من- فێمینیستم

Draw Media

2022-09-22 10:52:55



چۆمان ھەردی

من فێمینیستم! دوژمنی پیاو نیم بەڵکو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم کە ئیمتیازو ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژو چەوسێنەرەکان دەپارێزێت بەڵام لەھەمان کاتیشدا پیاو بار دەکات بەکۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆزو میھرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنھا لە پیاو پێکنەھاتووە بەڵکو ژنانێکی زۆریش تیایدا بەشدارن.

من فێمینیستم! کێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێک ژنێکی پێگەیشتوو ئازادانە ھەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو ھەوڵانە دەبمەوە کە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبکەن. باوەڕم بەوەیە کە ژن، ھەروەک پیاو، بونەوەرێکی ھۆشمەند، بەتواناو خاوەن عەقڵ و بەھرەیەو دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەک کەس و لایەتی تر.

من فێمینیستم! باوەڕم بە یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراسیەتە. ئەو دیموکراسیەتەی کە جێگەی کەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە کە تەنھا ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی ھەیە، باوەڕیشم بەوە نییە کە تەنھا یەک جۆر ئیمانداری ھەیەو ئەویش ئەوەیە کە گروپەکەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو ھێزە ئیسلامییەکاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری ھەیە، بۆیە کەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا بسەپێنی.

من فێمینیستم! باوەڕم بەوەیە کە کۆمەڵگا بە ئامێزانکردنی جیاوازییەکانەوە جوانە نەک سەرکوتکردنی. باوەڕم بەوەشە کە ھەر ھێزێک بیەوێت جیاوازییەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەکڕەنگ بکات ئەوا ھێزێکی مەترسیدارە کە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەمانبات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand