Draw Media

هیوا سەید سەلیم  ئەنجامە بەرایيەكانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا و باكوری كوردستان دەركەوتن، پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)  كە لەو هەڵبژاردنانە لەسەر دوو ستراتیژ كاری دەكرد توانی بە رێژەیەكی باش سەركەوێت. ستراتیژی یەكەم بریتی بوو لە شكست پێهێنانی سیاسەتی فەرزكردنی قەییومەكان كە دوای هەڵبژاردنی 2014 شارەوانیەكانەوە بەسەر شارەوەانیەكانی (HDP) سەپێندرابوون، كە لە كوی 102 شارەوانی ژێر دەستی (HDP) زیاتر لە 90 شارەوانیان لە ساڵی 2016 لە لایەن قەیوومەكانەوە بەڕێوە دەبردران، لە هەڵبژاردنی 31 ئادار (HDP) توانی بەشی هەر زۆری ئەو شارەوانیانە بۆ جارێكی تر بباتەوە و شكست بە دەسەڵاتی قەیوومەكان بێنێت، ئەگەرچی بە داخەوە بەشێك لەو شارەوانیانەی نەبردەوە كە ئەمەشیان هۆكاری خۆی هەیە بە تایبەت شارەوانی شرناخ. ستراتیژی دووەم كە (HDP) كاری لەسەر دەكرد بریتی بوو لە پشتیوانیكردن لە بەرەی ئۆپزسیۆنی دەسەڵات لەسەر ئاستی شارە گەورەكانی توركیا، چونكە ئاشكرا بۆ ئەو هەڵبژاردنە دوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپزسیۆن لە ڕكابەری توندی یەكتر دابوون كە بریتی بوون لە ئەكەپە و مەهەپە كە بە بەری كۆماری ناسرابوون نوێنەرایەتی دەسەڵاتیان دەكرد، لە بەرامبەریشدا بەرەی میللەت بە پێشەنگایەتی جەهەپە و ئی پارتی و پشتیوانی هەریەك لە هەدەپە و پارتی سعادەت. لەو ستراتیژەشدا (HDP) توانی باش سەركەوتن بەدەست بێنێت و لەپاڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن شكستێكی گەورە رووبەڕووی بەرەی دەسەڵات بكەنەوە بە تایبەت لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و هەریەك لە شارە گەورەكانی( ئیزمیر و ئەدەن و مێرسین و ئەنتاڵیا...هتدا) . لەوانەیە زۆرێك لە چاودێران بە تایبەت لەنێو كورد پێیان وابێت كە ئەوەی (HDP) كردی خزمەتێكی بێ بەهای بەرەی ئۆپزسیۆنە بەبێ ئەوەی دەستكەوتێكی بۆ خۆیان هەبێت، ئەمە دیوێكی ڕاستە، بەڵام دیوە هەرە ڕاستەكەس ئەوەیە كە دەبوو (HDP) كارێك بكات بۆ لاوازكردنی بەرەی دەسەڵات كە بەتەنیا ئەو ئەركە بەو ئەو رانەدەبوو. لەو دۆخەی كە (HDP)دوای هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی 2014 تێیكەوتووە ئەویش بە زیندانیكردنی هاوسەرۆكەكانی پارتەكەیان و 12 پەرلەمانتاری ئەو پارتە و زۆربەی سەرۆك شارەوانیەكان وە ئەوەشی كە لە زیندان نیە نێردراوەتەوە ماڵەوە و قەییوم لە شوێنی داندراوە، جگە لەهەموو ئەمانە هەرچی هەڵسواڕاوی دیاری (HDP) یە كە مەزەندە دەكرێت بە زیاتر لە دە هەزار كەس ئێستا لە زیندان دان ئاسان نەبوو بۆ (HDP) بچێتە نێو كێبڕكێی هەلبژاردن، بەڵام ئەوە HDP)) و ملی دایە ئەو ڕكابەریە گەورەیە بەبێ بوونی هەلی یەكسان بۆ پڕوپاگەندە كردن لە فەزایەكی نادیموكراسی بە تایبەت لە شارەكانی باكووری كوردستان و لە ژێر حوكمی جەندرمە و پۆلیس كەوتە ركابەری وە توانی ئەوە بەدەست بێنێت كە بەلای ئێمە سەركەوتنێكی گەورەیە. لە 31 ئادار ئەگەرچی (HDP) نەیتوانی تەواوی قەیوومەكان بنێرێتەوە بۆ ئەنقەڕە، بەڵام سەركەوتنی گەورە لە شارەكانی وەك ( ئامەد و ماردین و وان و باتمان) دەیان شار و شارۆچكەی تر لەو دۆخەی كە ئاماژەمان پێدا سەركەوتنێكی مەزنە. لە هەمووشی گرنگ تر ئەوەیە كە دەبێت بزانێرێت (HDP) یەكەمی نێو زیندانەكانی توركیایە واتا حەماسەتی خەڵك لە شارەكانی باكوور بۆ بەشداری لە هەلبژاردن لە زیندانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە ئەو سەركەوتنە دەبێت لە زیندانیانی (HDP) و مانگرتووانی ئەو پارتە پیرۆز بكرێت ئینجا لەوانەی كە بەرگەی حوكمی سەربازی دەگرن و ئەوانەشی كە خۆیان بۆ چوونە زیندان هەلبژاردووە و دڵنیاش زۆری نابات ئەوانیش دەخرێنە زیندان.


هادی حەمەڕەشید کە حیزب گەیشتە ئەو قۆناغەی کە کادیر و هەوادارانی بەیەك ڕیتم و یەك پاساو بۆ ڕووداوەکان بهێننەوە، ئەوە واتە لەوێ عەقڵ باری کردووە و توتی ئاسا هەمووان یەك دەستەواژەیان پێ لەبەرکراوە و ئەیڵێنەوە! چەند ڕۆژێکە یەك پۆستی فەیسبووك وەك پاساوی گۆڕانی گردەکە بخوێنەرەوە و ئیتر خۆت ماندوو مەکە بەوانیترەوە، هەمان پاساوە و لەبری(حەسەن کەچەڵ) ئەڵێن کەچەڵ حەسەن! چی جری بری، چی بری جری هیچ لە واتاکەی ناگۆڕێت! لەناو ئەو دوو سێ پاساوە لەقوتونراو(معلب)ـانەدا کە بەسەریاندا دابەشکراوە، دوو پاساو زۆر جێگای لەسەر وەستان و هاوکات هێڵنج هێنەر هەیە: ۱ـ نایشارنەوە کە ئەمەی کراوە دڵخوازی پارتییە، بەڵام پارتی ٤۵ کورسیی هەیە و ئێمە ۱۲، ئەمەش با ئەوانە وەڵام بدەنەوە کە (بایکۆت)ـی هەڵبژاردنـیان کرد، دەنگدەرانی پارتی ئەوانیان کرد بە خاوەنی ئەو ژمارەیە و ئەوانەی ئێمەش ئێمەیان بچووك کردەوە! جا لەوەگەڕێن کە ئێستا گوتاری گۆڕانی گردەکە گۆڕاوە و بە پیتێکیش باسی ساختەکاریی هەڵبژاردن ناکەن، سەروەختی دەرکەوتنی ئەنجامەکان ئێمەومانان ئەمانووت: ناکرێت هەموو ئۆباڵەکە بخرێتە ئەستۆی ساختەکاریی هەڵبژاردن و پێویستە دان بنێین بەوەدا کە دەنگدەران سزایان داوین، ئەیانووت: ئێوە ئاو ئەکەن بەئاشی یەکێتی و پارتیدا! ئۆکەی ئێستا تێگەیشتن کە حەجمی بایکۆت زۆرە، هەر بۆ بەرچاوڕوونییتان گۆڕان لە هەڵبژاردنی ۲٠۱۳دا نزیکەی ٤۸۹٠٠٠ چوار سەد و هەشتاو نۆ هەزار دەنگی هێنا، بەڵام لە ۲٠۱۸دا نزیکەی ۱٦٠٠٠٠ سەد و شەست هەزار دەنگی هێنا، واتە نزیکەی ۳۳٠٠٠٠ سێ سەد و سی هەزار دەنگ کەمی کردووە، گریمان زۆربەی زۆری ئەو ژمارە بایکۆتیان کردووە، (دڵنیاتان ئەکەم نیوەی ئەو ژمارە کەمەشی کە هێناومانە دوا دەرفەتی پێداوین و ئامادە نیە بەم حاڵەوە جارێکیتر دەنگ بدات!) کەواتە جەنابتان لەو گردەوە دانیشتوون و زۆر بێ منەتانە بەڕووی هەرکەسێکدا ئەتەقیتەوە کە ڕەخنەیەکت لێبگرێت و پێی ئەڵێیت: کە تۆ بایکۆتت کردووە چۆن لەڕووت هەڵدێت قسە بکەیت! بەم زمانە نزم و پاتاڵە ئەتەوێت چۆن دڵنەوایی ئەوانە بکەیت کە بایکۆتیان کردووە؟! بۆچی وائەزانن کۆتایی دنیایە و جارێکیتر پێویستتان بەم دەنگانە نیە؟! هەی خەوتوو و بێئاگاکانی گردەکەی چیا و نما; یەکێتی بەنیازە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی عێراقدا بکرێت، (ئەوەی با کردی بە باران، بارانیش ئەیکاتەوە بە با) تاڵاوی ۳٠حوزەیرانیان بیرماوە، ئێوەش بەم بێ منەتییەتان لە دەنگدەرانمان، حەتمەن نیوەی ئەم ژمارە کەمەش ئەسپێرنەوە بە بایکۆتێکی نوێ! فراکسیۆنەکەی ئێمە دڵیان لەوەی پارتی گەرمترە بۆ پڕۆسەکە، ئێوەش هەر بەشان و باڵیاندا هەڵئەدەن و قسەی سواو و چەندبارە ئەڵێنەوە، بۆچی پێتان وایە گێچەڵی ئەم سەفەقاتە ئێخەمان ناگرێتەوە؟! ۲ـ کە باسی فەزاحەتی (کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم) دێتە گۆڕێ، بە هەموو بڕوای خۆیانەوە ئەڵێن: ئێمە ئەوەندەمان پێکرا، کێ باشتری پێ ئەکرێت بابفەرموێت! هەندێ جار ئیستیشهاد بە بەسەرهاتێکی مەولەوی ئەکرێت، کە گوایە بە پیاوێکی وتووە: بۆچی نوێژ ناکەیت؟ ئەڵێ: بەخوا ناتوانم بەیانیان هەستم بۆ نوێژ، کۆمەڵێك مەلاش پێیان وتووم کەئەگەر نوێژی بەیانی نەکەم کافرم! مەولەوی پێی ئەڵێ: قوربان تۆ ئەو چوار فەرزە بکە، بەیانیت لەسەر من. دوایی مەلاکانیتر ئامبازی مەولەوی ئەبن و پێیئەڵێن: بۆچی واتوتووە؟ مەولەوی ئەڵێ: قوربان من هەر ئەوەم پێکرا، خۆم تەنیا چوار فەرزم پێکرد، فەرموو ئێوەش بە هەمووتان نوێژی بەیانیی پێ بکەن! نەگبەتی ئەم هەرێمەی ئێمە لەوەدایە کە هێزە سیاسییەکانی پێشبڕکێی خراپییانە نەك چاکیی! لەکاتێکدا کە گۆڕان تەسلیمی چیا و سەرانی گردەکەی نەکرا بوو، لەخولی پێشوودا هەوڵی فەرهادییدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام بەداخەوە یەکێتی و یەکگرتوو زۆر نائەخلاقیی بەرخوردیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا کرد و پشتیان لەپڕۆژە هاوبەشەکەیان و گۆڕانیش کرد، تا ئەوەی کە ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی پەرلەمان ڕوویدا! بۆیە هەرچی بە یەکێتی و یەکگرتوو ئەڵێن ڕاستە و مافی خۆتانە، بەڵام چی بە ئێمەومانان و ئەو ۳۳٠٠٠٠ دەنگدەرە بایکۆتە ئەڵێن؟! بۆچی ئێوە وائەزانن پڕۆسەی سیاسیی یاری ماڵەباجێنەیە؟! ڕۆژێك یەکێتی ۳٠ حوزەیران و یەکگرتوو ۵بە۵ و ئێوەش بە ئیتیفاقیەیەکی شوومی نێوان دوو خێزانی سیاسی یاری بەچارەنووسمان بکەن و دواتریش سوك و ئاسان پێمان بڵێن: ئێمە ئەوەندەمان پێکرا، کێ چاکتری پێئەکرێت بابفەرموێت؟! سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێرێت، دنیا ئەبێتە شامی شەریف، با هەموو دەسەڵاتەکانیشی مابێت و ڕێککەوتنەکەش لەنێوان دوو بنەماڵەدا کرابێت، سەرەتایەکیتری تەوریسی سیاسیی بێت!!


سەلام عەبدوڵڵا بەڵگە نەویستە كە هۆكاری سەرەكی هەڵبژاردن لە وڵاتاندا بۆ زانینی پێگە و قەبارەی حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دەكرێ كە بەوپێیە لەمەودوا بەپێی دەنگەكانی لە دامەزراندنی حكوومەتدا بەشداری بكات. هەروەك حزبی براوەی یەكەمیش داوای لێدەكرێت كابینەی حكوومەت دروست بكات و گەر توانی بە تەنیا ئەو كارە ئەنجام بدات و دەنگی پێویستی هەبێت، ئەوا دەیكات، دەنا پەنا دەباتە بەر هاوپەیمانی لەگەڵ حزبەكانی ترو دەنگی پێویست دەستەبەر دەكات و بەوپێیە حكوومەت دادەمەزرێنی و پلەو پۆست بەسەر خۆی و حزبەكانی تری بەشداربووی حكوومەت دابەش دەكات و ئەوانی دیكەش كە بەشدار نابن لە حكوومەتدا ئەو دەتوانن رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن لە پەرلەمانداو چاودێری وردی كارەكانی حكوومەت بكەن و كەموكوڕییەكانی دەستنیشان بكەن بۆ خەڵكی و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا وەكو چەكێكی كاریگەر دژی ئەو حزبانەی دەسەڵات بەكاری بهێنێن و دەنگی پێ پەیدا بكەن. لەبەرئەوەی لە یەكەمین هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستاندا تەنها دوو حزب توانیان دەنگی پێویست پەیدا بكەن و بچنە نێو پەرلەمانەوە و بەهۆی نزیكی- تا رادەیەك- دەنگەكان لە یەكدییەوە و پاراستنی بارودۆخی هەرێم وا بە باش زانرا كە سیاسەتی پەنجا بە پەنجا پەیڕەو بكرێ و ئەو دوو حزبە وڵات پێكەوە بەڕێوە ببەن. بەڵام لەوە دوا، لە هەڵبژاردنەكانی تردا، كۆمەڵێك حزبی تر مۆڵەتی لە هەڵبژاردندا بۆ ڕەخسا كە ئەوانیش بچنە نێو پەرلەمان و داوای بەشداری لە حوكمڕانی وڵاتدا بكەن و هەروەك هەندێ حزبی نوێش هاتەكایەوەو توانیان بچنە نێو پەرلەمان، بۆیە ئەو هاوكێشەیەی دەسەڵات لە وڵاتدا تەنیا لە رێی دوو حزبەوە بەڕێوە ببرێ ئەو گرنگییەی نەما، بەتایبەتی كە دواتر حزبەكان بەسەربەخۆیی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان دەكردو بەوپێیەش سەنگ و پێگەیان دیاری دەكراو ئیدی هیچ پاساوێك بۆ سیاسەتی پەنجا بە پەنجا نەما. ئێستا كە پاش دوایین هەڵبژاردن هەموو حزبەكان قەبارەی خۆیان و سەنگیان لای دەنگدەران بۆ ئاشكرا بووە، پێویستە ئیتر گوێڕایەڵی دەنگدەران بن و پاساو نەدۆزنەوە بۆ پێگەو مێژووی كۆنی خۆیان و خەباتیان، چونكە ئەمە پڕۆسەیەكی دیموكراتییەو دەبێت پەیڕەو بكرێت. سۆسیال دیموكراتەكانی سوید 44 ساڵ حوكمڕان بوون، بەڵام كە لە هەڵبژاردنی 1982دا دۆڕان زۆر بە دڵێكی گەورەوە كورسی دەسەڵاتیان بۆ حزبی براوە بەجێهێشت كە پێویستە هەموو ئەو حزبانەی بڕوایان بە هەڵبژاردن و مافی دەنگدەر هەیە ئەم ڕاستییە سادەیە بێ چەندو چوون قبوڵ بكەن بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە، ئیدی حكوومەت دوای 181 رۆژ با دەست بە كاری خۆی بكات.


د.محەمەد عەلی  یەکەم: بۆئەوەی لەچەند ھەفتەی داھاتودا، مەسرور بارزانی ببێت بەسەرۆکی حکومەت و بۆ پاراستنی ھاوسەنگی ھێز لەناو بنەماڵەدا، دەبێت نێچیرڤان بارزانی ببێت بەسەرۆکی ھەرێم. پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیش لە دەرەوەی پەرلەماندا و لەناو خەڵکدا، بەم پەلە پەلە ناتوانرێت ئەنجامبدێت و مومکین نیە و عەمەلیش نیە. بۆ دەربازبون لەم گرفتە، پارتی ڕازیبوە و ناچاریشە بۆ ئەم خولە سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەماندا ھەڵبژێردرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم پلانەش بە سەخاوەتێکی زۆرەوە کۆمەڵێک وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی بە گۆڕان بەخشیوە.(بۆیە چەواشەکارییەکی گەورەیە باس لەوە بکرێت کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەم خولەی پەرلەماندا، پرۆژەی گۆڕان و پیادەکردنی دونیابینی ئەم ھێزەیە. ئەم ھاتنەی پارتی بۆ ناو پەرلەمان، نە پیادەکردنی پرۆژەکەی گۆڕانە نە کارێکە بکرێت ھیچ ئومێدێکی لەسەر بینابکرێت. ھەر قسەیەکی تر لە دەرەوەی ئەم ڕاستیە سادەیەدا، خەڵەتاندنی خەڵک و چەواشەکاریەکی گەورەیە).  دوەم: لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی پرۆژەی بەپەرلەمانیکردنی سیستم بوە بەسەرۆکایەتی ھەرێمیشەوە. ئەم پرۆژەیەش تەواو جیاوازە لەم شانۆگەرییەی ئێستا لە پەرلەماندا ڕووئەدات. پارتی لە لەناوەڕاستی ٢٠١٨دا،  پلانەکانی خۆی داڕشت و بەھاوکاری گۆڕان دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ ماوەی چوارساڵ ھەڵپەسارد. ئێستا لە دۆخێکی تردا ئەم دامەزراوەیە چالاک دەکاتەوە و سەرۆکێک بۆ ھەرێم بە ھەمان دەسەڵاتەکانی جارانییەوە بۆ تەنھا یەکجار لەناو پەرلەمانەوە و بە ھاریکاری گۆڕان دەسەپێنێت. بۆیە ئەم پرۆژەی سەرۆکایەتییە کە ئێستە لەپەرلەمانە، لەئەلفەوە بۆ یای پرۆژەی پارتیەو ھیچ پەیوەندیەکی بە گۆڕانەوە نیە. ئەوانەشی دەڵێن وانیە، فەرمون زەحمەت بکێشن دێڕێک یان بڕگەیەکی ئەم پرۆژەیەمان پێبڵێن کەھی فراکسیۆنی گۆڕانە لەپەرلەمانی کوردستان؟! پرسیار: بەھەمو پێوەرە نێودەوڵەتێەکان و مافەکانی مرۆڤ، دەنگدان مافەو نھێنیشە. ئەرێ بەڕاست بۆچی لەم پرۆژەیاسایەدا، دەنگدان بەسەرۆکی ھەرێم لەناوپەرلەماندا، دەنگدانی ئاشکرایە؟! (تەنانەت پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگدانی نھێنیە!). چ بێشەرمیەکی سیاسیە پارتی فەرزی بکات بەسەر بزوتنەوەیەکدا کەنابێت کەسێک ھەبێت دەنگ بە جێگری سەرۆکی پارتی نەدات بۆسەرۆکی ھەرێم! ھەڤاڵینە سەرکەوتوبن لە پاراستنی پەیامەکانی گۆڕان !!


عادل عەزیز هەموو دونیا ڕەخنە لەگۆڕان بگرێت ئێوە شورەییە یەک قسەیش بکەن ، ٢٠١٥ زۆر کۆن نیە هەر دوێنێ بوو گۆڕانتان لەنیوەی ڕێگا جێهێشت بەتەنها مایەوە ،،، ئێستا خێرە دەنگتان بەرز کردۆتەوە دژی گۆڕان ، یەکێ نەزانێت دەڵێت ئەمانە زۆر لەخەمی میلەت و خەمی بڕگەکانی ئەو پڕۆژە یاسایەدان ، تا ئێستا جگە لە گۆڕانە عاجزەکان ، یەک کادر یان یەک لێدوانی ئەو حیزبانەمان نەدی دژی پڕۆژە یاساکە بەتایبەت یەکێتی و یەکگرتوو یەکێکیان بۆ هەریسەکەو ئەوی تریشیان لەترسان ، بیرمان ناچێتەوە ئەو کاتەی گۆڕان ئەو پڕۆژە یاسایەی وەک هێلکەی پاک کراو خستە بەردەستتان ، ئێوە چیتان کرد پشتتان تێکرد پێنج بە پێنجتان لەگەڵ کرد ، تەنها و تەنها ئەو شینەتان بۆ هەریسەکەو دژی ئەو ڕێکەوتنەن کەدەبوو ئێوە لەپێشدا لەگەڵ پارتی بیکەن ،، کاکی من گۆڕان حزبێکی سیاسی سەربەخۆیە خۆی دەزانێت چی دەکات و چی ناکات ، هیچ کەسێک جگە لە ئەندامان و لایەنگرانی گۆڕان کەسی تر بۆی نیە ڕێوشوێن نیشانی گۆڕان بدات ،، لەم قۆناغەدا گۆڕان توانیوێتی ئەوەندە بەدەست بێنێت ، خوا گەورەیە لەداهاتوودا زیاتر بەدەست دێنین و گەلەکەمان دەبەینە کەناری ئارام ،،، هەر قۆناغەو پێداویستی خۆی هەیە ، لەئێستادا گۆڕانێک نەهێزی چەکداری هەیە نە خاوەن ملیارەها دۆلارە ،، هەر ئەوەندەی پێدەکرێ لەگەڵ ئەو زاڵمانەدا ،، باقی وەسەلام


ئارێز عەبدوڵا  پێکنەھێنانی کابینەی نوێی حکومەت ماوەی ئاسایی و یاسایی خۆی تێپەراندوە و لە رووکەشدا ھۆکاری پێکنەھێنانی کابینە بۆ رێکنەکەوتنی نیوان پارتی و لایەنەکانی تر دەگەڕێـتەوە، بەڵام ئەگەر ھۆکارەکەشی ئەوەبێ ئەی ھۆکارەکانی رێکنەکەوتن چین؟ لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەرڵبژاردن پارتی بەدەرفەتی زانی کار لەسەر سترایتیجیەتە تایبەتیەکەی خۆی بکا، بۆ ئەو مەبەستەش کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی پێویست بوو، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەشێوازێک لەگەڵ یەکێتی جولایەوە کە رێککەوتنی ھەردوولای زەحمەتکرد. ئەگەر کەمێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە دەبینین سەرۆک و سەرۆکایەتی ھەرێم لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣وە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ ھەمیشە جێگەی مشتومڕ و ململانێی لایەنەکان بووە، واتا ئەو دامەزراوەیە لە جیاتی ئەوەی ماییەی سەقامگیری و دڵنیایی بێ بەپێچەوانەوە ماییەی نیگەرانی و ململانێکان بووە. دوای ئەوەی دەرفەتی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و مانەوە بەو شێوەیە نەما پارتیش ھاتەسەر ئەو بڕوایەی کە بابەتەکە پێویستی بەچارەسەرە. لە ئاکام لەجیاتی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی بەشێوەیەک کەلەگەڵ سیستمی پەرلەمانی بگونجێ و سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێ بە یاسای ژمارە (٢)ی ٢٠١٧ دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزروە دەستورییەکان دابەشکران و دواتریش بە یاسای ژمارە (١٠)ی ٢٠١٨ دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان - عێراق بە ھێشتنەوەی دیوانی سەرۆکایەتی ھەڵپەسێردرا. من پێم وایە ھەڵەی دووەم لە قەیارنی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەو ھەڵپەساردنە بوو، چونکە دەبوو لە جیاتی ھەڵپەساردن یاساکە لە بنەڕەتەوە ھەموارکرابایەوە، نەک لەگەڵ ھەڵپەساردن قەیرانەکەش بە ھەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە. ئەو کاتەی یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش جگە لە پارتی داوای ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمیان دەکرد پارتی بە پاساوی رەھەندی نیشتمانیی یاساکە بەتوندی وەڵامی دانەوە و ئەو ھەڵوێستەش بوە ھۆکاری ئەوەی دوای ١٩ حوزیرانی ٢٠١٦ پەرلەمان ھەڵپەسێردرێ، وەزیرەکانی گۆڕان شاربەدەر بکرێن و قەیرانەکە ھێندەی تر گەورەبێ. ئێستا ھیچ لە مەسەلەی رەھەندی نیشتمانی نەگۆڕاوە، کەچی پارتی بەھۆی زۆر بوونی ژمارەی کورسیەکانی و راکێشانی گۆڕان دەیەوێ یاساکە ھەموار و کارابکاتەوە. ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنی کاندیدی پارتی پڕۆژەی پارتیە و مافی خۆشیەتی کە بەپێی دنیابینی و بەرژەوەندییەکانی خۆی پڕۆژەی ھەبێ، بەڵام دەپرسین ئەی رەھەندی نیشتمانی لە کوێیە و چ شتیێکیش لە مەسەلەکە گۆڕاوە تا گۆڕان بەو گەرم و گوڕیەوە بەرەو ئەکتیڤکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەنگاوبنێت؟  پارتی ھەر زوو کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم دەستنیشانکرد، لەوەش زیاتر بەبیانوی رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان پێکھێنانی کابینەی دواخستوە تا ئەو کاتەی سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێ، واتا پێکھێنانی کابینەی بە ھەڵبژاردنی سەرۆکەوە بەستۆتەوە، لە کاتێکدا دەکرا بابەتی سەرۆکی ھەرێم بۆ دوای پێکھێنانی حکومەت ھەڵپەسێردرابایە.  ئەوانەی ئێستا پشتیوانی لە پڕۆژە یاسای پارتی و گۆڕان دەکەن پاساوەکەیان ئەوەیە کە سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێ و ئەوەش خواستی ھەموو لایەنەکان بووە، جگە لەپارتی. ئەوە راستە، بەڵام ئەوە خاڵێکە لە چەندین خاڵی تری پەیوەندار بەھەمان بابەت. ئەگەر لەگەڵ ئەو خاڵە ناوەڕۆکی یاساکەش ھەمواربکرێتەوە و دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی سەرۆک و سەرۆکایەتی بەپێی سیستمی پەرلەمانی - دیموکراسی رێکبخرێنەوە ئەوا ھەنگاوێکی مێژووییە، بەڵام ئەوەی گۆڕان و پارتی لەسەری رێککەوتون تەنیا یەک خاڵە و بابەتی سیستەم بەشێوەی قەیرانێکی شارەوە وەکو خۆی ماوەتەوە. ھەندێ کەس ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان وەکو دەستکەوتی جێبەجێ بوونی داخوازیەکانیان بەشەقام دەفرۆشنەوە. من دەپرسم ئایا ئەگەر سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵنەبژێردرێ ئێستا لەکوێ ھەڵدەبژێردرێ؟ سەیرکەن : ١. پارتی داوای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکا. ٢. ھەر لە دوای ھەڵبژاردنیش کاندیدی بۆ دەستنیشان کردووە. ٣. ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی بۆ دەستەبەر کردووە. ٤. پێکھێنانی کابینەی خستۆتە دوای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنی سەرۆک. ٥. پارتی ئامادەنییە دەستکاری دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بکرێ. کەواتە ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان کام دەسکەوتە و دەسکەوتی کام لایەنەیە؟ لە ھەمووی سەیرتر دەگوترێ ھێشتنەوەی یاسای سەرۆکایەتی بەم شێوەیە تا پەسەندکردنی دەستور..! دەپرسم ئایا کەی دەستور پەسەند دەکرێ.. ئایا گەرەنتی وەرگیراوە کە پڕۆژەی دەستور ھەمواربکرێتەوە و سیستمی حوکمڕانی بکرێتە پەرلەمانی؟ خۆ ئەگەر ماوەی پەسەندکردنی دەستور دیاربێ و پارتیش گەرەنتی سەلماندنی سیستمی پەرلەمانی بدا ھەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام تا ئێستا لەو بارەیەوە جگەلە ھەڵپەساردنەوەی قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم ھیچ شتێکی تر نییە.  یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم پەیوەندی راستەوخۆی بەسیستمی حوکمڕانیەوە ھەیە و یەکێتی و پارتیش لەو بارەیەوە بۆچوون و ھەڵوێستیان جیاوازە. کەچی لە دامودەزگاکانی راگەیاندن زۆرترین قسە و باس لەسەر رێکنەکەوتن و ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێ لە کاتێکدا ئەگەر ناکۆکی لەسەر شێوە و ئاستی بەشداریکردنی یەکێتی لە کابینەی نوێش ھەبن ئەوا لەچاو ناکۆکیە سەرەکیەکەی ھەردوولا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و سیستەم لاوەکین.  پارتی بەسود وەرگرتن لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەتوانێ پلانەکانی خۆی دەربارەی کارکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و پێکھێنانی کابینە و ھێشتنەوە بابەتی دەستوریش وەکو خۆی تا ئەو کاتەی خوا دەستیدەدا و دەیخاتە ریفرادۆم جێبەجێ بکا، بەڵام لە بنەڕەتەوە دواکەوتنی پێکھێنانی کابینە ئەوەندەی پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان یەکێتی پارتیەوە ھەیە، ھەر ھێندە و بگرە زیاتریش پەیوەندی بەسەرۆکایەتی ھەرێمەوە ھەیە.


زانا ئەحمەد یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەو پرسەی کە لەماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا زۆرترین قسەوباسی لەبارەوە کراوە و سەرچاوەی بەشێکی زۆری کێشەکانی هەرێم بووە و تائێستا خاڵی ناکۆکی و ململانێی بەشێک لە هێزو لایەنە سیاسیەکانە، بەڵام دوای ئەو ماوە زۆرە هێشتا ئەم پرسە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی لەسەری و وەک بۆمبێکی نەتەقیوی خولەکانی پێشوو بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ماوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٥ یەکێتی و پارتی بە پرۆژەیەکی هاوبەش یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیان دەرکردوو و لەمانگی حوزەیرانی هەمان ساڵیشدا بۆیەکەمجار مەسعود بارزانی  چووە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم و بۆماوەی نزیکەی ١٢ساڵ وازی لەو کورسیە نەهێناو بەوهۆیەشەوە چەندین قەیران و تەنگەژەی سیاسی ڕوی لە هەرێم کرد. بەپێی ئەو یاسایەی کە ساڵی ٢٠٠٥ لەپەرلەماندا پەسەند کراوە، ماوەی هەرخولێکی سەرۆکایەتی چوار ساڵەو سەرۆکی هەرێمیش تەنیا دوو خول بۆی هەیە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دوای تەواو بوونی دوو خولی سەرۆکایەتی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ویلایەتی دووەمی سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات،بارزانی وازی لە پۆستەکەی نەهێناو بەپێی ڕێکەوتنێکی ژێربەژێری نێوان پارتی و یەکێتی لە ڕۆژی ٣٠ حوزەیراندا بۆماوەی دوو ساڵی دیکە ویلایەتی دووەمی سەرۆکی هەرێم درێژکرایەوە، بەڵام ئەم درێژکردنەوەیە پەیوەست بوو بەڕێکەوتنێکی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی کە بە ڕێکەوتنی ستراتیژی ناودەبرێت. ڕۆژی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٨ دوای ململانێیەکی چەند ساڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام بۆ یەکەمجار ئەم دوولایەنە ڕکابەرەی یەکتر لەسەر یەک پرۆژە کۆک بوون ئەویش هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بوو، هەرچەندە چەند لایەنێک پێداگرییان کرد لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیە لەو کاتەدا ، بەڵام پارتی و گۆڕان سوربوون لەسەرمانەوەی دەزگاکە، ئەم هەڵوێستە هاوتەریبە بەشێک لە بەستەڵەکی نێوان پارتی و گۆڕانی تواندەوە.  بەڕای من ئەم هەڵویستە هاوتەریبە سەرەتایەک بوو بۆ نزیک بوونەوەی تەواوی ئەم دوولایەنە لەیەکتر و ئەمە هۆکاری توانەوەی بەستەڵەکی پەیوەندیەکانی نێوانیان بوو، بەجۆرێک ڕێکەوتنی سیاسی لێکەوتەوە کە ڕۆژی ١٨ی شوباتی ڕابردوو لەپیرمام لەنێوان پارتی و گۆڕاندا واژۆ کرا. بۆیە ئەگەر ساڵی ٢٠١٣ پشتگیرییەکانی یەکێتی چوبێتە خزمەت پارتی یەوە بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئەوا لەساڵی ٢٠١٩شدا گۆڕان هەمان ئەو ڕۆڵەی یەکێتی بینوە بۆپارتی، خاڵی هاوبەشی ئەم دوو مێژووە جیاوازەش ئەوەیە لەهەردوو بارەکەدا هەم پشتگیری گۆڕان و هەم پشتگیری یەکێتی چووەتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی پارتی یەوە،بەڵام ٢٠١٣دا گۆڕان نەیاری پرۆژەکە بوو لە ٢٠١٩شدا یەکیتی نەیاری پرۆژەکەی پارتی و گۆڕانە.


رێبوار ئەورەحمان *چەند ساڵێکی شەڕی سەخت و ململانێی قورس لەپێناو گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بوو لەسەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، قسەی زۆر لەمبارەیەوە کراو باش و خراپیی هەردوو سیستم خرایەڕوو، هەر چوار لایەنی (یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی بوون، بەڵام دواجار ئیرادەی بەتەنها پارتی سەرکەوت کە لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی بوو، تەنانەت سیستم نەگۆڕاو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەڵوەشێنرایەوەو دەسەڵاتەکانی دابەشکران و پەرلەمانیش داخرا.  ئەوەی ئێستا گۆڕان زۆر باسی لێوەدەکات ئەوەیە کە سیستمی گۆڕیوە بۆ پەرلەمانی، ئەوەتا کاندیدەکەی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم لەنێو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام، کێشەکە لەوەدایە کە گۆڕینی سیستم بۆ پەرلەمانی ئامانجی یەکەمی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بوو، کەچی ئێستا ئەم برادەرانە رازیبوون کە سەرۆکی هەرێم بەهەموو دەسەڵاتەکانیەوە لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و ئەم هەڵبژاردنەشی لەپەرلەمانەوە تەنها بۆ ئەم خولەیەو باقی دەسەڵات و چۆنیەتی هەڵبژاردنەکەی بۆ دەستوورێک بەجێدەهێڵن کە لەسەرەتاوە دیارە بەدڵی پارتی دەبێت. کەواتە، گۆڕان چ گرەنتیەک دەدات کە لەدوای ئەم خولەوەو لەدەستووردا سیستمی پەرلەمانیی جێگیر دەکرێت؟ خۆ خولی دوای ئەمە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بۆی هەیە جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، ئایا گۆڕان گرەنتی ئەوەی وەرگرتووە ئەم سیستمە لەدەستوردا جێگیر بکرێت و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمیش کەم بکرێتەوەو ئەگەر بارزانیش خۆی کاندید کردەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، ئایا دێتە پەرلەمان متمانەی پێبدەن؟ تائێستا پێناچێت وابێت. پێشتر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆرتر قسەیان لەسەر ئەوەبوو کە دەبێ سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانیشی تەشریفاتی بن وەک سەرۆک کۆماری عێراق، کەچی ئێستا پرۆژە یاسایەک پێشکەش دەکەن کە تاکە شتێک تیایدا گۆڕدرابێت ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانێکەوە هەڵدەبژێردرێت کە تەواو لەژێر هەژموونی پارتیدایە، بەڵام تەواوی دەسەڵاتەکانی ماوەو هیچی لێنەگۆڕاوە، ئایا گۆڕینی سیستم لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانیی تەنها ئەوەیە سەرۆک لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت؟ ئەی دەسەڵاتەکانی؟. *خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش لەم پرۆژە یاسایەدا ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم تەنها بۆ ئەم خولە لەپەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەکانیی و چۆنیەتی هەڵبژاردنیشی لەخولەکانی داهاتوودا بۆ دەستوور بەجێهێڵراوە، ئایا گۆڕان زۆر دڵنیایە لەوەی کە دەتوانێت لەدەستووردا سیستمی پەرلەمانی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم جێگیر بکات؟ لەخولی پێشوودا پارتی کەمینەی ناو پەرلەمان بوو، بەڵام زۆر بەئاسانی و زۆر بەسانایی پەرلەمانی داخست و بۆیشی چووە سەرو گۆڕان و لایەنەکانی تریش هیچیان پێنەکرا، ئەی ئێستا کە تەواوی پەرلەمان لەژێر هەژموونی خۆیدایە لایەنەکانی ترو بەتایبەت گۆڕان چۆن لەپەرلەماندا بەرەنگاری رەشنووسی دەستورێک دەبێتەوە کە پارتی بەپێی ویستی خۆی دەسەڵات و چۆنیەتی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم دیاری بکات؟.  


د. ئیسماعیل نامیق لەخاڵی ( پێنج بڕگەی یەکی ماددەی چواری ) پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تاپەسەندکردنی دەستوردا هاتووە: " سەرۆکی هەرێم لەدەنگدانێکی ئاشکراو بەدەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لەماوەی ( 3 ) سێ رۆژ لەرۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت". ئەم دەقە دەقێکی زۆر نامۆیە، باوەڕناکەم هاوشێوەی لەهیچ دەستور ویاسایەکی دیموکراسی وهاوچەرخدا بوونی هەبێت، لەبەرئەوەی: 1) دەنگدانی ئاشکرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، ئەوەندەی بەیعەت پێدانە هەڵبژاردن نیە. رەنگە بووترێت خۆ سەرۆکی حکومەت بەدەنگدانی ئاشکرا دادەنرێت، ئەمە راستە، بەڵام دانانی سەرۆکی حکومەت متمانە پێدانە نەک هەڵبژاردن، وە تەنها یەک کەسیش دەستنیشان دەکرێت وەکو کاندید، کەواتە نە فرەکاندیدی هەیە، نەدروستیشە هەبێت. 2) دەنگدانی ئاشکرا پێچەوانەی رێکەوتننامە وپەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافە شارستانی ورامیاریەکانە، کەجەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە پێویسە دەنگدان بەنهێنی بێت. 3) دەنگدانی ئاشکرا پێچەوانەی بنەما سەرەکیەکانی هەڵبژاردنی دروست وپاک وبێگەردە. پاشان ئەگەر ژمارەیەکی زۆری کاندید لەململانێدا بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم، ئایا پەرلەمان چۆن یەکلاییان دەکاتەوە؟ ئایا دەنگدان لەسەر کاندیدەکان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ بەکارتی دەنگدان یان بەدەستهەڵبڕین؟ ئایا سەرۆکی پەرلەمان یەک یەک بانگی کاندیدەکان دەکات وبەپەرلەمانتاران دەڵێت کێ ئەمەی بەدڵە ببێت بەسەرۆکی هەرێم؟!! یان بەیەکەوە بانگی هەموو کاندیدەکان دەکات وبەپەرلەمانتاران دەڵێت بۆ خۆتان هەڵبژێرن؟!! یاخود لەکارتی دەنگدان ناوی پەرلەمانتار دەنوسرێت وئەمیش لەسەر کارتەکە ناوی کاندیدێک دەنوسێ؟!! ئەم شێوازەی هەڵبژاردن بۆ دانانی سەرۆکی هەرێم سەرەڕای ئەوەی شێوازێکی زۆر نامۆو نامەعقولە، با لەپەرلەمانیشەوە بێت، لەهەمان کاتدا رادەی مەترسیەکەی هیچی کەمتر نیە لەهەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە، چونکە: 1) هەلی فرەکاندیدی ناڕەخسێنێت، یان راستتر بڵێین رێگر دەبێت لەوەی زیاتر لەیەک کاندید ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بکەن. 2) هەلی هاوپەیمانی لەنێوان پارتە سیاسیەکاندا کەمدەکاتەوە، بۆ دانانی کاندیدی هاوبەش، بەتایبەتی کە لەکوردستاندا دوو پارتی سیاسی خاوەنی دارایی زەبەلاحن ودەزگای سەربازی وئاسایشی وهەواڵگری وجۆرەها ئامرازی تری ترساندن وتۆقاندن وکاریگەری دروستکردنیان هەیە، رەنگە هەموو ئەندامێکی پەرلەمان لەتوانایدا نەبێت روبەڕوی هەموو ئەو ئامرازانە رابوەستێت. 3) کێشەو ناکۆکی لەنێوان پەرلەمان وسەرۆکی هەرێمدا دروستدەکات، بەتایبەتی لەبارێکدا ئەگەر سەرۆک ئەو دەنگە نەهێنێت کەخۆی دەیەوێت، سەرۆک لەڕێگەی دەسەڵاتە زۆرو زەوەندەکانیەوە دەتوانێت کێشە بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دروست بکات کە دەنگیان پێنەداوە. بەهۆی هەموو ئەو خراپیانەو چەندانی تریش، دەنگدانی ئاشکرا شێوازێکی بێکەڵکەو نابێت رێگە بدرێت بهێنرێتە نێو یاساکانی هەرێمی کوردستانەوە. خۆ ئەگەر ئەم شێوازە بکرێت بەیاسا وتاپەسەندکردنی دەستور سەرۆکی هەرێم بەم شێوازە هەڵبژێردرێت، وەکو لەپرۆژە یاساکەدا هاتووە، ئەوا زۆر بەکورتی سپاردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە بەداهاتوویەکی نادیار وچارەنوسێکی مەترسیدار.  


ئاری محەمەد هەرسین بیرۆكەی دروستكردنی هێڵێكی بۆری نەوت لە سعودیەوە بۆ ئیسرائیلی ئێستا شتێكی تازە نیە. لەساڵی ١٩٤٧، ئەوكاتەی كە هێشتا فەلەستین مەنداتی بەریتانی بوو و، لە لەندەنەوە ئیدارە دەكرا، دەست بە داڕشتنی ئەم پڕۆژەیە كرا. بڕیار وابوو هێڵەكە نەوتی سعودیە بۆ شاری حەیفا بگوێزێتەوە (كە بێگومان پڕۆژەیەكی ستراتیژی و زێڕین بوو بۆ بەریتانیەكان). بەڵام بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٤٨، بە ناچاری ئاڕاستەكەیان گۆڕی و، ئەم جارە هێڵەكە لە سعودیەوە دەستی پێكرد بە ئوردن و بەرزاییەكانی گۆلان لەسوریاوە بۆ شاری سیدۆن لە لوبنان لەقەراخ دەریای سپی ناوەڕاست. لە ئێستادا پاش ٧٢ ساڵ لە دروستكرنی ئەو هێڵە، بیرۆكەیەكی تر لە ئارادایە كە ئەمەیان لوتكەی پێشێلكاری مافی میللەتانە لە لایەن ئەمەریكا و هەموو ئەو هاوپەیمانانەی كە لە جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە دا پشتیوانی لێ دەكەن. هەفتەی ڕابوردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆك كۆماری ئەمەریكا، بەرزاییەكانی گۆلانی لەسەر ئیسرائیل تاپۆ كرد( كە لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیركراوە)، لەكاتێكا كە ئەو ناوچەیە خاكی سوریایە. جێرارد كۆشنەر (زاواكەی دۆناڵد ترامپ، كە ڕاوێژكاریشێتی) لە پلانەكەیدا كە ناوی ناوە( ئاشتی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ) پێشنیار دەكات كە ئوردن بەشێك لە خاكەكەی خۆی بدات بە فەلەستینیەكان و، لەبەرامبەردا سعودیەش بەشێك لە خاكەكەی خۆی بداتە ئوردن (پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە). بەوجۆرە فەڵەستینیەكان لە ئیسرائیل كۆچی بە كۆمەڵ پێ بكرێن و، لە ئەنجامیشدا پاش زیاد لە نیو سەدە كێشە و قەیرانی عەرەب و جولەكە كۆتایی پێ بهێنرێت و، هێڵێكی بۆری نەوت دروست بكرێت لە سعودیەوە بۆ ئیسرائیل. ئەمەش مانای ئەوەیە ئیسرائیل لە جیاتی جارێك دوو جار پارەی ترانزیتی ئەو نەوتەی بە خاكەكەیدا دەڕوات لە سعودیە بستێنێت. كە ئەگەر ئەم بەرنامەیە بە تەواوەتی سەر بگرێت، دەكاتە جارێك بۆ ئەو بۆریەی كە بە گۆلاندا تێ دەپەڕێت و دەچێتە لوبنان، جارێكیش ئەو بۆریەی كە دەچێتە ناو خاكی ئیسرائیل خۆیەوە ئێمە ڕێفراندۆمێكمان كرد كە نە زیانی بۆ كەس هەبوو نە مەترسیش بوو لەسەر كەس، ئەوە بو لە ١٦ ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ بە پشتیوانی خۆرئاوا (لەسەرو هەمویانەوە ئەمەریكا و بەریتانیا) موئامەرەیەكی نێودەوڵەتیان لێ كردین. كەچی لەمسەرەوە معامەلەی كڕین و فرۆشتنی نیشتیمانی میللەتان، لەپێناو بەرژە وەندی ئابوری و سیاسی خۆیان دەكەن... كێ ئەم حەقەی پێ داون؟ ئەم بیرۆكە و بەرنامە شەیتانیە، دیسانەوە لوتكەی بێ ئەخلاقی ئەوكەسانەیە، كە بیریان لێكردۆتەوە، ئەوانەشی كە پشتیوانی دەكەن و... ئەوانەش كە جێبەجێی دەكەن ژیرانەیە لە خۆمان بپرسین: ئایا مەسەلە چارەسەركردنی كێشەی نێوان جولەكە و فەلەستینیە كانە، یان مسۆگەر كردنی دەستكەوتی ئابوری؟... كامانەن ئەو میللەتانەی خاوەنی خاكی خۆیانن؟...


چیا عەباس        ئە‌ی وە‌تە‌ن مە‌فتوونی تۆم‌ و شێوە‌تم بیرکە‌وتە‌وە وە‌ختی بە‌ندیی و ئە‌سارە‌ت، پێ بە تە‌وق ‌و کۆتە‌وە من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نە‌بووم، وا تێنە‌گە‌ی حە‌پس و تێ‌ھە‌ڵدان‌ و زیللە‌ت تۆی لە بیر بردۆتە‌وە شاعیر و نوسەر و هونەرمەندە ناودارەکانی کورد لە کوردستانی گەورە ئیرسێکی گەورە و دەوڵەمەندی نیشتمانی و نەتەوەییان بۆ جێهێشتوین. ئێستاش پاش دەیان ساڵ کە بەرهەمەکانیان بەر گوێ و چاومان دەکەون موچورکەی وەفایی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوە و کڵتوری رەسەنمان سەرتاپای جەستەمان دەوروژێنێت. زۆربەی ئەم کەڵە پیاوانە بە هەژاری و کەم دەرامەتی و لە ژێر زەبر و زەنگی دوژمن و داگیرکەراندا ژیاون، بەڵام بۆ خۆیان مێژویەکیان تۆمار کردوە کە بە زیندویی دەمینێتەوە.   سەرکردە ناودارەکانی کورد بە فەخر و سەربەرزیەوە روبەروی مەرگ دەبونەوە و بەرەو پەتی قەنارە دەرۆیشتن، کورانی نیشتمان به ئه‌شقەوە" ئه‌چـــوون به‌ره‌و پیری مـه‌رگه‌وه" و لە مێژوی میلله‌تەکەمان " قه‌ڵغـانی گوله سنگی کچان بو له هه‌ڵــمه‌تا". نەتەوە و نیشتمانەکەمان لە سەدەیەک قوربانی و ئەقیانوسێک لە خوێن بە دەست دوژمنەوە سوتێنران، وێران کران، ئەتک کران، کیمیا باران کران، راگوێزران و ئەنفال کران. کۆمەڵێک رۆڵەی نیشتمان درێغیان لە بەرگریکردن نەکرد، نیشتمان و نەتەوەیان خۆش دەویست، خەمخۆری ئایندەیان بون، بۆیە گیانبەخشانە روبەروی مەرگ دەبونەوە. رۆڵەکانی میللەت لە شاخ و گوند و شار راپەرین، گەورەترین شکستیان بە سەر سەختترین دوژمندا هێنا، میللەت ناچاری کۆرەوێک بو کە سۆز و پشتگیری دنیای بۆ کورد بە دەستهێنا، ئەمانە تابلۆی پر سەروەری و شانازی نیشتمان و نەتەوەکەمانن.  کاتێک شۆرشگیرەکانی دوێنێ بون بە فەرمانرەوای نەتەوە و نیشتمان، بەشێکیان هێدی هێدی بونە مۆتەکە، تەماع و حەزە شەیتانیەکانیان بونە جێگرەوەی یاسا و رێساکانی ئازادی و فەرمانرەوایی رەوا، نیشتمانیان لەت کرد، نەتەوەیان لەت کرد، زمانیان لەت کرد، پێشمەرگەیان لەت کرد، حوکمرانیان لەت کرد و لە دوا مەقامیشدا تەماع و تێرنەبون خۆشیانی لەت کرد. بەوەشەوە نەوەستان، لە سەر چەند تورەکەیەک پارەی خوردە نیشتمانیان خەڵتانی خوێن کرد، هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتەیان کردە خۆراکی تونەکانی مەرگ، ئیرادە و سەربەخۆیی نیشتمان و نەتەوە کەوتنە ژێر رەحمەتی سەرسەختترین دوژمنانی کورد. شەقی دەرەکی و زەمانە سنورێکیان بۆ دانان، ئەم دەرفەتەشیان قۆستەوە و بە پاساوی ئاشتیەوە نیشتمان و نەتەوە و سەروەت و سامان و سەروەریان هەراج کرد. نەتەوە هاتە دەنگ و گوتی ئەمەیان لە شەر و خوێنرشتنی یەکتر باشترە، لەوانەیە تێر بن و چاوێکی بەزەیی بە نیشتمان و نەتەوە ببەخشن. هیچ نەما بە نەتەوە نەکرێت، گەندەڵی، کوشتن، سزادانی سیاسی، نانبرین، قرتاندنی موچە، زیندانی و ئەشکەنجەدانی دەنگی نارەزا و ئازدایخواز.... تاد.  بە مانەش هەر سوکنایان نەهات، حەزە زلەکانیان خەست و هەڵچو وروژابون، تەلار و باڵەخانە و کۆمپانیا و پاڵاوگە و بیرە نەوتەکانیان کردنە پێوەرەکانی فەرمانرەوایی و ئاشتی و شەر. ریفراندۆمیان کرد، ناکۆکی سیاسی ناوخۆ و ئاغاکانی دەرەوەی کوردستان شکستیان بە پرۆسەکە هێنا، نیشتمان و نەتەوە برانەوە بۆ سەدەیەک لە مەو پێش، دوا بە دوای ئەم بێ ئومێدیەش نیوەی خاکی نیشتمانیان لە سەر سینیەکی ئاڵتونی تەسلیم بە داگیرکەر کردەوە.  زۆر بێباکانە بۆ پۆستێک. کە وەک بوکەشوشەی شانۆی منداڵان و برێک پارە هیچ بەهایەکی تری نیە، شەری نێوان خۆیان بردە پایتەختی داگیرکەری شۆڤینزمی نەتەوەیی و مەزهەبی، نیشتمان و نەتەوە جارێکی تر کرانەوە سوتەمەنی حەزە تایبەتیەکانیان. لەو ساتەوەش داشی بەغدا ئەوەندە زاڵە، سەرۆک کۆمارە کوردەکە و رەعیەتی وەزیران و نوێنەرانی کورد وەک زائیرێکی بێ ئۆقرە و بێ سەبر هەر هەوڵ دەدەن دوعا و نوشتە تایبەتیەکانیان بە قوببە زێرینەکانی نەجەف و کەربەلاوە بلکێنن. پاش سەدەیەک هێشتا تێنەگەیشتون بەغدا سەرچاوەی ئاشتی و سەقامگیری و ئازادی و ئایندەیەکی گەشی نەتەوە و نیشتمان نیە. ئەم هەڵپە و راکردنە بە دوای سەرابدا مانای چیە؟  ئەمانە بە دەستی خۆیان ماڵی کوردیان گەیاندە ئەم ئاستە وێرانەیە.  سەرەرای ئەم واقیعە تاڵە لە بەغدا لە هەولێریش مێشێک میوانیان نیە، لە سەر چەند پۆستێک زۆرانبازی یەکتری دەکەن، کۆبونەوە دوای کۆبونەوە، لێدوان دوای لێدوان، بیانوگرتن دوای بیانو، وەک ئەوەی کێبرکێیانە بەهەشتێک بۆ نەتەوە بەدەست بهێنن. ئەم هەمو ناز و نوز و چەواشەکاریە بە پاساوی نەتەوە و نیشتمانەوە دەکرێن، لە کاتێکدا تەنها داوای ساکاری نەتەوە و نیشتمان لێیان ئەوەیە وەک کورد رێک بکەون بۆ خزمەتکردنیان، چی پێویست بەم رق و کینە و کەنارگیری و کەمین گرتن و پاشقول گرتن و شێوازە زیگزاگە دەکات.  سەر زمان و ژێر زمانی فەرمانرەوا و سیاسەتمەدار و بەرپرس و گوتەبێژ و نوێنەرانی کورد لە بەغدا و هەوڵیر و سڵیمانی و لە دورترین و بچوکترین گوندی کوردستان باسی موچە و پاشەکەوتی موچە و هاتن و نەهاتنی پارەیە لە بەغداوە، پرسی کوردیان ئەوەندە بچوک و بێ بەها کردوە وەک ئەوەی کورد دەستی سواڵکردنەوەی کردبێتەوە. لە سەر ئاستی فەرمانرەوایی لۆکاڵیش لوتف و بەهرەیی بەرپرسەکان کە بە جوملە و کەشافە ئاسا لە پشت مایکرۆفۆنەکانەوە و بۆ زۆمی کامیراکان خۆیان وەک بتی بێ نوتق نمایش دەکەن لە قسە و بەڵێنی گشتی و رۆژانە تێناپەرن. بەرپرسە باڵاکانی دەڤەرەکانیش هەر بۆڵە و هاواریانە، وەک فەقێیەکی حوجرەی پۆپۆلیزم نوشتە و نزای نەتەوە و نیشتمان روبەروی یەزدان دەکەنەوە. ئەرکێکی بنەرەتی حوکمرانی دابینکردنی لایەنی کەمی پێدوایستی و خزمەگوزاریە بۆ هاوڵاتی لە بێشکەوە تا دەگاتە قەبرەکەی. سەیرێکی لای خۆمان بکەین تێدەگەین چی دەگوزەرێت.   نابێت نیشتمانێک بە دەستی دوژمن و داگیرکەرەوە وێران کرابێت و نەتەوەیەک لە لێواری مان و نەماندا گیرسابێتەوە ئەمانە لە فەرمانرەوایی خۆیی قبوڵ بکات.  وەڵامەکە ئەوەندە زەحمەت نیە... کەوتۆتە سەر ئیرادەی نەتەوە و نیشتمان. سەردەمانێک هیوای گەورەیان بە بزوتنەوەی گۆڕان هەبو، مەخابن گۆڕانی ئەم سەردەمە گۆڕانەکەی جاران نەماوە، ئەو هیوایەشی هەبو پروکاوەتەوە، پێدەچێت بەشێک لە دەسەڵاتدارانی گۆڕان ئارەزومەندانە دەیانەوێت لە پرۆسەی خەفەکردنی نەتەوە ونیشتمان بێبەری نەبن.  کرۆکی کێشەکە لەوەدایە ئەم تاقمەی ناو گۆڕان گۆرینی سیستەمی حوکمرانی بۆ پەرڵەمانیمان پێ دەفرۆشنەوە و وەک دەسکەوتێکی گەورە عەرزی دەکەن، مەخابن تێنەگەیشتون لەوەی لەم ناوچانەی خۆمان گرنگ نیە سەرۆک لە پەرڵەمانەوە هەڵبژێردرێت، یاخود راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە یا دەستنیشان بکرێت، چونکە لە مەقای یەکەمدا ئەقڵیەتی دیموکراسی و فرەرەنگی باڵادەست نیە و لە مەقامی دوەمیشدا ئەوەی گرنگە چ هێز و دەسەڵاتێک لە پشت ئەو سەرۆکەوە هەیە، بۆیە گۆڕان هەڵەیەکی کوشندە دەکات کاتێک ئەم هاوکێشەیە بە وردی نەخوێنێتەوە. بەشێکی زۆری ئەندامانی دامەزراوەی باڵای بریاردەری گۆڕان لە سایەی تەماعی پۆست و ئیمتیازاتدا ئیرادەی بیرکردنەوەیان نەماوە، کۆیڵە ئاسا سەرلەقێنەرن، هەڵپەیانە بە زوترین کات شوێنی خۆیان لە سەر کورسیەک گەرم بکەن، تەنانەت گۆرانبونی هەندێکیان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە نەبونیان باشترە و ناکرێت هیوای هیچیان لە سەر بنیات بکرێت.  ئەمانیش وەک ئەکتەرە ناسراوەکان حەزیان لێیەتی بە قاتێکی گران بەها و بۆیەمباخێکی ئاوریشمی و زەردەخەنەیەکی تەنکەوە کەشافە ئاسا بە دەرزەن لە پشت مایکرۆفۆنەکان و زومی کامێراکاندا ریزبەند بکرێن و دەرکەون. مەخابن، هەزاران جار مەخابن، شەرمە بۆ هەڵسوراو و گۆرانخوازە رەسەنەکان ئەمە قبوڵ بکەن. دەریای رون و پاکی گۆڕان بە دەست ئەم ئەقڵیەتە خۆپەرستەوە لیخن کراوە، شەرمە خەونەکانی نەتەوە و نیشتمانیش بکەونە ژێر رەحمەت و خواست و حەزەکانی تاقمێکی بازرگان و خۆپەرست و پۆست پەرستی ناو بزوتنەوەکە. لە نوسینەکانی ئایندەدا تیشک دەخەمە سەر هەڵوێست و بۆچونی ئاراستە جیاکانی ناو گۆڕان دەرباری ئەم پرسە گرنگانە تا جەماوەر تێبگەن پانتایی گۆڕان زۆر گەورەتر قوڵترە لەوەی لە مەکۆی سەرەکی دەگوزەرێت.             


سەرتیپ وەیسی كەریم  به‌شێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر باسله‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌لای نه‌وشێروان موسته‌فا ته‌نها پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان گرینگ بووه‌ ، بۆئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌یه‌كی ئه‌وكاتی "ئه‌رسه‌لان بایز" وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌هێنه‌وه‌، كه‌ گوایه‌ ئه‌وكات ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ به‌ ئه‌رسه‌لان بایز وتووه‌. واته‌ به‌لای ناوبراو پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ناو خه‌ڵك، یاخود له‌ په‌رله‌مان واتای گۆڕینی سیسته‌مه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی. ئه‌م یاریه‌ی به‌شێك له‌ گۆڕانه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، جگه‌ له‌ بیانوی خۆ ده‌ربازكردن له‌و هه‌ڵانه‌ی تێیكه‌وتوونه‌ هیچی دیكه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر گریمان ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاسته! خواستی رێكخه‌ری پێشووی ئه‌و حزبه‌ ئه‌وه‌بوو، كه‌ ته‌نها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان بێت، ئه‌وا پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی مێژووی خۆی بڕوانینه‌ ئه‌و قسه‌یه‌، چونكه‌ ئێستاو ئه‌وكات زۆر جیاوازیان هه‌یه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: 1. ئه‌وكات بارزانی ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و پۆسته‌ چۆل بكات، به‌ڵام له‌ ئێستادا بارزانی نه‌ماوه‌. 2. ئه‌وكات پارتی له‌ نێو په‌رله‌مان كه‌مینه‌ بوو، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك بچێته‌ ناو په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێستا زۆرینه‌یه‌. 3. ئه‌وكات بارزانی ڕه‌تیده‌كرده‌وه‌ ده‌ستوور بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێستا ده‌ستوور له‌ گۆڕێ نییه‌و بڕیاره‌ له‌ داهاتوودا بنوسرێته‌وه‌. 4. ئه‌وكات هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌گه‌ره‌بوو له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، لایه‌نه‌كان ده‌یانویست به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت كێشه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم چاره‌سه‌ربكه‌ن، ئێستا به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌. 5.ئه‌وكات هه‌ڵبژاردن نه‌كرابوو، ئێستا هه‌ڵبژاردن ته‌واوبوو، دوای ئه‌وه‌ی پارتی مه‌سرور بارزانی كرده‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، پارتیش ناچاربوو یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی شوێنكردنه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی. ئه‌و كورتبینیانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن " به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان سه‌رۆك به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان " دیسانه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵ پڵاوی نه‌زانیه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌قێكی كۆنكرێتی یاسایی نه‌بێت، باس له‌ میكانیزمی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات، ئه‌وكات ئه‌و قسانه‌ی له‌م وه‌ره‌قه‌یه‌ی به‌ ناوی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نوسراوه‌، گشتیان باتڵ ده‌بێته‌وه‌و فلسێك ناهێنێت. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئێستا بۆ هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شكراوه‌، پڕۆژه‌یه‌كی تۆكمه‌و خواستراوی پارتیه‌، ده‌كرێت له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ ده‌ستخۆشیان لێبكرێت و ده‌نگی پێبدرێت، به‌ڵام نه‌نگی و شوره‌یه‌، پڕۆژه‌ی پارتی به‌هی خۆت بزانی و، پێتوابێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ خواسته‌كانی ڕابردووی گۆڕانی هێناوه‌ته‌ دی. ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ نێو ئه‌و حزبه‌دا بوونه‌ته‌ عه‌رابی كاراكردنه‌وه‌و هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كاتی خۆشی په‌رله‌مانیان كرده‌ قوربانی ئه‌و پرسه‌، دواتریش دوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌ساردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمیان وه‌ك خزمه‌تێكی پارتی، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌و كرده‌ ده‌سته‌كه‌وت، ئێستاش ده‌یانه‌وێ ئه‌و كاراكردنه‌وه‌و هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكه‌نه‌ ده‌ستكه‌وت، له‌ پێناو داپۆشینی شكستی خۆیان و كورتبینیان له‌ سیاسه‌تكردن.


هێڤیدار ئەحمەد كابینەی حكومەت لە هەرێمی كوردستاندا لە 19 وەزارەت پێكدێت، تائێستا لە كابینەكانی پێشوودا پۆستی وەزارەتەكان بەسەر لایەنە بەشداربووەكان بە گوێرەی دەستكەوتی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی پەرلەمان نەبووە. ئێستا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین و ئەم كابینەیەش كە بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات ئەویش بەگوێرەی دەستكەوتی هەڵبژاردن نابێ و بگرە پارتی كە كابینە پێكدەهێنێت وەك براوەی هەڵبژاردن ، دەبێتە كەمینە، چۆن؟ پارتی لە دوای رووداوەكانی 23ی حوزەیرانی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان و بەردەوام هەڕەشەی هەندێ حیزب لە كشانەوە لە حكومەت ، مەترسی لەدەستدانی نیسابی حكومی هەبوو. حكومەت كە 19 وەزارەتە، 50+1ی حكومەت 11 وەزارەتە. هەموو هەوڵی پارتی ئەوەبوو لەم كابینەیەدا نیوە+1 لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانە بێت كە قەت پشتی تێناكەن و تووشی موفاجەئە نەبێ! گرەنتی بكات. بەڵام پارتی سەرئەنجام لەپێناو سەقامگیری كوردستان، دەستبەرداری ئەو پلانەی بوو . چونكە یەكێتی و گۆڕان زۆر لە قەبارەی خۆیان و دەستكەوتی هەڵبژاردن زیاتریان پێدراوە . سەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، لەنێو پارتیدا رایەك هەبوو كە دەبێ یەكەم جار لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێكبكەوین، ئینجا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام نەبوونی مەرجەع و ناوەندی بڕیاردان لەنێو یەكێتیدا و گۆڕانی رۆژانەی هەڵویستیان ، هەروەها گرێدانی چەندین دۆسیەی جیاوازی دیكەی بە پرسی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ، پارتی ناچاركرد پلانەكەی بگۆڕێت و یەكەمجار لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێكبكەوێت . رێككەوتنەكە لەگەڵ گۆڕان لە 8/2/2019 واژۆكرا . لە هەڵبژاردنەكانی 30/9/2018 یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزی دووەم دەركەوت و 21 كورسییان بەدستهێنا، داوای شەش وەزارەتییان لە پارتی كرد، گۆڕانیش كە لە هەڵبژاردنەكاندا 12 كورسی بەدەستهێناوە، زۆر گونجاوتر و عاقڵانەتر لە یەكێتی مامەڵەی كرد و هەر زوو پشكی خۆیان مسۆگەركرد و چوار وەزارەتیان بەدەستهێنا . یەكێتی دەڵێن گۆڕان لە مافی خۆی زیاتری پێدراوە و دەبووایە پارتی سێ وەزارەتی بدابووایە گۆڕان و ئێمەش ئەوكات داوای پێنج وەزارەتمان دەكرد، بەڵام كە گۆڕان چوار وەزارەتی هەیە دەبێ ئێمە شەش وەزارەت وەربگرین . ئەگەر لێكدانەوەیەكی ماتماتیكی و ئاسان بكەین، دەردەكەوێت ، یەكێتی و گۆڕان دوو بەرامبەری دەستكەوتی هەڵبژاردن، پۆستیان پێدراوە. لە كۆی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر لێكدانەوەیەك بكەین دەردەكەوێت : یەكێتی 21 كورسی هەیە كە دەكاتە 18.9%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە 19 وەزارەتی حكومەت، شەش وەزارەتی بردووە كە دەكاتە 31.5%. واتە 12.6% لە قەبارەی خۆی زیاتری بردووە. هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان 12 كورسی هەیە كە دەكاتە 10.8%ی كورسییەكانی پەرلەمان، بەڵام لە حكومەتدا 4 وەزارەتی وەرگرتووە كە دەكاتە 21%ی كابینەی نۆیەم . گۆڕانیش 10.2% زیاتر لە قەبارەی خۆی وەرگرتووە. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمە و 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانی هەیە، كە دەكاتە 40.54%ی كورسییەكانی پەرلەمان، لە كۆی ئەو 9 وەزارەتەی ماوە 7 وەزارەتی بەردەكەوێت ، وەزارەتێك بۆ كریستییانەكان و یەكێكیش بو سۆسیالیست، واتە 7 وەزارەت دەكاتە 36.8% لە كابینەی نۆیەم!(ئەوە ئەگەر لەگەڵ كۆمەڵ و ئەوانیدیكە رێكنەكەوێت) . تەنانەت ئەگەر پارتی هەشت وەزارەتیش وەربگرێت دەكاتە 42% ، ئەوەش هێشتا هەر لەو رێژەیە كەمترە كە لە هەڵبژاردندا بەدەستیهێناوە. یەكێتی پێشتر گوتی، دەبێ پارتی حیسابی جوگرافیا و هێز بۆ یەكێتی بكات؟ نەك كورسی پەرلەمانی، بەوشێوەیەش، یەكێتی و گۆڕان لەو سنوورەی پێیدەڵێن (سەوز و نیلی) و ئێستا ملەوەنتر بووە ، 10 وەزارەتیان بەركەوتووە. كەچی سنووری دەسەڵاتی پارتی تەنیا 9 وەزارەتی بۆ ماوەتەوە! ئەگەر یەكێتی بڵێ كاكە خۆ پارتی جگە لە سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی بەردەكەوێت . سەرۆكی حكومەت بۆیە پشكی پارتییە، چونكە هێزی یەكە و منەتی كەسی لەسەر نییە، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پارتی دەیگوت كاكە با لەنیو خەڵكدا بێ و كێ دەیەوێ با خۆی بەربژێر بكات، كە بەوە رازینەبوون، ئێستاش لەنێو پەرلەماندا دەبێ و ئەویش بە هەڵبژاردنە و كێ بیەوێ با خۆی بەرامبەر كاك نێچیرڤان بارزانی بەربژێربكات ، نەك دواتر بڵێن وەڵڵا پارتی دەستی بەسەر هەموو پۆستێكدا گرتووە. رایەك هەیە دەڵێ، كاكە ئەگەر یەكێتی بیەوێ با پارتی تەواوی پشكی خۆیشی لەنێو حكومەتدا بداتە یەكێتی بەس بۆ ئەوەی رێگری لە هەموو هەوڵێك بكات كە بیەوێ لێكترازان قوڵنەبێتەوە و دوو ئیدارەیی دروست نەبێت ، شتێكی نەخوازراوی نزیك لەوەی 16ی ئوكتۆبەر روونەدات! دروستبوونی ئەم وێنەیە لەسەر یەكێتی كە یەكجار زۆر خراپە، بەبێ بنەما نەبووە، ئەو ماوەیە لە گەرمەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەركردایەتی ئەو حیزبە، بەردەوام هەڕەشەی دوو ئیدارەییان كردووەو بگرە وەك بە ئێمەیان گوتووە دیراسەتیشیان كردووە كە شیوازی دوو ئیدارییەكە چۆن چۆنی بێت . دروستبوونی ئەو وێنەیە لە سەر حیزبێك كە شەهیدی داوە بۆ كوردستان و ناوەكەشی "یەكێتی" بێ و باسی دوو ئیدارەیی بكات ، قەت لەگەڵ سیاسەتی ئەو شەهیدانەدا نایێتەوە كە لەژێر سایەی یەكێتی و بۆ خاكی كورستان خۆیان بە كوشتداوە. ئینجا سوێندی پەرلەمانتاران و وەزیران و گەورەترەكانیش بەشێوەی یاسایی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستانە ، ئەوكات ئەوان سوێند بە چ دەخۆن ؟ ئەوەی نوقسانە لەو حیزبە عەقڵە گەورەكەیە كە مام جەلال بوو، كە ئێستاشی لەگەڵدابێ دروستنەبووە، ئینجا ماڵباتی تاڵەبانی چۆن هەڵسوكەوت دەكات ، ئەوە رۆژانی داهاتوو پێماندەڵێت . بەهیوای ئەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانیش دوای ئەو هەموو ململانێیە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، ململانێیەكی تووند بكەن بۆ دروستكردنی یەكڕیزی هێزە كوردستانییەكان لە كوردستان و بەغدا لەسەر پرسە ستراتیژییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتێكی باش بۆ ئەو خەڵكەی پێنج ساڵە لە قەیراندا تەحەمموولی هەموو شتێكیان كرد.


عەتا شێخ حەسەن  ١/ وتیان له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کی پۆل بریمه‌ردا کاتیک سه‌رکرده‌ عیراقیه‌کانی راده‌سپارد بۆ ئه‌وه‌ی عیراق له‌هه‌یمه‌نه‌ی ئیران رزگار بکریت ، قاسم سلیمانی مه‌سجیکی بۆ ده‌نیریت ده‌لیت ده‌بیت له‌ عیراقدا ئه‌مریکاو ئیران بریار له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی بده‌ن ، ئه‌گه‌ر نا ئیوه‌ زه‌ره‌ر ده‌که‌ن ، بریمه‌ر تیگه‌شت که‌ ئیرانیه‌کان ئاگاداری ته‌واوی کوبونه‌وه‌که‌ن . بۆیه‌ له‌و کاته‌وه‌ ئیرانیه‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئارسته‌ کردنی سیاسه‌ت له‌عیرقدا هه‌یه‌ .  ٢/ له‌و رۆژانه‌ش بیستم ئیرانیه‌کان مۆبیلی ناته‌نیاهۆو ژنه‌که‌ی و کوره‌که‌یان هاک کردوه‌ ، ئاخر زۆر گرنگه‌ ئیرانیه‌کان بتوانن بچنه‌ گیرفانی ناتنیاهۆو جانتای ژنه‌که‌یه‌وه‌ ، من دلنیام ئیستا ئیرانیه‌کان هه‌ندیک نامه‌ی شخصی ناتنیاهۆو ژنه‌که‌یان له‌به‌رده‌سته‌ ، ئاخر جاری واهه‌یه‌ روئه‌سا هینده‌ مه‌شغولن سۆزی ژنه‌کانیان به‌نامه‌یه‌ک به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌ ، ( خۆ پیتان سه‌یر نه‌بیت ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئیشکگره‌ی به‌چاوی خه‌والوو له‌کاتی خه‌فاره‌تدا ویستی نامه‌یه‌ک بۆ ژنه‌که‌ی بنیریت ، تیایدا نوسیبووی خۆزگه‌ ئیستا له‌باوه‌شمدا ده‌بوویت ، به‌لام ئه‌سه‌ف به‌هه‌له‌ بۆ سه‌رهه‌نگه‌که‌ی کلیک کرد ) ، ره‌نگه‌ ئه‌م هاک کردنه‌ سودیکی گه‌وره‌ی به‌ ئه‌منی قه‌ومی ئیرانیه‌کان و به‌ سیستمی زانیاری ئه‌و وولاته‌ گه‌یاندبیت ، دیاره‌ دونیای ته‌کنه‌لۆژیا وایه‌ ویکیلیکس به‌لگه‌نامه‌ی سعودیه‌کان و زۆری وولاتانی رۆژهه‌لاتی ناوینیان گرت . ٣/ ئاخر وه‌ره‌ شێخت بمینی له‌م عه‌سری ته‌کنیکه‌دا ، له‌ناو گه‌مه‌و خه‌رقی ئه‌لکترونیدا ، تازه‌ باتازه‌ کاکی نوینه‌ری گه‌لی ئیمه‌ که‌نگرو ماست به‌دیاری بۆ مه‌زهه‌بچیه‌کانی به‌غداد ده‌بات و ، قسه‌ش له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی و پیکهینانی حکومه‌تی هه‌ریم ده‌کات ، ( ئه‌گه‌ر پارتی به‌مه‌رجه‌کانمان رازی نه‌بیت بژارده‌ی ترمان ده‌بیت ) . وه‌ک نه‌زانین ده‌ست به‌گوول جه‌ندی که‌نگرو ماست به‌دیاری بردووه‌ . به‌زوبانی شار کوری باشه‌ له‌سه‌ر وه‌زنی نه‌فت به‌خوراک ، به‌ته‌مایه‌ برینی مووچه‌ی هه‌ریم به‌رامبه‌ر که‌نگرو ماست په‌یره‌و بکات 


دانا مەنمی باوەڕ ناكەم هیچ شتێك بەقەد ناپاكیكردن وهەڵگەڕانەوە و جاشایه‌تی، لەگەڵ و نیشتمان هێندە ترسناك و مەترسی داربێ، ئێمەی كورد هەر لەگەڵ مێژووی ئەو دژایەتیكردنە، لەلایەن دوژمنە زۆردارەكانی ناوەوە ودەرەوە، دەرهەق بەمیڵەتە چەوساوەكەی كورد دەكرا، لە بیر و ئەندێشەی جاهیلی ودۆزی نەزانی و ناتەباییدا، ئاسۆی ژینمان دەبینی وساویلكانە بۆدوژمنە سەر سەختەكانی دژ، بەخۆمان وخاك ونەتەوەكەمان بەداخەوە، بەوێنەی ئەمان دەبووینە ناحەز و دژ بەیەكتر، لەڕووبەڕووبوونەوەیەكی دژواردا خۆمان دەبینیەوە و بۆ سەركەوتنی داگیركەرە ڕەگەز پەرستە شۆڤێنییەكان چەپڵەمان بۆ دەكوتان  و بەدڵ  و بەگیان بەرگریمان لێدەكردن  و خوێنمان بۆ دەڕێشتن. فكریش وەك هەر شتێكی دی كە دەیبنین و هەستی پێدەكەین ڕەها نییە، فكریش چەكێكە و لە دەستی ئینسانە، مرۆڤ خۆی ئاڕاستەكەی دیاری دەكات، وەك چۆن هەموو شتێك بەو چەشنە بەكاردەبات كە خۆی دەیەوێت، دەتوانێت ئاواش فكر،خۆنەویستانە یان خۆپەرستانە، دەكارببات. فكر ئەو ساتە گەش و جوانە كە جغزی خود دەبڕێت و بۆ هەمووان تیشك داوێژێت، ئاخر هەر لەبەر ئەو تیشكاراییەشە بە مرۆڤانێك دەگوترێت ڕۆشنفكر یان ڕووناكبیر، چون بەو فكرە، وەك مەشخەڵ ڕێی خەڵكی ڕۆشن دەكەنەوە. بەڵام ئەدی ئەگەر بابای خاوەن بیر، كەسێكی خودپەرستی دەروونپەستی دەمارگیر بێت، ئەو كاتە پێیدەڵێن تاریكبیر، چون هزری ئەو رۆشنایی نابەخشێت، مەودای بیركردنەوەی تەسكە و لە جغزی خود و ئەو ئەڵقە بچووكانەی بە دەوری خۆیدا كێشاونی تێناپەڕێت، یانی بازنەی بیركردنەوەی تەسكە و مەوداكەی كورت و بەرتەنگە. كەواتە ئەو كاتە فكر جوانە كە له‌ خزمه‌تی ئینسان و ژیاندۆست بێت، ڕۆشنایی بێت بۆ ژیانی مرۆڤەكان، ئەو چەشنە فكرەش هەر لە مێشكی كەسانێك پڕشنگ دەدات كە ئازاد بن و كۆیلە ی هیچ كەسێك نه‌بن، ئەدی ئەگەر مرۆڤ كرا بە كۆیلە یان خۆی خۆی كرد بە كۆیلەی هزری ئەوانی دی، ئەوسا ئەو جاشفكرەی لێ بەرهەمدێت كە تاریك و تەنگبینە. جاشفكر كەسێكە كە خاوەنی بیر و ڕامانی خۆیانە و خۆماڵییانە نییە لە ژیاندا، بەجێی ئەوە كۆیلەی فكری دوژمنانی خاك و نەتەوەكەی خۆیەتی، كە ئەو دوژمنانە چاوی هزریان كوێرە و لە هەرچی مۆڕاڵیتی و واتایەك بۆ مرۆڤایەتی داشۆراون. بۆ درێژەدان بە داگیركاریی ئەم وڵاتەش، هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دان لە نەستی خەڵكەكەیدا ڕازیبوون بە قەدەری كۆیلایەتی بسەپێنن. بێگومان بۆ ئەمە فرەڕێگا دەگرنە بەر، گەوجكردن و چەواشە و پاشانیش زەبروزەنگ ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، كۆیلەفكرانیش شوێنپێی هزری ئەوان دەلێسنەوە و فكرێك پەرەپێدەدەن كە درێژە بە چیڕۆكی ستەم و داگیركاری بدات. جاشایەتی لە فكر بێت یان لە پیادەكردن، خۆنەبوونە، كۆیلەبوونە، خۆ سڕینەوەیە، هێڵێكی ڕاست و چەپ هێنانە بەسەر شكۆی ئینسانانەی خود. جاشی چەك بە دەست وەكو ئەوە دێتە بەرچاوم بە جێی ئەوەی لوولەی تفەنگەكەی كردبێتە دوژمنی خۆی و هاوخوێن و هاوخاكەكانی، كردوێتییە سنگی خۆی و هەر گاە فەرمانیان پێدا، دەبێت خۆی بكوژێت، ڕەنگە پتر بە پاڵنەری بەرژەوەندی ئەو كارە بكات، بۆ نموونە بۆ چەند پوولێكی قەڵب، بۆ دانەبڕان و پەراوێزنەخران لە خێڵ و هۆز، بۆ خۆ دەربازكردن لە ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان و تد. جاشفكر لەو كەسەش كۆڵەوارترە، چونكە جاش خۆی دەزانێت كە جاشە و بۆچیش بووەتە جاش، بەڵام جاشفكر جگە لە خۆی نە كەس دەبینێت و نە كەس دەخوێنێتەوە، خۆی لێ ونبووە، پێنازانێ خزمەتی دوژمنی خۆی دەكات، هێندەش بایی بووە ئیدی چاوەنۆریی ئەوەی لێناكرێت تۆبەیەكی بە هەق بكات و بێتەوە ڕیزی میڵەتە ستەمدیدە و بەشخوراوەكەی. كەسی جاشفكر ڕەنگە وەك من و تۆ بپۆشێت بەڵام لە ناخەوە كورد نییە، با هەر بە كوردیش گفتوگۆ بكات و بدوێت، سەد خۆزگە بە غەیرە كوردێكی ئینساندۆست كە پەیڤێكی كوردی نازانێت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand