ئەی تەگبیر!
2022-09-19 12:28:39
ئارام سەعید
ژیان بەبێ هیوا دەبێتە دۆزەخ، وەک دوستۆیفسکی دەڵیت " کاتێک بێ هیوا دەبین وەک ئەوەیە ژیان بوەستێت" لەهەمان کاتیشدا ناکریت پشت ببەستین بە بەڵێنی درۆ و وەهمی سیاسییە بێ ئومیدەکان وەک ئەوەی لە کوردستان دەیبینین. دەبێت بپرسین دوای ئەو هەموو هەڵبژاردنەی سی ساڵی رابردوو ئایا حکومەت گوێ لە هاوڵاتی ئەگرێت؟ هەر هەڵبژاردنێک دەکرێت رێژەی دەنگدان دادەبەزێت ئایا کەمبونەوەی بەشداری لەدەنگدان کاری کردۆتە سەر سیاسەتی حکومەت و پێداچونەوە؟ ئایا ئەو ئامرازە باشە کە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن ناکات؟ دەتوانێت کاریگەربێت؟
لەم نێوەندەدا یاریکردن بەهەست و سۆزی جەماوەر هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک نابێت جگە لە دواخستنی ئەو ئومێدەی بەگۆڕانکاری راستەقینە هەیە.. راپەرین و خەباتی چەندین ساڵەی کورد لە دژی حوکمڕانەکانی عێراق و دەسەڵاتی بەعس بۆ ئەوە نەبوو کە خزمەتگوزاری خراپە، موچە دوادەکەوێت، کارەباو ئاو خراپە، کەرتی تەندروستی و پەروەردە خراپە، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە ئازادی نەبوو، رژێمێکی دیکتاتۆر بوو، فرەحزبی نەبوو، بەڵام ئێستا هەمووی پێکەوە خراپەو رۆژ بەرۆژ ئازادییەکان بەرتەسک دەکرینەوەو هەڵبژاردن دوادەخریت و تەزویر دەکرێت و لەسەر شەقامەکان شەق دەوەشێنرێت...
ئەوکاتەی حزب دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەک یان گروپێک ئیتر پەیوەندی نێوان دەنگدەرو حزب تەواو لاواز دەبێت و دەپچڕێت، بەمەش ریژەی بەشداری هاوڵاتی لە دەنگداندا دادەبەزیت و کەس بڕوای بە سندوقەکانی دەنگدان نامێنیت وەک ئەوەی لەدوا هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق رویدا، ئەوەی جێی داخە ئەوەش هەر لەبەرژەوەندی ئەوانەیە کە دۆخی ئەمڕۆیان دروستکردووەو ژمارەی دەنگدەر کەم دەبێتەوەو ژمارەی کورسی پارلەمانی ئەوان وەک خۆیەتی.
بەداخەوە بە سەردەمێکی زۆر تاریکدا تێپەڕ دەبین کە لەمێژوی هەرێمی کوردستاندا تاریکترینیانە، و هاوڵاتی کاتێک سەرنجی هەواڵەکان دەدات و سەیری تەلەفیزیۆن و سۆشیال میدیا دەکات بەئاسانی ئەو سیاسیانە دەبینێت کە خیانەت لە متمانەی خەڵک دەکەن، جا ئیتر پارلەمانتار بێت یان ئەندامی ئەنجومەن یان شارەوانی، یان سەرکردە سیاسییەکانی سەرەوەی حزب، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن خەڵکەوە دەنگیان پێدراوە یان ئەندامانی حزب دەنگیان پێداون، ئەوانە زۆر زیاتر بێزراو دەبن، هەلسوکەوتیان وا دەکات هاوڵاتی رقی لە حزبی سیاسی بێتەوەو متمانەیان نەمێنێت. بەگشتی ناشرینیی مامەڵەو خۆپەرستی هەندێک سیاسی کارێک دەکات مرۆڤ سیاسەت بە بیزراو بزانێت و وەک یاریەکی ناشرین لێی بروانێت....ئەمانە بێ ئومێدین بەڵام رەشبینی نیە!
هەربۆیە حزبە سیاسییەکان ئەوانەی رەگ و ریشەی قوڵیان هەیە لە کۆمەڵگادا پیویستە چالاک بن و ئەو دابرانەی تێیکەوتون چارەسەری بکەن چونکە ئەوکاتەی دەنگدەران وەک دوژمن سەیری پارتە سیاسییەکان دەکەن بێ ئومێدی گەورە سەرهەڵدەدات و دواتر لەو بێ ئومیدییەوە هێزی تازەو جیاواز، هەوڵ دەدەن بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە هەرچەندە لەسایەی دەسەڵاتی سیاسی ئەمرۆدا پێناچێت سندوقەکانی دەنگدان بتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، ئەگەر سندوقەکانی دەنگدان نەیکرد ئەوکات شەڕ وتوندوتیژی هێزێکی باشتر لەمەی ئێستا ناهێنێتە بەرهەم.
سەرۆکی پێشوی پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی و باشوری ئەفریقا جاکوب زوما لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا بەڵێنیدا بە دامەزراندنی شەش ملیۆن کەس و دروستکردنی پێنج ملیۆن خانوو بۆ هەژاران، کە بەهیچ شێوەیەک نە ئەو بودجەیە هەبوو نە تواناکەش، چاوەڕوان بن گویتان لە چەندین بەڵێنی وا ببێت پێش هەڵبژاردن.
لەکۆتاییدا ئایا هیچ ئومێدێک هەیە بە گۆڕانکاری ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی لەکاتێکدا هەمان نەخۆشییەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەربۆتە گیانی ئەوانەشی دژی دەسەڵاتن، ئەوانیش سکرتێرو سەرۆکەکانیان دەیانەویت بۆ ئەبەد سەرۆک و سکرتیر بن، ئەی تەگبیر!