Draw Media

یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم... له‌ نێوان ڕابردوو ئێستا

یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم... له‌ نێوان ڕابردوو ئێستا

2019-03-30 10:45:03


سەرتیپ وەیسی كەریم 

به‌شێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر باسله‌وه‌ده‌كه‌ن، به‌لای نه‌وشێروان موسته‌فا ته‌نها پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان گرینگ بووه‌ ، بۆئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌یه‌كی ئه‌وكاتی "ئه‌رسه‌لان بایز" وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌هێنه‌وه‌، كه‌ گوایه‌ ئه‌وكات ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ به‌ ئه‌رسه‌لان بایز وتووه‌. واته‌ به‌لای ناوبراو پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ناو خه‌ڵك، یاخود له‌ په‌رله‌مان واتای گۆڕینی سیسته‌مه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی.
ئه‌م یاریه‌ی به‌شێك له‌ گۆڕانه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، جگه‌ له‌ بیانوی خۆ ده‌ربازكردن له‌و هه‌ڵانه‌ی تێیكه‌وتوونه‌ هیچی دیكه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر گریمان ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاسته! خواستی رێكخه‌ری پێشووی ئه‌و حزبه‌ ئه‌وه‌بوو، كه‌ ته‌نها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان بێت، ئه‌وا پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی مێژووی خۆی بڕوانینه‌ ئه‌و قسه‌یه‌، چونكه‌ ئێستاو ئه‌وكات زۆر جیاوازیان هه‌یه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
1. ئه‌وكات بارزانی ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و پۆسته‌ چۆل بكات، به‌ڵام له‌ ئێستادا بارزانی نه‌ماوه‌.
2. ئه‌وكات پارتی له‌ نێو په‌رله‌مان كه‌مینه‌ بوو، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك بچێته‌ ناو په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێستا زۆرینه‌یه‌.
3. ئه‌وكات بارزانی ڕه‌تیده‌كرده‌وه‌ ده‌ستوور بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێستا ده‌ستوور له‌ گۆڕێ نییه‌و بڕیاره‌ له‌ داهاتوودا بنوسرێته‌وه‌.
4. ئه‌وكات هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌گه‌ره‌بوو له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، لایه‌نه‌كان ده‌یانویست به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت كێشه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم چاره‌سه‌ربكه‌ن، ئێستا به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌.
5.ئه‌وكات هه‌ڵبژاردن نه‌كرابوو، ئێستا هه‌ڵبژاردن ته‌واوبوو، دوای ئه‌وه‌ی پارتی مه‌سرور بارزانی كرده‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، پارتیش ناچاربوو یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی شوێنكردنه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی.
ئه‌و كورتبینیانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن " به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان سه‌رۆك به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان " دیسانه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵ پڵاوی نه‌زانیه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌قێكی كۆنكرێتی یاسایی نه‌بێت، باس له‌ میكانیزمی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات، ئه‌وكات ئه‌و قسانه‌ی له‌م وه‌ره‌قه‌یه‌ی به‌ ناوی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نوسراوه‌، گشتیان باتڵ ده‌بێته‌وه‌و فلسێك ناهێنێت.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئێستا بۆ هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شكراوه‌، پڕۆژه‌یه‌كی تۆكمه‌و خواستراوی پارتیه‌، ده‌كرێت له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ ده‌ستخۆشیان لێبكرێت و ده‌نگی پێبدرێت، به‌ڵام نه‌نگی و شوره‌یه‌، پڕۆژه‌ی پارتی به‌هی خۆت بزانی و، پێتوابێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ خواسته‌كانی ڕابردووی گۆڕانی هێناوه‌ته‌ دی.
ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ نێو ئه‌و حزبه‌دا بوونه‌ته‌ عه‌رابی كاراكردنه‌وه‌و هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كاتی خۆشی په‌رله‌مانیان كرده‌ قوربانی ئه‌و پرسه‌، دواتریش دوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌ساردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمیان وه‌ك خزمه‌تێكی پارتی، له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌و كرده‌ ده‌سته‌كه‌وت، ئێستاش ده‌یانه‌وێ ئه‌و كاراكردنه‌وه‌و هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكه‌نه‌ ده‌ستكه‌وت، له‌ پێناو داپۆشینی شكستی خۆیان و كورتبینیان له‌ سیاسه‌تكردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand