دابەشبوون لەسەر جلوبەرگیش؟ 

Draw Media

2022-09-22 18:02:58



د. نیاز نەجمەدین

کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست هەرچی جۆرە شەڕ و ناتەباییەکەوە هەیە دەناڵێنێت (شەڕی حزبایەتیی، تەکەتولی ناو حزب، ناوچەگەریی، شارچێتیی، ژن و پیاو، ژن و ژن...هتد), کێ بەهێزتر بوو (نەوەک باشتر و زیرەکتر بوو)، زیاتری بەردەکەوێت. پێناسەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ مرۆڤی باش و خراپ هێندە تەقلیدیی و سادەن دەگاتە ئەو شوێنەی جللەبەرکردن بکات بە پێوەر و بە سیمبول.
ئێستا کە قسە لەسەر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادییە)، ئێمە تەنانەت لە تێڕوانینماندا بۆ وشەی یەکەم (واتە ژن) نەوەک بە رێژەیی تەبا نین، بەڵکو لەسەر جلوبەرگی ژنیش دەبێت بە شەڕمان. لەم نێوەندەدا، ژن بە دەیان شێوە لە دەرفەتەکانی ژیان بێ بەش دەکرێت. 
هەندێکمان رای وایە ژنی پەچەدار ژنێکە دوای خورافە کەوتووە و دیلکراوە. هەرچی کچی موحاجەبەی وڵاتی ئێمە هەیە بیسوتێنن قسەیەکی نییە و هەست بە ئازاریان ناکات، ئەوە نابینێت کە لە خوێندندا هەندێک لە مامۆستا مولحید و لیبڕاڵەكانیان بەراورد بە کچی سفور مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دەکەن، لە شوێنی کاردا خاوەنکارەکەی ئامادە نییە پۆستێک و موچەیەکی باشتری بۆ دابین بکات...هتد. 
هەندێکیشمان رای وایە پەچەفڕێدان سوککردنی ژنە. کچی سفور ئیشی نییە بەڕەڵایی نەبێت، ئاسانە و کەی ویستت دەستی پێ گەرم دەکەیتەوە، بونەوەرێکە بۆ سەرنجڕاکێشان و راوکردنی پیاوان خۆی روت دەکاتەوە. ئەمانیش بە دەست هەندێک لە مامۆستا باوەڕدارەکانیانەوە دەناڵێنن کاتێک هەمان مامەڵەی کچی پەچەداریان لەگەڵ ناکەن، هاوڕێکانیان دەیانبوغزێنن و وەک مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی سەیریان دەکەن.
بەکورتیی، کچی سفور کەوتۆتە نێوان بەرداشی هێزە ئیسلامییەکان و پیاوانی چڵێسەوە. یەکەمیان پڕی کردووە لە ترس و دەیەوێت سەرکوتی بکات، دووەمیان لە روکەشدا مۆدێرن دەردەکەوێت، بەڵام پڕە لە هەوەسبازیی و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ژن بەوەوە دەبەستێتەوە کە چەند دەستی بە جەستەی دەگات. 
ناتەبایی و نایەکسانیی لەم ئاستە بەرزەدا بە کوێمان دەگەیەنێت؟ ژیانمان وێران دەکات، وایان کردووە وزەمان لەسەر شتی پڕوپوچ بڕوات و کورد تەنانەت ئەفلام کارتۆنیشی بۆ بەرهەمناهێنرێت.
ئیشی خەڵکی ئازادیخواز و ژیاندۆست دژبوونە بەم جۆرە ناتەبایی و نایەکسانیانە، بە هەموو ئەو سیمبولانەوە لە چواردەوری ئێمە وەک کێڵگەی مین چێنراون و دانە دانە پیاماندا دەتەقنەوە.
ئیشی خەڵکی ئازادیخواز تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەیە کە بەوەوە نەوەستاوە پێناسەی مرۆڤی باش و خراپ بەوە بکات منداڵی کامە شێخ و کامە سەرۆک خێڵە، بەڵکو بەوەش کە چ جلێکی لەبەردایە و ئەوەش دەکات بە پێوەرێک لە دابەشکردنی دەرفەتە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand