Draw Media

كێ خاوەنی خاكە؟

كێ خاوەنی خاكە؟

2019-03-30 17:51:17


ئاری محەمەد هەرسین

بیرۆكەی دروستكردنی هێڵێكی بۆری نەوت لە سعودیەوە بۆ ئیسرائیلی ئێستا شتێكی تازە نیە. لەساڵی ١٩٤٧، ئەوكاتەی كە هێشتا فەلەستین مەنداتی بەریتانی بوو و، لە لەندەنەوە ئیدارە دەكرا، دەست بە داڕشتنی ئەم پڕۆژەیە كرا. بڕیار وابوو هێڵەكە نەوتی سعودیە بۆ شاری حەیفا بگوێزێتەوە (كە بێگومان پڕۆژەیەكی ستراتیژی و زێڕین بوو بۆ بەریتانیەكان). بەڵام بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٤٨، بە ناچاری ئاڕاستەكەیان گۆڕی و، ئەم جارە هێڵەكە لە سعودیەوە دەستی پێكرد بە ئوردن و بەرزاییەكانی گۆلان لەسوریاوە بۆ شاری سیدۆن لە لوبنان لەقەراخ دەریای سپی ناوەڕاست.

لە ئێستادا پاش ٧٢ ساڵ لە دروستكرنی ئەو هێڵە، بیرۆكەیەكی تر لە ئارادایە كە ئەمەیان لوتكەی پێشێلكاری مافی میللەتانە لە لایەن ئەمەریكا و هەموو ئەو هاوپەیمانانەی كە لە جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە دا پشتیوانی لێ دەكەن. هەفتەی ڕابوردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆك كۆماری ئەمەریكا، بەرزاییەكانی گۆلانی لەسەر ئیسرائیل تاپۆ كرد( كە لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیركراوە)، لەكاتێكا كە ئەو ناوچەیە خاكی سوریایە.

جێرارد كۆشنەر (زاواكەی دۆناڵد ترامپ، كە ڕاوێژكاریشێتی) لە پلانەكەیدا كە ناوی ناوە( ئاشتی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ) پێشنیار دەكات كە ئوردن بەشێك لە خاكەكەی خۆی بدات بە فەلەستینیەكان و، لەبەرامبەردا سعودیەش بەشێك لە خاكەكەی خۆی بداتە ئوردن (پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە). بەوجۆرە فەڵەستینیەكان لە ئیسرائیل كۆچی بە كۆمەڵ پێ بكرێن و، لە ئەنجامیشدا پاش زیاد لە نیو سەدە كێشە و قەیرانی عەرەب و جولەكە كۆتایی پێ بهێنرێت و، هێڵێكی بۆری نەوت دروست بكرێت لە سعودیەوە بۆ ئیسرائیل. ئەمەش مانای ئەوەیە ئیسرائیل لە جیاتی جارێك دوو جار پارەی ترانزیتی ئەو نەوتەی بە خاكەكەیدا دەڕوات لە سعودیە بستێنێت. كە ئەگەر ئەم بەرنامەیە بە تەواوەتی سەر بگرێت، دەكاتە جارێك بۆ ئەو بۆریەی كە بە گۆلاندا تێ دەپەڕێت و دەچێتە لوبنان، جارێكیش ئەو بۆریەی كە دەچێتە ناو خاكی ئیسرائیل خۆیەوە

ئێمە ڕێفراندۆمێكمان كرد كە نە زیانی بۆ كەس هەبوو نە مەترسیش بوو لەسەر كەس، ئەوە بو لە ١٦ ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ بە پشتیوانی خۆرئاوا (لەسەرو هەمویانەوە ئەمەریكا و بەریتانیا) موئامەرەیەكی نێودەوڵەتیان لێ كردین. كەچی لەمسەرەوە معامەلەی كڕین و فرۆشتنی نیشتیمانی میللەتان، لەپێناو بەرژە وەندی ئابوری و سیاسی خۆیان دەكەن... كێ ئەم حەقەی پێ داون؟

ئەم بیرۆكە و بەرنامە شەیتانیە، دیسانەوە لوتكەی بێ ئەخلاقی ئەوكەسانەیە، كە بیریان لێكردۆتەوە، ئەوانەشی كە پشتیوانی دەكەن و... ئەوانەش كە جێبەجێی دەكەن
ژیرانەیە لە خۆمان بپرسین: ئایا مەسەلە چارەسەركردنی كێشەی نێوان جولەكە و فەلەستینیە كانە، یان مسۆگەر كردنی دەستكەوتی ئابوری؟... كامانەن ئەو میللەتانەی خاوەنی خاكی خۆیانن؟...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand