Draw Media

عێراقی دوای شیوەنە گەورەکە

عێراقی دوای شیوەنە گەورەکە

2022-09-17 15:09:39


هیوا سەید سەلیم

ئەگەر چاوێک بە مێژووی ناوچەکە دابخشێنینەوە، بە تایبەت مێژووی سەردەمی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلام، دەبینین کە دوای مەرگی دوایین پێغەمبەری موسڵمانان، هەمیشە شەڕو ئاژاوە لەسەر دەسەڵات دروستبووە، بەشێوەیەک کە زۆربەی زۆری ئەوانەی دوای پێغەمبەر دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، بە مردنی ئاسایی خۆیان نەمردوون، بگرە بەدەستی کەسانی نزیک لە خۆیان کوژراون، بەڵام ناکۆکی گەورە زیاتر لەدوای معاویە کوڕی ئەبوسفیان تەقینەوە، کاتێک حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی ئامۆزای پێغەمبەر ئامادەنابێت دانبنێت  "بەیعەت بدات" بە دەسەڵاتی یەزیدی کوڕی معاویە، هەر ئەو هەڵوێستەی حوسێن دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی کە  لە ١٠ی عاشورای ساڵی ٦١ کۆچی لە کەربەلا بەدەستی برا موسوڵمانەکانی بکوژرێت.

شایانی باسە، عێراقی ئەو سەردەمە، هەمیشە مەملەکەتی شەڕو ناکۆکیەکان بووە، لە ئێستاشدا کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە تا ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن کۆتایی بێت، ئەو بۆنەیەی کە ساڵانە شیعەکان لەسەر ئاستی جیهان لە یادی شەهیدکردنی ئەو کەسە ئازیزەیان لە کەربەلا کۆدەبنەوە، شیعەکان لەو رۆژەدا لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەت لە ئێران و شارەکانی دیکەی عێراق، ڕوودەکەنە شاری کەربەلا، ئەو شارەی کە ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا خوێنی حوسەین تیادا ڕژا.

یادی شەهیدبوونی حوسێن، لەلای پێکهاتەی شیعە یادێکی زیندووە، لەو رۆژەدا شیعەکان ناکۆکیەکانیان وەلادەنێن، بەیەکەوە شیوەن بۆ مەرگی حوسێن دەگێڕن. ئەمساڵ ئەو بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکیەکی قوولی نێو ماڵی شیعە لە عێراق، ناکۆکیەک کە چەند رۆژێک پێش ئەو بۆنەیە گەیشتە ئاستی پێکدادانی سەربازی، ئەویش بە هۆی ئەوەی لایەنەکانی ناو ماڵی شیعە ئامادەی رێکەوتن و سازن نەبوونە لە ناوخۆیاندا، وەک چۆن حوسێن لەسەردەمی خۆیدا دانی نەنا بەدەسەڵاتی یەزیدی کوڕی معاویە، لە ئێستاشدا شیعەی مەزهەب ئێرانی و عێراقی شەڕیانە لەسەر دەسەڵات و ئامادەنین دان بە یەکتری دابنێن.

شایانی باسە، لە عێراق ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران تێدەپەڕێت، ئەو هەڵبژاردنەی کە نێو ماڵی شیعەی بەسەر دوو بەرەی ناکۆک دابەشکرد. بەرەیەک کە لە لایەن رەوتی سەدر سەرکردایەتی دەکرێت، گوایە دژی دەستوەردانی ئێرانیە، بەرەی بەرامبەریش کە لە چەند لایەنێکی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پێکدێت و ئێران پشتیوانیان لێدەکات.

درێژە کێشانی قەیرانی پرۆسەی سیاسی عێراق و بەتایبەت ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو بەرەیەی نێو مالی شیعی، وا دەکات کە  دوای مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن گۆرەپانی سیاسی عێراق گەڕێکی دیکەی ململانێکان بە خۆیەوە ببینێت.

بە خوێندنەوەمان بۆ هەڵوێستەکانی ساڵی ڕابردووی رەوتی سەدر، تێدەگەین کە سەدر موكڕە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها پەنابردنە بەر هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ڕەوتە هیچ چەکێکی یاسایی و دەستوری لەدەست نەماوە جگە لە کارتی فشاری جەماوەری نەبێت. بەڵام وەک دەزانرێت، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەستوری عێراق، رێوشوێنی یاسایی بۆ داندراوە، کە خۆی لە ماددەی ٦٤ی دەستور دەبینێتەوە، بەڵام رەوتی سەدر بە کشاندنەوەی ئەندامانی لە پەرلەمان ئەو چەکە دەستوریەی لەدەستداوە.

هەر بۆیە دوای کشاندنەوەی پەرلەمانتارانیان، سەدرییەکان پەنایان بۆ دادگایی فیدڕاڵی برد، داوایان لە دادگا کرد کە بڕیاری هەلوەشاندنەوەی پەرلەمان دەربکات، بەڵام کاتێک لە دادگاش وەلامێکی ئەرێنی وەرناگرن، سەدر ئەمجارەیان بۆ پەکخستنی پەرلەمان داوای کشانەوەی لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سونەکانی هاوپەیمانی دەکات.

شکستی رەوتی سەدر لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە پێشتر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دابووی، ئەوەمان پێدەڵێن کە پێناچێت موقتەدا سەدر وا بە ئاسانی دەست لە  هەوڵەکانی بۆ پەکخستنی پەرلەمان هەڵگرێت.

 دوایین پەیامی رەوتی سەدر کە لەسەر زاری بەرپرسێکی ڕەوتەکەی بڵاوکرایەوە بریتی بوو لەوەی کە  ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت تەنیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی کۆببێتەوە، نابیت هیچ هەنگاوی دیکە بنێت، مەبەستی سەدر ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانە نابێت تەمەنی درێژە بکێشێت، وە کار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو متمانەدان بە کابینەی تازە بکات.

ئەو دوو رۆژە شیوەنی چلەی ئیمام حوسێن کۆتایی دێت، شیعەکان لە کەربەلا دەگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، لە بەغدا بەرپرسە ئەمنییەکان لە هەوڵی توندوتۆڵکردنی دەروازەکانی ناوچەی سەوزدان، خەریکی دانانەوەی کۆنکریتە ڕووخاوەکانن، کە سەدرییەکان روخاندبوویان،  جارێکی دیکە لە نێو سەدرییەکان باس و خواسی هەڵکوتانە سەر پەرلەمان گەرمە، بەتایبەت ئەگەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کار بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن بەبێ ڕێکكەوتن لەگەڵ موقتەدا سەدر.

لە بەرامبەر ئەمەشدا هەوڵی زۆر هەیە کە لە نیوانی شیعەو شیعە خوێن نەڕژێت، ئەوەی لە دۆخەکە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە دوایی شیوەنی حوسێن گۆڕنکاری تازە ڕوودەدات، بەکام ئاڕاستە دەبێت هێشتان ڕوون نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand