لێگهڕێن با حكومهت دهستبه كاری خۆی بكات
2019-03-31 13:17:38
سەلام عەبدوڵڵا
بەڵگە نەویستە كە هۆكاری سەرەكی هەڵبژاردن لە وڵاتاندا بۆ زانینی پێگە و قەبارەی حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دەكرێ كە بەوپێیە لەمەودوا بەپێی دەنگەكانی لە دامەزراندنی حكوومەتدا بەشداری بكات.
هەروەك حزبی براوەی یەكەمیش داوای لێدەكرێت كابینەی حكوومەت دروست بكات و گەر توانی بە تەنیا ئەو كارە ئەنجام بدات و دەنگی پێویستی هەبێت، ئەوا دەیكات، دەنا پەنا دەباتە بەر هاوپەیمانی لەگەڵ حزبەكانی ترو دەنگی پێویست دەستەبەر دەكات و بەوپێیە حكوومەت دادەمەزرێنی و پلەو پۆست بەسەر خۆی و حزبەكانی تری بەشداربووی حكوومەت دابەش دەكات و ئەوانی دیكەش كە بەشدار نابن لە حكوومەتدا ئەو دەتوانن رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن لە پەرلەمانداو چاودێری وردی كارەكانی حكوومەت بكەن و كەموكوڕییەكانی دەستنیشان بكەن بۆ خەڵكی و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا وەكو چەكێكی كاریگەر دژی ئەو حزبانەی دەسەڵات بەكاری بهێنێن و دەنگی پێ پەیدا بكەن.
لەبەرئەوەی لە یەكەمین هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستاندا تەنها دوو حزب توانیان دەنگی پێویست پەیدا بكەن و بچنە نێو پەرلەمانەوە و بەهۆی نزیكی- تا رادەیەك- دەنگەكان لە یەكدییەوە و پاراستنی بارودۆخی هەرێم وا بە باش زانرا كە سیاسەتی پەنجا بە پەنجا پەیڕەو بكرێ و ئەو دوو حزبە وڵات پێكەوە بەڕێوە ببەن.
بەڵام لەوە دوا، لە هەڵبژاردنەكانی تردا، كۆمەڵێك حزبی تر مۆڵەتی لە هەڵبژاردندا بۆ ڕەخسا كە ئەوانیش بچنە نێو پەرلەمان و داوای بەشداری لە حوكمڕانی وڵاتدا بكەن و هەروەك هەندێ حزبی نوێش هاتەكایەوەو توانیان بچنە نێو پەرلەمان، بۆیە ئەو هاوكێشەیەی دەسەڵات لە وڵاتدا تەنیا لە رێی دوو حزبەوە بەڕێوە ببرێ ئەو گرنگییەی نەما، بەتایبەتی كە دواتر حزبەكان بەسەربەخۆیی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان دەكردو بەوپێیەش سەنگ و پێگەیان دیاری دەكراو ئیدی هیچ پاساوێك بۆ سیاسەتی پەنجا بە پەنجا نەما.
ئێستا كە پاش دوایین هەڵبژاردن هەموو حزبەكان قەبارەی خۆیان و سەنگیان لای دەنگدەران بۆ ئاشكرا بووە، پێویستە ئیتر گوێڕایەڵی دەنگدەران بن و پاساو نەدۆزنەوە بۆ پێگەو مێژووی كۆنی خۆیان و خەباتیان، چونكە ئەمە پڕۆسەیەكی دیموكراتییەو دەبێت پەیڕەو بكرێت.
سۆسیال دیموكراتەكانی سوید 44 ساڵ حوكمڕان بوون، بەڵام كە لە هەڵبژاردنی 1982دا دۆڕان زۆر بە دڵێكی گەورەوە كورسی دەسەڵاتیان بۆ حزبی براوە بەجێهێشت كە پێویستە هەموو ئەو حزبانەی بڕوایان بە هەڵبژاردن و مافی دەنگدەر هەیە ئەم ڕاستییە سادەیە بێ چەندو چوون قبوڵ بكەن بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە، ئیدی حكوومەت دوای 181 رۆژ با دەست بە كاری خۆی بكات.