هەدەپه یەكەمی نێو زیندان
2019-04-01 06:56:55
هیوا سەید سەلیم
ئەنجامە بەرایيەكانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا و باكوری كوردستان دەركەوتن، پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) كە لەو هەڵبژاردنانە لەسەر دوو ستراتیژ كاری دەكرد توانی بە رێژەیەكی باش سەركەوێت.
ستراتیژی یەكەم بریتی بوو لە شكست پێهێنانی سیاسەتی فەرزكردنی قەییومەكان كە دوای هەڵبژاردنی 2014 شارەوانیەكانەوە بەسەر شارەوەانیەكانی (HDP) سەپێندرابوون، كە لە كوی 102 شارەوانی ژێر دەستی (HDP) زیاتر لە 90 شارەوانیان لە ساڵی 2016 لە لایەن قەیوومەكانەوە بەڕێوە دەبردران، لە هەڵبژاردنی 31 ئادار (HDP) توانی بەشی هەر زۆری ئەو شارەوانیانە بۆ جارێكی تر بباتەوە و شكست بە دەسەڵاتی قەیوومەكان بێنێت، ئەگەرچی بە داخەوە بەشێك لەو شارەوانیانەی نەبردەوە كە ئەمەشیان هۆكاری خۆی هەیە بە تایبەت شارەوانی شرناخ.
ستراتیژی دووەم كە (HDP) كاری لەسەر دەكرد بریتی بوو لە پشتیوانیكردن لە بەرەی ئۆپزسیۆنی دەسەڵات لەسەر ئاستی شارە گەورەكانی توركیا، چونكە ئاشكرا بۆ ئەو هەڵبژاردنە دوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپزسیۆن لە ڕكابەری توندی یەكتر دابوون كە بریتی بوون لە ئەكەپە و مەهەپە كە بە بەری كۆماری ناسرابوون نوێنەرایەتی دەسەڵاتیان دەكرد، لە بەرامبەریشدا بەرەی میللەت بە پێشەنگایەتی جەهەپە و ئی پارتی و پشتیوانی هەریەك لە هەدەپە و پارتی سعادەت.
لەو ستراتیژەشدا (HDP) توانی باش سەركەوتن بەدەست بێنێت و لەپاڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن شكستێكی گەورە رووبەڕووی بەرەی دەسەڵات بكەنەوە بە تایبەت لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و هەریەك لە شارە گەورەكانی( ئیزمیر و ئەدەن و مێرسین و ئەنتاڵیا...هتدا) .
لەوانەیە زۆرێك لە چاودێران بە تایبەت لەنێو كورد پێیان وابێت كە ئەوەی (HDP) كردی خزمەتێكی بێ بەهای بەرەی ئۆپزسیۆنە بەبێ ئەوەی دەستكەوتێكی بۆ خۆیان هەبێت، ئەمە دیوێكی ڕاستە، بەڵام دیوە هەرە ڕاستەكەس ئەوەیە كە دەبوو (HDP) كارێك بكات بۆ لاوازكردنی بەرەی دەسەڵات كە بەتەنیا ئەو ئەركە بەو ئەو رانەدەبوو.
لەو دۆخەی كە (HDP)دوای هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی 2014 تێیكەوتووە ئەویش بە زیندانیكردنی هاوسەرۆكەكانی پارتەكەیان و 12 پەرلەمانتاری ئەو پارتە و زۆربەی سەرۆك شارەوانیەكان وە ئەوەشی كە لە زیندان نیە نێردراوەتەوە ماڵەوە و قەییوم لە شوێنی داندراوە، جگە لەهەموو ئەمانە هەرچی هەڵسواڕاوی دیاری (HDP) یە كە مەزەندە دەكرێت بە زیاتر لە دە هەزار كەس ئێستا لە زیندان دان ئاسان نەبوو بۆ (HDP) بچێتە نێو كێبڕكێی هەلبژاردن، بەڵام ئەوە HDP)) و ملی دایە ئەو ڕكابەریە گەورەیە بەبێ بوونی هەلی یەكسان بۆ پڕوپاگەندە كردن لە فەزایەكی نادیموكراسی بە تایبەت لە شارەكانی باكووری كوردستان و لە ژێر حوكمی جەندرمە و پۆلیس كەوتە ركابەری وە توانی ئەوە بەدەست بێنێت كە بەلای ئێمە سەركەوتنێكی گەورەیە.
لە 31 ئادار ئەگەرچی (HDP) نەیتوانی تەواوی قەیوومەكان بنێرێتەوە بۆ ئەنقەڕە، بەڵام سەركەوتنی گەورە لە شارەكانی وەك ( ئامەد و ماردین و وان و باتمان) دەیان شار و شارۆچكەی تر لەو دۆخەی كە ئاماژەمان پێدا سەركەوتنێكی مەزنە.
لە هەمووشی گرنگ تر ئەوەیە كە دەبێت بزانێرێت (HDP) یەكەمی نێو زیندانەكانی توركیایە واتا حەماسەتی خەڵك لە شارەكانی باكوور بۆ بەشداری لە هەلبژاردن لە زیندانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە ئەو سەركەوتنە دەبێت لە زیندانیانی (HDP) و مانگرتووانی ئەو پارتە پیرۆز بكرێت ئینجا لەوانەی كە بەرگەی حوكمی سەربازی دەگرن و ئەوانەشی كە خۆیان بۆ چوونە زیندان هەلبژاردووە و دڵنیاش زۆری نابات ئەوانیش دەخرێنە زیندان.