بۆمبەکەی پەرلەمان بەکێدا دەتەقێتەوە؟
2019-03-30 20:32:20
زانا ئەحمەد
یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەو پرسەی کە لەماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا زۆرترین قسەوباسی لەبارەوە کراوە و سەرچاوەی بەشێکی زۆری کێشەکانی هەرێم بووە و تائێستا خاڵی ناکۆکی و ململانێی بەشێک لە هێزو لایەنە سیاسیەکانە، بەڵام دوای ئەو ماوە زۆرە هێشتا ئەم پرسە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی لەسەری و وەک بۆمبێکی نەتەقیوی خولەکانی پێشوو بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ماوەتەوە.
ساڵی ٢٠٠٥ یەکێتی و پارتی بە پرۆژەیەکی هاوبەش یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیان دەرکردوو و لەمانگی حوزەیرانی هەمان ساڵیشدا بۆیەکەمجار مەسعود بارزانی چووە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم و بۆماوەی نزیکەی ١٢ساڵ وازی لەو کورسیە نەهێناو بەوهۆیەشەوە چەندین قەیران و تەنگەژەی سیاسی ڕوی لە هەرێم کرد.
بەپێی ئەو یاسایەی کە ساڵی ٢٠٠٥ لەپەرلەماندا پەسەند کراوە، ماوەی هەرخولێکی سەرۆکایەتی چوار ساڵەو سەرۆکی هەرێمیش تەنیا دوو خول بۆی هەیە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دوای تەواو بوونی دوو خولی سەرۆکایەتی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ویلایەتی دووەمی سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات،بارزانی وازی لە پۆستەکەی نەهێناو بەپێی ڕێکەوتنێکی ژێربەژێری نێوان پارتی و یەکێتی لە ڕۆژی ٣٠ حوزەیراندا بۆماوەی دوو ساڵی دیکە ویلایەتی دووەمی سەرۆکی هەرێم درێژکرایەوە، بەڵام ئەم درێژکردنەوەیە پەیوەست بوو بەڕێکەوتنێکی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی کە بە ڕێکەوتنی ستراتیژی ناودەبرێت.
ڕۆژی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٨ دوای ململانێیەکی چەند ساڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام بۆ یەکەمجار ئەم دوولایەنە ڕکابەرەی یەکتر لەسەر یەک پرۆژە کۆک بوون ئەویش هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بوو، هەرچەندە چەند لایەنێک پێداگرییان کرد لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیە لەو کاتەدا ، بەڵام پارتی و گۆڕان سوربوون لەسەرمانەوەی دەزگاکە، ئەم هەڵوێستە هاوتەریبە بەشێک لە بەستەڵەکی نێوان پارتی و گۆڕانی تواندەوە.
بەڕای من ئەم هەڵویستە هاوتەریبە سەرەتایەک بوو بۆ نزیک بوونەوەی تەواوی ئەم دوولایەنە لەیەکتر و ئەمە هۆکاری توانەوەی بەستەڵەکی پەیوەندیەکانی نێوانیان بوو، بەجۆرێک ڕێکەوتنی سیاسی لێکەوتەوە کە ڕۆژی ١٨ی شوباتی ڕابردوو لەپیرمام لەنێوان پارتی و گۆڕاندا واژۆ کرا.
بۆیە ئەگەر ساڵی ٢٠١٣ پشتگیرییەکانی یەکێتی چوبێتە خزمەت پارتی یەوە بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئەوا لەساڵی ٢٠١٩شدا گۆڕان هەمان ئەو ڕۆڵەی یەکێتی بینوە بۆپارتی، خاڵی هاوبەشی ئەم دوو مێژووە جیاوازەش ئەوەیە لەهەردوو بارەکەدا هەم پشتگیری گۆڕان و هەم پشتگیری یەکێتی چووەتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی پارتی یەوە،بەڵام ٢٠١٣دا گۆڕان نەیاری پرۆژەکە بوو لە ٢٠١٩شدا یەکیتی نەیاری پرۆژەکەی پارتی و گۆڕانە.