە کوردستاندا ھەبوون و دەستگرتن بەسەر پارەکانیاندا. دوای ئەوە دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە کارگە و کارخانە کەمانەی لە ھەرێمدا ھەبوون و بەکارھێنانیان لەلایەن دوو پارتە باڵادەستەکەوە و دواتریش فرۆشتنەوەیان بە کەسانی ناو ئەو پارتانە، یان بە کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. ئەم ڕێنتخۆرییە وایکرد لەسەر دابەشکردنی داھاتی گومرکەکان، بەتایبەتی گومرکی ئیبراھیم خەلیل، جەنگێکی چەند ساڵە لەنێوان پارتیی و یەکێتیدا دروستببێت. لە گەرمەی ئەم جەنگەشدا فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی یاساغ و زۆرجار لەڕێگای دەستتێکەڵکردن لەگەڵ بەعسدا ھاتەکایەوە. ئەم دۆخە تا بەرپابوونی جەنگی خستنی سەدام حوسەین و دروستبوونی دۆخێکی نوێ کە تیایدا سەرجەمی ئەو بونیادە ئابورییە تاڵانکارەی دروستکرابوو چەندانجار گەورەتر و بەھێزتر دەبێت، بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی لۆژیکی دابەشکردنی داھات گۆڕانی بەسەردا بێت. دوای کەوتنی سەدامیش جەنگ دژ بە تێرۆر و جەنگ دژ بە ئەمریکا و جەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان لە عێراقدا بەرپابوو، کە ڕەھەندێکی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی گەورەی وەرگرت و لەناویشیدا بازرگانی نەوت گەورەتر و چالاکتربوو. لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشدا بڕی ئەو تاریکیی و نھێنییانەی کە لەسەرەتاوە لە دەوری ئابوریی ھەرێم لە ئارادابوو، بە دەیان و سەدان جار گەورەتر بوو. ھاوکات بڕی خراپبەکارھێنان و بردن و دزین و گەندەڵیکردن بە ڕێنتی نەوت و خاڵە گومرکییەکانەوە چەندەھا جار گەورەتر و ترسناکتر بوو. لەگەڵ ھاتن و بەرپابوونی جەنگی داعشیشدا ئابوریی نەوت بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی مافییایی و مەسەلەی دزین و شاردنەوە دەچێتە ئاستێکی ئەفسانەییەوە. وەک دەبینین جەنگ بەشێکی دانەبڕاویی ئەم ئابورییەیە، لەڕاستیدا جەنگ لەزۆر ساتەوەختدا وەک لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم سیستمە ئابورییە ئامادەبووە و کاریکردوە. ئەوەی بەدەستھاتوە بە زۆر و بە فشار و بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی و کوشتن و بڕین بەدەستھێنراوە. 
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو دەبینین. پێشمەرگە و پیاوە چەکدارەکانی سەردەمی شاخ و سەردەمی بەعس دەبن بە سەرمایەدارە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەین. بەمەش ئەو شێواز و مۆدێلەی خاوەنپارە و سەرمایەدار کە پێشتر لە دونیای ئێمەدا لەئارادابوو گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھات. زۆرێک لە نوخبە سەرمایەدارە کۆنەکە پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکی خۆیان لەدەستئەدەن و لەپاڵیاندا نوخبەیەکی نوێ دروستدەبێت کە لەناو سیاسەتەوە دێنە ناو ئابوریی. وەک وتیشمان ئەم نوخبە تازەیە ڕێنتی نەوت و ڕێنتی خاڵە گومرکییەکان و بازرگانی قاچاغ دروستیاندەکات. ڕەنگە ھیچ شتێک ھێندەی کوشتنی عەلی بۆسکانی، پارەدار و سەرمایەداری قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین، ھێما بۆ ئەم جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتییە نەکات. کوشتنی عەلی بۆسکانی و دروستبوونی کەسانی وەک ئاشتی ھەورامیی ھێما بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەێییە گەورەیە دەکات کە ئابوری زوڵم لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستیدەکات. ئابوریی زوڵم کورتدەبێتەوە بۆ ئابوریی ناو جانتە داخراوەکەی ئاشتی ھەورامیی، ئابورییەکە لەناو ئەو جانتایەوە ئیدارەئەدرێت نەک لەسەر ئەرزی واقیع و لەڕێگەی کردەی بەرھەمھێنان و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی یاسایی و ئاشکراوە. ئەمە وادەکت گرنگ نەبێت ئاشتی ھەورامی لە ھەولێر دانیشێت یان لە شوێنی تر، لە تەنیشتی سەرە گەورەکانی ناو ھەرێمەوە بێت، یاخود بەخۆی و جانتاکەیەوە لە لەندەن یان ئەستنەبوڵ یان لە نەمسا نیشتەجبێت. ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی کە ئەم پیاوە نوێنەرایەتیی دەکات، سەرمایەداریی دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەیە، کە لەناو جانتایەکی بچووک و بەھۆی لەپتۆپێکەوە تێکەڵ بە دونیایەکی گلۆبالی بووە. 
لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم ئابورییە نوخبەیەکی سیاسیی دروستکرد کە سیستمەکەیان بەرەو بە سوڵتانیکردنێکی سیاسیی تەواو برد، پێگە ئابورییە بەھێزەکانی وڵاتەکەیان بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداو و پێگە سیاسییە گرنگەکانیشیان لەدەستی چەند کەسایەتیی و خێزانێکی کەمدا کۆکردەوە. ئەم نوخبە سوڵتانییە دەستی خستە ناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی دونیای ئێمە و چەندەھا گروپی ”موفەزەل“ و ”باوەڕپێکراو“ و خاوەن ”وەلای ڕەھا“ی دروستکرد. ئەم ئابورییە کە ڕێنت و جەنگ دروستیکردوە، ئابورییەک نییە دەوڵەت یان حیزب بەڕێوەیببات، یان تەعبیر لە جیھانبینیی یان عەقڵیەتێکی دەوڵەتیی و تەنانەت حیزبیش بکات، بەڵکو ئابورییەکە نوخبەیەکی سوڵتانیی بچووک بەڕێوەیدەبات کە گرێدراوە بە چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ھێزی ئیقلیمیی و بەشە یاساغ و گەندەڵەکەی ئابوریی جیھانییەوە. بە لۆژیکێکی مۆنۆپۆڵخواز و لە غیابی ھەر لێپرسینەوەیەکی یاسایی و سیاسیشدا کاردەکات. لەناو ئەم تاریکاییە گەورەدایەدا ئەم نوخبە سوڵتانییە چەندان دەزگای سەرکوتکرنی دروستکردوە، چەندان دەزگای میدیایی مێشکشۆر و پڕۆپاگەندیستی دروستکردوە، کۆمەڵگاشی بە کردەوە بێئیش و بێکار و بێئایندە کردوە. ئەم ئابورییە ئابوریی جەنگە و لەدۆخی ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیدا ناتوانێت بە ھەمان لۆژیک بەردەوام بێت. ئەم ئابورییە بۆ مانەوەی پێویستیی بە نائارامیی و جەنگ و پشێویی بەردەوام ھەیە، ھەروەھا پێویستی بە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و ترساو و نائومێد ھەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand