Draw Media

کۆنگرەی پارتی لە نێوان ڕاوچی و نێچیردا.

کۆنگرەی پارتی لە نێوان ڕاوچی و نێچیردا.

2022-09-22 07:48:32


بەختیار نامیق .
بە گشتی دوای ململانێی سەرکردەکانی شۆڕشی شاخ هەر لە برا کوژی و هەوڵی یەکترسڕینەوە و ڕێککەوتن و ئاشتی و شەڕەوە تا ئێستا دۆخ و قۆناغێک بوە ، هەرێمی کوردستان لە غیاب و مردنی ئەم سەرکردانەدا دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە ، کە بە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵات دێ لە سەرکردە پلە یەکەکانەوە بۆ نەوەکانیان ، ئەگەر چی هەر وەکو ئێستای دوو زۆنی لە شاخیشدا هەردو بەرەکە ( ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ سڕینەوەی یەکتر پەنایان بۆ وڵاتان و شەیتانەکان بردوە ، شەڕی برا کوژی و ئەو هەمو خوێنە شاهیدی ئەم ڕاستیەن ، ئەم دوو هێزە دوای شۆڕشی شاخ لە شارەکاندا بونە ستراتیژی پاشکۆیەتی تاران و ئەنقەرە وەک چۆن لە مێژودا هەر وابوە ، ئێران و تورکیا بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان و ئەمری واقع ڕازی بون بە خۆبەڕێوەبەری هەردو زۆنەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە گرێدراوەکانی نێوان خۆیاندا ، تا ئەو ئاستەی لە نێوان عێراق و سوریاشدا ئەم دابەشکاریە هەیە .

پەنا بردنە بەر شەیتان گواسترایەوە بۆ نەوەکان و خیانەتی قورستری لێکەوتەوە ( خراپیان بە خراپ چارەسەر کرد) ئەم دوو هێزە ئێستە لە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵاتن بۆ نەوەی دوەم ، ئەڵبەت ئەمەش هەر ئەجێندای دەرەکی دیاری دەکات و بە تایبەت لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا هەرێم بوەتە خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی ، بۆ ئەمەش هەمو هێزە گەورەکان کۆکن لەسەر جۆرە مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدی بۆ دەستەڵاتێک لە نێوان نەوەی دوو بنەماڵەدا و تاران و ئەنقەرە ڕێکن لەسەر گواستنەوەی ئەم دەستەڵاتە لە سەرکردەی پلە یەکی (ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ نەوکانیان بە مەرجی مۆدێلی سعودی و پاراستنی بەرژەوەندی ئەو دوو وڵاتە .

لە ئێستادا ناوخۆی هەمو حیزبەکان لە ململانێیەکی قورسدایە بۆ گواستنەوەی دەستەڵات بۆ نەوەی سەرکردکان ، ئەمەش بڕیارە و هێزە ناوچەییەکان سەپۆرتی دەکەن (ی.ن.ک بۆ بافڵ و پ.د.ک بۆ مەسرور ) وەک دوو کوڕی گەورەی دوو سەرکردەی شاخ ، ئیتر نەوەی سەرکردە پلە دوەکان و پلەکانی تر دەبێت ڕازی بن بەم کڵێشەیه و تەواوکاری نەوەکانی پلە یەک بن و بەیعەت بدەن ، پاشان هەر نەوەیەک لە پلە دوو و پلەکانی تر بیەوێ دەستەڵاتی پلە یەک بێت ، ئەگەر چی زۆر بە تواناش بێت ئەوا دەبێت یان سفر بێتەوە یان بەیعەت بە دەستەڵاتی کوڕی سەرکردەکان بدات و بڕیارە و لە هێز ناوچەییەکانەوە هاتوە ، یان دەبێت ببن بە نێچیری ئەو ڕاوچییەی کە تیروکەوانی هێزی ناوچەیی پێیە .
ناو حیزبەکان پڕ بوە لەم ململاێیانە ، ئەڵبەت (ی.ن.ک) پێشتر ئەم قۆناغەی بڕی و بە هۆی غیابی تاڵەبانی باوکەوە ململانێکان لە نێوان کوڕ و ئامۆزدا زوتر یەکلای بوەیە و تا ئاستێک خوێنی دوەم و سێیەم تەسفیە کراو و بافڵ بوە دەستەڵاتی یەکەم وەک کوڕی گەورەی تاڵەبانی باوک ، ئەمەش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و باقی حیزبەکانی تر ڕاستە ، بەڵام نەوەی نوێ تازە لە قۆناغی یەکەمدایە و دیسان کۆپی دەستەڵاتی برادەرانی شاخە کە زیاتر دەستەڵات لای ژن و خوشک و زاوایە ، بەڵام (پ.د.ک) بەهۆی بونی بارزانی باوکەوە لەسەرەتای ئەم گواستنەوەدایە.
کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی پله یەک و خاوەنی دەستەڵاتی زۆر وەک کۆنفرانس و کۆنگرەی (ی.ن.ک) دەبێت ، ڕاوچیەکان کوڕی یەکەم و خوێنی یەکەم دەبن و نێچیرەکانیش خوێنی دوەم و نەوەی سەرکردەکانی پلە دوو و پلەکانی تر دەبێت ، یان دەبێت بەیعەت بە گواستنەوەی دەستەڵات بدەن بۆ نەوەی بارزانی باوک یان دەبێت بکەونە ژێر ڕەحمی تیروکەوانی ڕاوچییەکە ببن بە نێچیرێکی داماو کە نەخشەکە لە دەرەوە وا کێشراوە و پاڵپشتی ناوچەیی دەکرێ.

له بەرامبەر ئەم جۆرە مۆدێلە هێزێک و ڕێبەر و ڕابەرێک نیە وەک بەرهەڵستکار ڕوبەڕوی ئەم مۆدێلە بێتەوە ، ئەوەشی هەیە تەنها سیناریۆ و کۆپیەکی ناشیرینی ئەم دەستەڵاتەیە .
 کۆنگرەی پارتی دەبێتە ئەو ئەمری واقعەی کە هەمان هەڵبژاردنە ناوحۆییەکانی یەکێتی پێدا تێپەڕی ، بەڵام بەریەککەوتنی ناو پارتی نەرم تر دەبێت لە چاو بەریەککەوتنی ناو حیزبەکانی تر بە هۆی مانەوەی بارزانی باوکەوە ، وە بارزانی دەستەڵاتەکان دابەش دەکات و وێنەکانی هەمان دەستەڵاتی خلیجی بەرهەم دێنێتەوە .
 
 ئەم کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی دەستەڵاتی یەکەم دەبێتە سەرەتای هاوسەنگی نێوان دەستەڵاتی نەوەی سەرکردەکانی شاخ لە نێوان هەردو زۆنەکەدا و پاڵپشتی ناوچەیی و جیهانی دەبێت وەک مۆدێلی خلیجی تا ئەو کاتەی عێراق دەچێتە قۆناغێکی تر و گۆڕانکاریەکی جیهانی ڕودەدا وەک گەردەلولی بیابان و بەهاری عەربی ، لە کۆتاییدا ئەم کۆنگرەی (پ.دک) بەسەرکردایەتی بارزانی بە هیواشی و نەرمی گواستنەوەی دەستەڵات دەبێت بۆ مەسرور بارزانی باقی خوێنەکانی تر دەستەڵاتی دوەم و سێیەم دەبن و دەبێت بەیعەت بدەن بە دەستەڵاتی ڕەهای کوڕە گەورە وەک خۆیان دەڵێن برا گەورە و ڕاوچییەکانی هەردو زۆن دەبنە کوڕی سەرکردە یەکەمەکان و نێچیرەکانیش ئەوانە دەبن کە بەیعەت نادەن و لاساری دەکەن  ، پێشتریش بارزانی باوک وەک مامی بافڵ پاڵپشتی ئەم نەخشەیەی کرد ، ئیتر هەرێم دەچێتە قۆناغێکی تر لەسەر هەمان نەخشەی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی و فیفتی بە فیفتی لە فۆرمێکی جیاوازتردا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand