Draw Media

سه‌عید قه‌زاز 

سه‌عید قه‌زاز 

2022-09-21 09:34:11


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
محه‌مه‌د سه‌عید كوڕی میرزا مه‌جید كوڕی حاجی ئه‌حمه‌دی قه‌زاز سه‌رچاوه‌كان باس له‌ دوو شوێن ده‌كه‌ن كه‌ لێی له‌ دایك بووه‌ ، هه‌ن ده‌ڵێن له‌ خورماتوو له‌ دایك بوه‌و زۆربه‌ش باسی سلێمانی ده‌كه‌ن ، كه‌سایه‌تیه‌كی ناسراو رۆشنبیرو خوێنه‌وارو نه‌ته‌وه‌یی و خه‌مخۆری هه‌ژاران بووه‌ ، ساڵی 1904 هاتوه‌ته‌ دنیاوه‌و له‌ 20ی ئه‌یلولی 1959 هه‌ڵواسراوه‌ .
له‌ ساڵی 1924 دوای ته‌واوكردنی خوێندن له‌ به‌غدا بووه‌ به‌ فه‌رمانبه‌رو پاشماوه‌یه‌ك بووه‌ به‌ مودیری ناحێی تانجه‌ ڕۆ ، دواتر قایمقامی زاخۆ ، هه‌روه‌ها له‌ چوار پارێزگای كورد نشین بووه‌ به‌ پارێزگار " هه‌ولێر ، كوت ، كه‌ركوك ، موسڵ " له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌كوردانه‌و جوامێرانه‌ كاری كردووه‌، چیرۆكی جۆراو جۆر له‌ باره‌ی خه‌مخۆری و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنی خه‌ڵكی لێده‌گێڕنه‌وه‌ ، ساڵی 1953 بووه‌ به‌ وه‌زیری كارو باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك نانه‌واخانه‌ی حكومی بۆ هه‌ژاران كردوه‌ته‌وه‌و به‌ نرخی هه‌رزان نان دراوه‌ به‌ خه‌ڵك ، هه‌رئه‌وكاته‌ش ناوی "باوكی هه‌ژاران" ی لێنراوه‌ له‌ رۆژی بردنی بۆ هه‌ڵواسین وته‌یه‌كی به‌ ناوبانگی هه‌یه‌ " ناترسم و ده‌زانم بڕیاری كوشتنم دراوه‌ ،كه‌ سه‌رده‌كه‌ومه‌ به‌ر په‌تی خنكاندن ده‌بینم كه‌سانێك له‌ ژێر پێمدان شایانی ئه‌و ژیانه‌ نین " .
هاوسه‌ره‌كه‌ی پێش هه‌ڵواسینی ویستویه‌تی هه‌وڵی بۆ بدات ئازاد بكرێ‌ پێده‌چێت به‌ڵێنی به‌ردانی وه‌رگرتبێت ، هه‌واڵی بۆ ده‌نێرێت ئه‌گه‌ر واز له‌و كاره‌ نه‌هێنێت لێی جیا جه‌بێته‌وه‌ ، هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌بدولڕه‌حمان به‌یاتی و زوهێر كازم عه‌بود كتێبیان له‌ باره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌ ، كتێبه‌كه‌ی به‌یاتی به‌ ناوی " سه‌عید قه‌زاو رۆڵی له‌ سیاسه‌تی عیراقیدا"یه‌ ، لێره‌و له‌وێ‌ زۆر جار له‌ باره‌ی جوامێری ئه‌وپیاوه‌ م خوێندوه‌ته‌وه‌ ، كاك له‌تیف گلی له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیدا كه‌ به‌ ناونیشانی " یادگه‌یه‌ك له‌ مێژوه‌وه‌ " چاپكراوه‌ ده‌ڵێت " ساڵی 1957  وه‌زیری ناوخۆ سه‌عید قه‌زاز سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات ، خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ پێشوازی گه‌رمی لێده‌كه‌ن و هه‌ندێك داواكاریان ده‌بێت به‌ڵێن ده‌دات بۆیان جێبه‌جێ‌ بكات ، دواتریش هه‌ندێك له‌ ئاغاكانی هه‌مه‌وه‌ند داواده‌كه‌ن چه‌مچه‌ماڵ بخرێته‌ سه‌ركه‌ركوك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك زۆربه‌ی كارمه‌ندان توركمانن و ئه‌مانیش توركمانی نازانن،ئه‌مه‌ش به‌ عه‌رزو حاڵێ‌ ده‌ده‌نه‌ وه‌زیر ، ئه‌ویش ده‌ڵێت پاش چوونم بۆ سلێمانی و بۆ لای دایكم كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ به‌غدا وه‌رن بۆ لام ،ده‌ڵێن كه‌ چوونه‌ بۆ به‌غدا پێی ووتون ، ئێوه‌ چۆن داوا ده‌كه‌ن چه‌مچه‌ماڵ له‌ كه‌ركوك جیا بكه‌مه‌وه‌و بیخه‌مه‌ سه‌ر به‌غدا ، ئه‌و كات له‌ به‌ر پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ عه‌ره‌به‌و له‌ گه‌ڵمدا بوو پێم نه‌وتن ، من نامه‌وێ‌ یه‌ك كورد له‌ كه‌ركوك دابڕێت " ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی  كاك له‌تیف دورو درێژترن .
نه‌سیر چادرچی باسی چیرۆكێكی خۆی ده‌كات له‌ گه‌ڵ سه‌عید قه‌زاز كه‌ وه‌زیری ناوخۆ بووه‌ ، ده‌ڵێت سواری فڕۆكه‌ بووم بچم بۆ لوبنان ، فڕۆكه‌كه‌ هێشتا به‌رز نه‌بووبوه‌وه‌ له‌ زه‌وی رایانگرت و ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری دایگرتم ، وتی نابێ‌ عیراق جێبهێڵیت ، جانتاو كه‌ل و په‌له‌كه‌م له‌ فڕۆكه‌كه‌دا بوو فڕۆكه‌ رۆیشت و من گه‌ڕێنرامه‌وه‌ ، رۆژی دوای چوومه‌ لای وه‌زیری ناوخۆ  خوا لێی خۆش بێت سه‌عید قه‌زاز ، ئه‌ڵێ‌ ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ ، ئه‌ڵێ‌ له‌وه‌ ده‌چوو ئاگادار بێت زۆر رێزی گرتم به‌ نه‌رمی قسه‌ی له‌ گه‌ڵ كردم و پێی وتم ئێوه‌ گێچه‌ڵمان پێده‌كه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌میش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ و قسه‌و باسی زۆر ده‌گێڕێته‌وه‌ ، بۆ جانتاو كه‌ل و په‌له‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆت من قه‌ره‌بووت ده‌كه‌مه‌وه‌ خۆیشم بلیتی سه‌فه‌رت بۆ ده‌كڕم ، ده‌ینێرێت بۆ شوێنێ‌ ترو لای كه‌سێكی تر ، به‌ڵام نه‌سیر ده‌ڵێت ناچم ، ئه‌م به‌ڵێن ده‌دات هیچی توش نه‌بێت ، نه‌سیر ده‌ڵێت هه‌رواش بوو ، دواتر ئیشه‌كه‌م جێبه‌جێ‌ بوو كێشه‌و گرفته‌كه‌شم له‌ سه‌ر لاچوو، ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی سه‌عید قه‌زازه‌ له‌ گه‌ڵ نه‌یارێكی خۆی و حكومه‌ته‌كه‌یدا ، تۆ بڵێی عیراق جارێ‌ تر وه‌زیری له‌و جۆره‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێ‌ .
جێی داخه‌ سه‌عید قه‌زاز به‌ كوردی شتێكی ئه‌وتۆی له‌ باره‌وه‌ نه‌نووسراوه‌ ، له‌ كاتێكا ده‌بوو ئێستا باخچه‌و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌ی به‌ ناوه‌وه‌ بوایه‌ ، درود بۆ مه‌رگی ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌و یادی پڕخێر بێت .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand