ئەگەر بە لینین و پوتین سەرسامیت!
2022-09-18 12:51:22
د. دانا حهمهعهزیز
بەر لەوەی سەرسام بیت بە روسیای پوتین و بە لینین و یەکێتی سۆڤێتی جاران، گرنگە رێکكەوتننامەی قۆنستەنتینپۆڵ "Constantinpole" بخوێنیتەوە. ئەم رێکكەوتننامەیە نهێنی بوو، لە بەهاری ١٩١٥دا لەنێوان فهرەنساو بهریتانیاو روسیای قەیسەریدا ئیمزا کرا. بە کورتی بەپێی ناوەڕۆکی رێکكەوتننامەکە، تەواوی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لەنێوان ئەم سێ وڵاتەو ئیتالیاو یۆناندا دابەش دەکرێت و نیشتمانی تورکەکان لە هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ زیاتر نابێت. یۆنان پشتیوانی رێکكەوتننامەکەی کردو داوای ئەستانبوڵی کرد، بەڵام روسیا ڤیتۆی دژی یۆنان بەکارهێناو بەوپێیە تەوای پارێزگای ئەستانبوڵ لەکاتی شکستی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا دەبێتە موڵکی روسیا، لەبەرامبەردا فەلەستین و سوریاو ئادەنا بۆ فهرەنسا، عێراقی ئێستاو بەشێکی تورکیای ئێستا بۆ بهریتانیا، بەشێکیش لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ناوەڕاستی تورکیای ئێستا بۆ ئیتالیا بەشێکی باشیش لە خۆرئاوای تورکیای ئێستا بۆ یۆنان دەبێت. شوێنە پیرۆزەکانی عەرەبستانی سعودی ئێستاش لەژێر دەسەڵاتێکی بێ لایەندا دەبێت.
ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کە کۆمۆنیستەکان بە سەرکردایەتی لینین حکومەتی قەیسەری روسیایان ڕوخاند، یەکسەر لە ریکكەوتننامەی کۆنستەنتینپۆڵ کشانەوەو تەواوی نهێنییەکانیان دا بە تورکەکان. لەبەرامبەردا بەناوی دژایەتی ئیمپریالیزم و سەرمایەداریییەوە، لەبەرەکانی جەنگ لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کشانەوەو کەوتنە دژایەتیکردنی فهرەنساو بهریتانیا، تەنانەت هیچ نرخیکیان بۆ ئەرمەنەکان دانەنا کە بەهۆی پاڵپشتی ئەوانەوە جینۆساید کرابوون.
نۆڤەمبەری ساڵی ١٩١٨ بەریتانییەکان چونە ناو ئەستەنبوڵ و داوایان لە روسیا کرد بێت حوکمی بکات، بەڵام لینین نەك ئەوەی نەکرد بەڵکو لەڕیگەی هاوسۆزیی لەگەڵ کەمال ئەتاتورك، دژایەتی تەواوی خۆی بۆ بهریتانیاو فهرەنسا راگەیاندو بهریتانیای ناچار کرد وتوێژ لەگەڵ ئەتاتورک بکات و سەرئەنجام ئەم تورکیایەی ئێستا دروست ببێت.
لەوکاتەوە، هێزو قورسایی تورکیا وەك پاسەوانی دەریای ڕەش، لەسەر شەڕەنگێزی روسیایە، مەترسی هەڕەشەو دەستدرێژیی مۆسکۆ نەبێت، تورکیا ئەو نرخەی نیە لای ناتۆو ئەوروپاییەکان. وەك ئایزنهاویر لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا وتوێتی، بەرزیی نرخی تورکیا لە بوونی مەترسیەکانی سۆڤێت و روسیادایە بەرامبەر ئەوروپاو نابێت ڕێگە بدرێت تورکیا ببێتە هاوپەیمانی سۆڤێت.
ئێستاش خێری ئانکەرە لە شەڕدایە، گەورەترین سودمەندی گەورەی شەڕی ئۆکرانیاو گێچەڵی پۆتین بە ئەوروپا، تەنها تورکیاو ئەردۆغانە، هیچ شتێکیش بێ بەرامبەر نیە، کاتێك پوتین ناگۆرنی کارەباخ لە ئەرمەنەکان دەسەنێتەوەو لەسەر دەستی ئەردۆغان پێشکەشی تورکە ئازەرییەکانی دەکات، کاتێك شارێکی گەورەی وەك عەفرین بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی میدیایی تەسلیم بە ئەردوغان دەکات، چاوەڕێی پاداشتە، پاداشتیش تەنها بە هەرزان فرۆشتنی بۆرییە نەوتەکەی کۆمپانیای کاری بارزانی بە ڕوزنەفتی پوتین تەواو نابێت!