Draw Media

ئایندەی كـورد لە سوریا

ئایندەی كـورد لە سوریا

2018-04-05 20:01:42


سەرتیپ جەوهەر 

ئەمریكا ناكشێتەوە بەڵكو گـوشاری زیاتر دروستدەكات

لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا بارودۆخێكی نوێی لەناوچەكە دروستكرد، لێكدانەوەی قسەی زۆر لەبارەی ئەو لێدوانە دەكرێت و هاوكات جموجۆڵێكی نائاسایی هێزی سەربازیی لەدەریای ناوەڕاست و ناو سوریا دەستی پێكردووەو فەرەنسییەكان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هێزێكی ئێجگار زۆریان هێناوەتە رۆژئاوای كوردستان، لێدوان و دڵنیاكردنەوەكانیش لەپێناو هێوركردنەوەی ئەو مەترسیەیە كە لەرۆژئاوای كوردستان دروستبوە.
بەهۆی ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا بارودۆخێكی دەروونیی زۆر خراپ بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردو دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان دروستبوە، لەوە دەترسی هەمان ئەزمونی عەفرین و كەركوك دوبارە ببێنەوەو روبەڕووی واقعێكی خراپ ببنەوە، چونكە لەو بڕوایەدان ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە ئەوا زەمینە لەبار دەبێت بۆ هێرش و پەلاماری توركیاو هاوپەیمانەکانی.
هەر بەهۆی ئەوهەڵسوكەوتەی ئەمریكا كە ماوەیەكە هەستی پێدەكرێت، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێرشەكانیان بۆسەر چەكدارانی داعش لەخواروی سوریا ماوەیەكە راگرتووە، ئەمەش وەك گوشارێك هەم بۆسەر ئەمریكاو هەمیش بۆسەر ئەوروپا تاوەكو رێگری لەپەلامارو هێرشەكانی توركیاو هاوپەیمانەکانی بكەن.
بەپێی زانیارییەكانیش تیرۆرستانی داعش لەناوچەكانی خوارووی دێرزۆرو ئەلبوكەمال، ژیاونەتەوەو هێشتا ژمارەیەك گوندو چەند شارۆچكەیەكیان بەدەستەوەیە، ئەوەش ئەگەری دوبارە ژیانەوەو پەلاماردانیان زیاتر كردووە.
هەر لەبارەی ئەو لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا قسەو باسی زۆر لەمیدیای جیهانیی و ناوچەكە دەكرێت، هەریەكەو لەسوچێكەوەو لەلایەكەوە لێكدانەوەو تەفسیری جیاوازی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجەو پێویستە قسەی لێبكرێت، ئەوەیە دوای لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هیچ لێدوانێكی تەئكیدكردنەوە یان شیكردنەوە لەلایەن هیچ كەسێكی ئیدارەی ئەمریكاو وەزارەتی دەرەوەو پێنتاگۆنەوە دەرنەچووە، ئەمەش ئەو گومانەی زیاتر كردووە كە پێناچێت ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ ئەگەری زۆر لەپشتەو پێویستی بەشیكردنەوەی زیاتر دەبێت.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا لەسەر زاری سەرۆكی ئەو وڵاتە ناوچەكەو چاودێرانی سیاسی توشی جۆرێك لەڕامان كردووە، لەلایەك لێدوانێك بەو شێوەیە لەسەر زاری سەرۆكی ئەمریكا، جیاوازە لە لێدوانێك لەزاری هەر بەرپرسێكی دیكەی واشنتۆن، لەلایەكی دیكە مەنتقی سیاسی و سەربازیی ئەوە رەتدەكاتەوە ئەمریكا دوای ئەو هەموو خەرجیی و دڵنیاكردنەوەیە، لەپڕ بەلێدوانێك و بەبێ‌ بڕیاردانی دامەزراوەكانی بڕیاردان بەتایبەت كۆنگرس، هێزەكانی لەسوریا بكشێتەوە.
هەرچۆنێك بێت قسەی زۆر لەسەر ئەو لێدوانە هەڵدەچنرێت، بەڵام دیارترین ئەو ئەگەرانەی لەپشت لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكادان بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەكەم: یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە، ئەمریكا دەیەوێت خۆی لەئیحراجیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا دەربازبكات و فەرەنسا بێنێتە ناو بارودۆخەكەو رێگەی پێبدات هێزی سەربازی بێنێتە مەنبەج و رۆژئاوای كوردستان و ئەگەری روبەڕوبونەوەی هێزەكانی ئەمریكاو توركیا دوربخاتەوە، بەوپێیەی توركیا هەم هاوپەیمانی ئەمریكایە و هەمیش بەرژەوەندیی گەورەی ئەمریكا لە توركیا هەیە.
دووەم: ئەمریكا بیەوێت بەم لێدوانە وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیەو ئیمارات ناچار بكات سازشی زیاترو پارەی زیاتر بدەنە ئەمریكا، لەبەرامبەر نەكشانەوەیان لە سوریا، لێدوانی جێنشینی سعودیە لەوبارەیەوە كە وتی پێویستە ئەمریكا بمێنێتەوە، ئاماژەیەكی روون بوو كە سعودییەكان ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی مانەوەی ئەو هێزەی ئەمریكا لەسوریا بكەن.
سێیەم: یەكێكی دیكە لەئەگەرە بەهێزەكان ئەوەیە، ئەمریكا دەیەوێت بەبەشداریپێكردنی زیاتری ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتەو هێنانی هێزی ئەوروپییەكان بۆ سوریا، پەیوەندییەكانی نێوان روسیاو ئەوروپا ئاڵۆزتر بكات، نەخاسمە بەهۆی ژەهرخواردكردنی جاسوسە دووسەرەكەی لەبەریتانیا گیانی لەدەستدا، هاوكات پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەوروپا-ش زیاتر ئاڵۆز دەبێت، نەخاسمە هێزی فەرەنساو ئەوروپییەكان لەمەنبەج بەئاشكرا روبەڕووی هێزەكانی توركیاو تیرۆرستانی ئیسلامیی دەوەستنەوە، بەئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی ئەوروپاو ئەمریكا ئەوەندەی دیكە ئابوری توركیا خراپتر دەبێت، ئەو ئەگەرەش لەرۆژانی داهاتوو زیاتر دەردەكەوێت، نەخاسمە ئەگەر توركیا هێزی زیاترو ئاڵۆزی زیاتر لەناوچەكە دروستبكات.
چوارەم: باكوری سوریا، یان رۆژئاوای كوردستان بەپێی دابەشكردنی رێككەوتننامەی سایكس بیكۆ، ناوچەیەكی فرەنسیی بووە، دروستكردنی شاری قامیشلۆ لەسەر دەستی فرەنسییەكان لە 1926 باشترین بەڵگەیە كە رۆژئاوای كوردستان ناوچەی نفوزی فرەنسایە، ئێستا ئەمریكا دەیەوێت بەبەشداری پێكردنی ئەوروپییەكان لەنفوزو دەستكەوتەكان لەناوچەكە، گوشاری زیاتر هەم بۆسەر روسیاو هەمیش بۆسەر توركیا زیاتربكات و جۆرێك لەسەقامگیریش بۆ بەرژەوەندی و نفوزی خۆی دروستبكات، نەخاسمە.
هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترامپ لێكەوتەی دیكەی بەدواوەیە، دیارترینیان روبەڕوكردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا وەك بەرەیەك و هەریەكە لەتوركیاو روسیایە لەبەرەیەكی دیكەدا، ئەمەش وادەكات هەردوو وڵات ئەوەندەی دیكە تەنها و بێ‌ پشتیوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی.
ئەو زانیارییانەی ئێستا بەردەستن لەبارەی بونی هێزەكانی ئەمریكا لەرۆژئاوای كوردستان و قەبارەی ئەو هاوكارییانەی بەردەوام رەوانەی ئەوێ‌ دەكرێن، ئەوە دەخەنە روو كە ئەمریكا بەئاسانی و بەمزوانە لە سوریا ناكشێتەوە، بەڵكو ئەو دابەشبونەی سوریا بۆ بەری رۆژهەڵاتی فورات و رۆژئاوای فورات، لەلایەن ئەمریكاو روسیا جۆرێك لە رێككەوتنی لەسەركراوە، ئەمریكیەكان خەرجییەكی ئێجگار گەورەیان لەرۆژئاوای كوردستان كردووە، ئاسان نییە، ئێستا بەبێ‌ هیچ بیانوو یان ئامادەییەك هێزەكانیان بكێشنەوەو ئەو ناوچەیە بۆ روسیا و توركیا جێبهێلن!
هەرچۆنێك بێت سوریا بۆتە مەیدانی بەیەكدادانی ئەوانەی خاوەنی بەرژەوەندی گەورەن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قۆناغێكی نوێ‌ لەململانێی ئەوروپاو ئەمریكا لەلایەك و روسیا لەلایەكی دیكە دەستی پێكردووە، ئەوەی جێی سەرنجە هەڵسوكەوت و سیاسەتی توركیا لەو نێوانەدا، كە ئەگەری زۆر هەیە ئەنجامەكەی بارودۆخێكی خراپ بێت بۆ ئەو وڵاتە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand