Draw Media

دوو سەرنج لەسەر کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم

دوو سەرنج لەسەر کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم

2019-03-30 20:00:02


رێبوار ئەورەحمان
*چەند ساڵێکی شەڕی سەخت و ململانێی قورس لەپێناو گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بوو لەسەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، قسەی زۆر لەمبارەیەوە کراو باش و خراپیی هەردوو سیستم خرایەڕوو، هەر چوار لایەنی (یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی بوون، بەڵام دواجار ئیرادەی بەتەنها پارتی سەرکەوت کە لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی بوو، تەنانەت سیستم نەگۆڕاو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەڵوەشێنرایەوەو دەسەڵاتەکانی دابەشکران و پەرلەمانیش داخرا. 
ئەوەی ئێستا گۆڕان زۆر باسی لێوەدەکات ئەوەیە کە سیستمی گۆڕیوە بۆ پەرلەمانی، ئەوەتا کاندیدەکەی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم لەنێو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام، کێشەکە لەوەدایە کە گۆڕینی سیستم بۆ پەرلەمانی ئامانجی یەکەمی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بوو، کەچی ئێستا ئەم برادەرانە رازیبوون کە سەرۆکی هەرێم بەهەموو دەسەڵاتەکانیەوە لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و ئەم هەڵبژاردنەشی لەپەرلەمانەوە تەنها بۆ ئەم خولەیەو باقی دەسەڵات و چۆنیەتی هەڵبژاردنەکەی بۆ دەستوورێک بەجێدەهێڵن کە لەسەرەتاوە دیارە بەدڵی پارتی دەبێت. کەواتە، گۆڕان چ گرەنتیەک دەدات کە لەدوای ئەم خولەوەو لەدەستووردا سیستمی پەرلەمانیی جێگیر دەکرێت؟ خۆ خولی دوای ئەمە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بۆی هەیە جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، ئایا گۆڕان گرەنتی ئەوەی وەرگرتووە ئەم سیستمە لەدەستوردا جێگیر بکرێت و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمیش کەم بکرێتەوەو ئەگەر بارزانیش خۆی کاندید کردەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، ئایا دێتە پەرلەمان متمانەی پێبدەن؟ تائێستا پێناچێت وابێت.
پێشتر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆرتر قسەیان لەسەر ئەوەبوو کە دەبێ سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانیشی تەشریفاتی بن وەک سەرۆک کۆماری عێراق، کەچی ئێستا پرۆژە یاسایەک پێشکەش دەکەن کە تاکە شتێک تیایدا گۆڕدرابێت ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانێکەوە هەڵدەبژێردرێت کە تەواو لەژێر هەژموونی پارتیدایە، بەڵام تەواوی دەسەڵاتەکانی ماوەو هیچی لێنەگۆڕاوە، ئایا گۆڕینی سیستم لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانیی تەنها ئەوەیە سەرۆک لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت؟ ئەی دەسەڵاتەکانی؟.
*خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش لەم پرۆژە یاسایەدا ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم تەنها بۆ ئەم خولە لەپەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەکانیی و چۆنیەتی هەڵبژاردنیشی لەخولەکانی داهاتوودا بۆ دەستوور بەجێهێڵراوە، ئایا گۆڕان زۆر دڵنیایە لەوەی کە دەتوانێت لەدەستووردا سیستمی پەرلەمانی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم جێگیر بکات؟ لەخولی پێشوودا پارتی کەمینەی ناو پەرلەمان بوو، بەڵام زۆر بەئاسانی و زۆر بەسانایی پەرلەمانی داخست و بۆیشی چووە سەرو گۆڕان و لایەنەکانی تریش هیچیان پێنەکرا، ئەی ئێستا کە تەواوی پەرلەمان لەژێر هەژموونی خۆیدایە لایەنەکانی ترو بەتایبەت گۆڕان چۆن لەپەرلەماندا بەرەنگاری رەشنووسی دەستورێک دەبێتەوە کە پارتی بەپێی ویستی خۆی دەسەڵات و چۆنیەتی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم دیاری بکات؟.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand