بایکۆت و نوێژی بەیانی!
2019-03-31 13:24:44
هادی حەمەڕەشید
کە حیزب گەیشتە ئەو قۆناغەی کە کادیر و هەوادارانی بەیەك ڕیتم و یەك پاساو بۆ ڕووداوەکان بهێننەوە، ئەوە واتە لەوێ عەقڵ باری کردووە و توتی ئاسا هەمووان یەك دەستەواژەیان پێ لەبەرکراوە و ئەیڵێنەوە!
چەند ڕۆژێکە یەك پۆستی فەیسبووك وەك پاساوی گۆڕانی گردەکە بخوێنەرەوە و ئیتر خۆت ماندوو مەکە بەوانیترەوە، هەمان پاساوە و لەبری(حەسەن کەچەڵ) ئەڵێن کەچەڵ حەسەن!
چی جری بری، چی بری جری هیچ لە واتاکەی ناگۆڕێت!
لەناو ئەو دوو سێ پاساوە لەقوتونراو(معلب)ـانەدا کە بەسەریاندا دابەشکراوە، دوو پاساو زۆر جێگای لەسەر وەستان و هاوکات هێڵنج هێنەر هەیە:
۱ـ نایشارنەوە کە ئەمەی کراوە دڵخوازی پارتییە، بەڵام پارتی ٤۵ کورسیی هەیە و ئێمە ۱۲، ئەمەش با ئەوانە وەڵام بدەنەوە کە (بایکۆت)ـی هەڵبژاردنـیان کرد، دەنگدەرانی پارتی ئەوانیان کرد بە خاوەنی ئەو ژمارەیە و ئەوانەی ئێمەش ئێمەیان بچووك کردەوە!
جا لەوەگەڕێن کە ئێستا گوتاری گۆڕانی گردەکە گۆڕاوە و بە پیتێکیش باسی ساختەکاریی هەڵبژاردن ناکەن، سەروەختی دەرکەوتنی ئەنجامەکان ئێمەومانان ئەمانووت: ناکرێت هەموو ئۆباڵەکە بخرێتە ئەستۆی ساختەکاریی هەڵبژاردن و پێویستە دان بنێین بەوەدا کە دەنگدەران سزایان داوین، ئەیانووت: ئێوە ئاو ئەکەن بەئاشی یەکێتی و پارتیدا!
ئۆکەی ئێستا تێگەیشتن کە حەجمی بایکۆت زۆرە، هەر بۆ بەرچاوڕوونییتان گۆڕان لە هەڵبژاردنی ۲٠۱۳دا نزیکەی ٤۸۹٠٠٠ چوار سەد و هەشتاو نۆ هەزار دەنگی هێنا، بەڵام لە ۲٠۱۸دا نزیکەی ۱٦٠٠٠٠ سەد و شەست هەزار دەنگی هێنا، واتە نزیکەی ۳۳٠٠٠٠ سێ سەد و سی هەزار دەنگ کەمی کردووە، گریمان زۆربەی زۆری ئەو ژمارە بایکۆتیان کردووە، (دڵنیاتان ئەکەم نیوەی ئەو ژمارە کەمەشی کە هێناومانە دوا دەرفەتی پێداوین و ئامادە نیە بەم حاڵەوە جارێکیتر دەنگ بدات!)
کەواتە جەنابتان لەو گردەوە دانیشتوون و زۆر بێ منەتانە بەڕووی هەرکەسێکدا ئەتەقیتەوە کە ڕەخنەیەکت لێبگرێت و پێی ئەڵێیت: کە تۆ بایکۆتت کردووە چۆن لەڕووت هەڵدێت قسە بکەیت!
بەم زمانە نزم و پاتاڵە ئەتەوێت چۆن دڵنەوایی ئەوانە بکەیت کە بایکۆتیان کردووە؟!
بۆچی وائەزانن کۆتایی دنیایە و جارێکیتر پێویستتان بەم دەنگانە نیە؟!
هەی خەوتوو و بێئاگاکانی گردەکەی چیا و نما; یەکێتی بەنیازە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی عێراقدا بکرێت، (ئەوەی با کردی بە باران، بارانیش ئەیکاتەوە بە با) تاڵاوی ۳٠حوزەیرانیان بیرماوە، ئێوەش بەم بێ منەتییەتان لە دەنگدەرانمان، حەتمەن نیوەی ئەم ژمارە کەمەش ئەسپێرنەوە بە بایکۆتێکی نوێ!
فراکسیۆنەکەی ئێمە دڵیان لەوەی پارتی گەرمترە بۆ پڕۆسەکە، ئێوەش هەر بەشان و باڵیاندا هەڵئەدەن و قسەی سواو و چەندبارە ئەڵێنەوە، بۆچی پێتان وایە گێچەڵی ئەم سەفەقاتە ئێخەمان ناگرێتەوە؟!
۲ـ کە باسی فەزاحەتی (کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم) دێتە گۆڕێ، بە هەموو بڕوای خۆیانەوە ئەڵێن: ئێمە ئەوەندەمان پێکرا، کێ باشتری پێ ئەکرێت بابفەرموێت!
هەندێ جار ئیستیشهاد بە بەسەرهاتێکی مەولەوی ئەکرێت، کە گوایە بە پیاوێکی وتووە: بۆچی نوێژ ناکەیت؟
ئەڵێ: بەخوا ناتوانم بەیانیان هەستم بۆ نوێژ، کۆمەڵێك مەلاش پێیان وتووم کەئەگەر نوێژی بەیانی نەکەم کافرم!
مەولەوی پێی ئەڵێ: قوربان تۆ ئەو چوار فەرزە بکە، بەیانیت لەسەر من.
دوایی مەلاکانیتر ئامبازی مەولەوی ئەبن و پێیئەڵێن: بۆچی واتوتووە؟
مەولەوی ئەڵێ: قوربان من هەر ئەوەم پێکرا، خۆم تەنیا چوار فەرزم پێکرد، فەرموو ئێوەش بە هەمووتان نوێژی بەیانیی پێ بکەن!
نەگبەتی ئەم هەرێمەی ئێمە لەوەدایە کە هێزە سیاسییەکانی پێشبڕکێی خراپییانە نەك چاکیی!
لەکاتێکدا کە گۆڕان تەسلیمی چیا و سەرانی گردەکەی نەکرا بوو، لەخولی پێشوودا هەوڵی فەرهادییدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام بەداخەوە یەکێتی و یەکگرتوو زۆر نائەخلاقیی بەرخوردیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا کرد و پشتیان لەپڕۆژە هاوبەشەکەیان و گۆڕانیش کرد، تا ئەوەی کە ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی پەرلەمان ڕوویدا!
بۆیە هەرچی بە یەکێتی و یەکگرتوو ئەڵێن ڕاستە و مافی خۆتانە، بەڵام چی بە ئێمەومانان و ئەو ۳۳٠٠٠٠ دەنگدەرە بایکۆتە ئەڵێن؟!
بۆچی ئێوە وائەزانن پڕۆسەی سیاسیی یاری ماڵەباجێنەیە؟! ڕۆژێك یەکێتی ۳٠ حوزەیران و یەکگرتوو ۵بە۵ و ئێوەش بە ئیتیفاقیەیەکی شوومی نێوان دوو خێزانی سیاسی یاری بەچارەنووسمان بکەن و دواتریش سوك و ئاسان پێمان بڵێن: ئێمە ئەوەندەمان پێکرا، کێ چاکتری پێئەکرێت بابفەرموێت؟!
سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێرێت، دنیا ئەبێتە شامی شەریف، با هەموو دەسەڵاتەکانیشی مابێت و ڕێککەوتنەکەش لەنێوان دوو بنەماڵەدا کرابێت، سەرەتایەکیتری تەوریسی سیاسیی بێت!!