Draw Media

دەنگدانی ئاشکرا وچارەنووسی نادیار

دەنگدانی ئاشکرا وچارەنووسی نادیار

2019-03-30 19:30:46


د. ئیسماعیل نامیق

لەخاڵی ( پێنج بڕگەی یەکی ماددەی چواری ) پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تاپەسەندکردنی دەستوردا هاتووە: " سەرۆکی هەرێم لەدەنگدانێکی ئاشکراو بەدەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لەماوەی ( 3 ) سێ رۆژ لەرۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت". ئەم دەقە دەقێکی زۆر نامۆیە، باوەڕناکەم هاوشێوەی لەهیچ دەستور ویاسایەکی دیموکراسی وهاوچەرخدا بوونی هەبێت، لەبەرئەوەی:
1) دەنگدانی ئاشکرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، ئەوەندەی بەیعەت پێدانە هەڵبژاردن نیە. رەنگە بووترێت خۆ سەرۆکی حکومەت بەدەنگدانی ئاشکرا دادەنرێت، ئەمە راستە، بەڵام دانانی سەرۆکی حکومەت متمانە پێدانە نەک هەڵبژاردن، وە تەنها یەک کەسیش دەستنیشان دەکرێت وەکو کاندید، کەواتە نە فرەکاندیدی هەیە، نەدروستیشە هەبێت.
2) دەنگدانی ئاشکرا پێچەوانەی رێکەوتننامە وپەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافە شارستانی ورامیاریەکانە، کەجەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە پێویسە دەنگدان بەنهێنی بێت.
3) دەنگدانی ئاشکرا پێچەوانەی بنەما سەرەکیەکانی هەڵبژاردنی دروست وپاک وبێگەردە.
پاشان ئەگەر ژمارەیەکی زۆری کاندید لەململانێدا بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم، ئایا پەرلەمان چۆن یەکلاییان دەکاتەوە؟ ئایا دەنگدان لەسەر کاندیدەکان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ بەکارتی دەنگدان یان بەدەستهەڵبڕین؟ ئایا سەرۆکی پەرلەمان یەک یەک بانگی کاندیدەکان دەکات وبەپەرلەمانتاران دەڵێت کێ ئەمەی بەدڵە ببێت بەسەرۆکی هەرێم؟!! یان بەیەکەوە بانگی هەموو کاندیدەکان دەکات وبەپەرلەمانتاران دەڵێت بۆ خۆتان هەڵبژێرن؟!! یاخود لەکارتی دەنگدان ناوی پەرلەمانتار دەنوسرێت وئەمیش لەسەر کارتەکە ناوی کاندیدێک دەنوسێ؟!!
ئەم شێوازەی هەڵبژاردن بۆ دانانی سەرۆکی هەرێم سەرەڕای ئەوەی شێوازێکی زۆر نامۆو نامەعقولە، با لەپەرلەمانیشەوە بێت، لەهەمان کاتدا رادەی مەترسیەکەی هیچی کەمتر نیە لەهەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە، چونکە:
1) هەلی فرەکاندیدی ناڕەخسێنێت، یان راستتر بڵێین رێگر دەبێت لەوەی زیاتر لەیەک کاندید ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بکەن.
2) هەلی هاوپەیمانی لەنێوان پارتە سیاسیەکاندا کەمدەکاتەوە، بۆ دانانی کاندیدی هاوبەش، بەتایبەتی کە لەکوردستاندا دوو پارتی سیاسی خاوەنی دارایی زەبەلاحن ودەزگای سەربازی وئاسایشی وهەواڵگری وجۆرەها ئامرازی تری ترساندن وتۆقاندن وکاریگەری دروستکردنیان هەیە، رەنگە هەموو ئەندامێکی پەرلەمان لەتوانایدا نەبێت روبەڕوی هەموو ئەو ئامرازانە رابوەستێت.
3) کێشەو ناکۆکی لەنێوان پەرلەمان وسەرۆکی هەرێمدا دروستدەکات، بەتایبەتی لەبارێکدا ئەگەر سەرۆک ئەو دەنگە نەهێنێت کەخۆی دەیەوێت، سەرۆک لەڕێگەی دەسەڵاتە زۆرو زەوەندەکانیەوە دەتوانێت کێشە بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دروست بکات کە دەنگیان پێنەداوە.
بەهۆی هەموو ئەو خراپیانەو چەندانی تریش، دەنگدانی ئاشکرا شێوازێکی بێکەڵکەو نابێت رێگە بدرێت بهێنرێتە نێو یاساکانی هەرێمی کوردستانەوە. خۆ ئەگەر ئەم شێوازە بکرێت بەیاسا وتاپەسەندکردنی دەستور سەرۆکی هەرێم بەم شێوازە هەڵبژێردرێت، وەکو لەپرۆژە یاساکەدا هاتووە، ئەوا زۆر بەکورتی سپاردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە بەداهاتوویەکی نادیار وچارەنوسێکی مەترسیدار.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand