Draw Media

پارتی لە حكومەتدا بووە كەمینە  

پارتی لە حكومەتدا بووە كەمینە  

2019-03-30 09:36:08


هێڤیدار ئەحمەد
كابینەی حكومەت لە هەرێمی كوردستاندا لە 19 وەزارەت پێكدێت، تائێستا لە كابینەكانی پێشوودا پۆستی وەزارەتەكان بەسەر لایەنە بەشداربووەكان بە گوێرەی دەستكەوتی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی پەرلەمان نەبووە.

ئێستا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین و ئەم كابینەیەش كە بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات ئەویش بەگوێرەی دەستكەوتی هەڵبژاردن نابێ و بگرە پارتی كە كابینە پێكدەهێنێت وەك براوەی هەڵبژاردن ، دەبێتە كەمینە، چۆن؟

پارتی لە دوای رووداوەكانی 23ی حوزەیرانی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان و بەردەوام هەڕەشەی هەندێ حیزب لە كشانەوە لە حكومەت ، مەترسی لەدەستدانی نیسابی حكومی هەبوو.

حكومەت كە 19 وەزارەتە، 50+1ی حكومەت 11 وەزارەتە. هەموو هەوڵی پارتی ئەوەبوو لەم كابینەیەدا نیوە+1 لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانە بێت كە قەت پشتی تێناكەن و تووشی موفاجەئە نەبێ! گرەنتی بكات. بەڵام پارتی سەرئەنجام لەپێناو سەقامگیری كوردستان، دەستبەرداری ئەو پلانەی بوو . چونكە یەكێتی و گۆڕان زۆر لە قەبارەی خۆیان و دەستكەوتی هەڵبژاردن زیاتریان پێدراوە .

سەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، لەنێو پارتیدا رایەك هەبوو كە دەبێ یەكەم جار لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێكبكەوین، ئینجا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام نەبوونی مەرجەع و ناوەندی بڕیاردان لەنێو یەكێتیدا و گۆڕانی رۆژانەی هەڵویستیان ، هەروەها گرێدانی چەندین دۆسیەی جیاوازی دیكەی بە پرسی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ، پارتی ناچاركرد پلانەكەی بگۆڕێت و یەكەمجار لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێكبكەوێت . رێككەوتنەكە لەگەڵ گۆڕان لە 8/2/2019 واژۆكرا .

لە هەڵبژاردنەكانی 30/9/2018 یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزی دووەم دەركەوت و 21 كورسییان بەدستهێنا، داوای شەش وەزارەتییان لە پارتی كرد، گۆڕانیش كە لە هەڵبژاردنەكاندا 12 كورسی بەدەستهێناوە، زۆر گونجاوتر و عاقڵانەتر لە یەكێتی مامەڵەی كرد و هەر زوو پشكی خۆیان مسۆگەركرد و چوار وەزارەتیان بەدەستهێنا . یەكێتی دەڵێن گۆڕان لە مافی خۆی زیاتری پێدراوە و دەبووایە پارتی سێ وەزارەتی بدابووایە گۆڕان و ئێمەش ئەوكات داوای پێنج وەزارەتمان دەكرد، بەڵام كە گۆڕان چوار وەزارەتی هەیە دەبێ ئێمە شەش وەزارەت وەربگرین .

ئەگەر لێكدانەوەیەكی ماتماتیكی و ئاسان بكەین، دەردەكەوێت ، یەكێتی و گۆڕان دوو بەرامبەری دەستكەوتی هەڵبژاردن، پۆستیان پێدراوە.

لە كۆی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر لێكدانەوەیەك بكەین دەردەكەوێت :

یەكێتی 21 كورسی هەیە كە دەكاتە 18.9%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە 19 وەزارەتی حكومەت، شەش وەزارەتی بردووە كە دەكاتە 31.5%. واتە 12.6% لە قەبارەی خۆی زیاتری بردووە.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان 12 كورسی هەیە كە دەكاتە 10.8%ی كورسییەكانی پەرلەمان، بەڵام لە حكومەتدا 4 وەزارەتی وەرگرتووە كە دەكاتە 21%ی كابینەی نۆیەم . گۆڕانیش 10.2% زیاتر لە قەبارەی خۆی وەرگرتووە.

بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمە و 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانی هەیە، كە دەكاتە 40.54%ی كورسییەكانی پەرلەمان، لە كۆی ئەو 9 وەزارەتەی ماوە 7 وەزارەتی بەردەكەوێت ، وەزارەتێك بۆ كریستییانەكان و یەكێكیش بو سۆسیالیست، واتە 7 وەزارەت دەكاتە 36.8% لە كابینەی نۆیەم!(ئەوە ئەگەر لەگەڵ كۆمەڵ و ئەوانیدیكە رێكنەكەوێت) . تەنانەت ئەگەر پارتی هەشت وەزارەتیش وەربگرێت دەكاتە 42% ، ئەوەش هێشتا هەر لەو رێژەیە كەمترە كە لە هەڵبژاردندا بەدەستیهێناوە.

یەكێتی پێشتر گوتی، دەبێ پارتی حیسابی جوگرافیا و هێز بۆ یەكێتی بكات؟ نەك كورسی پەرلەمانی، بەوشێوەیەش، یەكێتی و گۆڕان لەو سنوورەی پێیدەڵێن (سەوز و نیلی) و ئێستا ملەوەنتر بووە ، 10 وەزارەتیان بەركەوتووە. كەچی سنووری دەسەڵاتی پارتی تەنیا 9 وەزارەتی بۆ ماوەتەوە!

ئەگەر یەكێتی بڵێ كاكە خۆ پارتی جگە لە سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی بەردەكەوێت . سەرۆكی حكومەت بۆیە پشكی پارتییە، چونكە هێزی یەكە و منەتی كەسی لەسەر نییە، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پارتی دەیگوت كاكە با لەنیو خەڵكدا بێ و كێ دەیەوێ با خۆی بەربژێر بكات، كە بەوە رازینەبوون، ئێستاش لەنێو پەرلەماندا دەبێ و ئەویش بە هەڵبژاردنە و كێ بیەوێ با خۆی بەرامبەر كاك نێچیرڤان بارزانی بەربژێربكات ، نەك دواتر بڵێن وەڵڵا پارتی دەستی بەسەر هەموو پۆستێكدا گرتووە.

رایەك هەیە دەڵێ، كاكە ئەگەر یەكێتی بیەوێ با پارتی تەواوی پشكی خۆیشی لەنێو حكومەتدا بداتە یەكێتی بەس بۆ ئەوەی رێگری لە هەموو هەوڵێك بكات كە بیەوێ لێكترازان قوڵنەبێتەوە و دوو ئیدارەیی دروست نەبێت ، شتێكی نەخوازراوی نزیك لەوەی 16ی ئوكتۆبەر روونەدات!

دروستبوونی ئەم وێنەیە لەسەر یەكێتی كە یەكجار زۆر خراپە، بەبێ بنەما نەبووە، ئەو ماوەیە لە گەرمەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەركردایەتی ئەو حیزبە، بەردەوام هەڕەشەی دوو ئیدارەییان كردووەو بگرە وەك بە ئێمەیان گوتووە دیراسەتیشیان كردووە كە شیوازی دوو ئیدارییەكە چۆن چۆنی بێت .

دروستبوونی ئەو وێنەیە لە سەر حیزبێك كە شەهیدی داوە بۆ كوردستان و ناوەكەشی "یەكێتی" بێ و باسی دوو ئیدارەیی بكات ، قەت لەگەڵ سیاسەتی ئەو شەهیدانەدا نایێتەوە كە لەژێر سایەی یەكێتی و بۆ خاكی كورستان خۆیان بە كوشتداوە. ئینجا سوێندی پەرلەمانتاران و وەزیران و گەورەترەكانیش بەشێوەی یاسایی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستانە ، ئەوكات ئەوان سوێند بە چ دەخۆن ؟ ئەوەی نوقسانە لەو حیزبە عەقڵە گەورەكەیە كە مام جەلال بوو، كە ئێستاشی لەگەڵدابێ دروستنەبووە، ئینجا ماڵباتی تاڵەبانی چۆن هەڵسوكەوت دەكات ، ئەوە رۆژانی داهاتوو پێماندەڵێت .

بەهیوای ئەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانیش دوای ئەو هەموو ململانێیە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، ململانێیەكی تووند بكەن بۆ دروستكردنی یەكڕیزی هێزە كوردستانییەكان لە كوردستان و بەغدا لەسەر پرسە ستراتیژییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتێكی باش بۆ ئەو خەڵكەی پێنج ساڵە لە قەیراندا تەحەمموولی هەموو شتێكیان كرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand