ئاوا، ئاشتدەبنەوە ؟!
2020-03-19 18:27:14
بەشدار عوسمان
دیمەنی غەرقبوونی یەخت و پاپۆڕەکانی ئیجە کە پڕیەتی لەگەنج و مناڵ و ژنی نائومێد کراوی کوردستان، رۆژانە هەواڵی میدیاکانە، لەولاشەوە دەستبەسەرداگرتنی هەرچی شوێنی ستراتیژیی و زەوی گرانبەهایە لە شارەکان و تاپۆکردنی گرد و تەپۆڵکەکان، تا دەگات بە بەرزکردنەوەی ڤێلا و خانو و شوقەکانیان لەگرانبەهاترین شوێنی شار و پایتەختەکانی دنیا بۆ مناڵ و کوڕ و کوڕەزاکانیان. ترس و تۆقاندن و دەمکوتکردنی هەزاران، تا دەگات بە دیمەنە تراژیدیاکانی لێدان لە ناوگەڵی مامۆستایان و سوتاندنی ڕیشیان، دەربازکردنی سەدان تاوانباری گەورە و بچووک تا دەگات بە ئازادکردنی دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵە هەشت ساڵانەکە، دەستواڵایی بۆ دەیان دەزگای موخابەراتی ناوچەکە و دنیا و تیرۆر و تەسلیمکردنەوەی بەرهەڵەستکارانیان لەناو جەرگەی شارەکان.
داتەپینی کەرتی تەندروستیی گشتیی و کردنەوەی دەیان نەخۆشخانەی تایبەت بۆ بەرپرسان تا دەگات بە دەرخواردی دەرمانی ئێکسپایەر و کوێرکردن و کوشتن و کەمئەندامی دەیان و سەدان هاوڵاتی، گلدانەوەی سەدان مناڵ و خوێندکار لە ژوورێکی سێ بەچواری بەناو خوێندن و فێربوونی حکومی، تادەگات بە ناردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بۆ مناڵە نازدارەکانیان و کردنەوەی دەیان زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی هاوچەرخ.
ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی ئەنجام تا دەگات بە سوتاندنی بنکەکانی دەنگدان، گرتن و زیندانیی و تیرۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان تا دەگات بە کردنەوەی دەزگای میدیای بەپارەی خەیاڵی لەسامانی خەڵک بۆ چەواشەکاریی و ساغکردنەوەی درۆکانیان، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و دەرخوارددانی خواردن و کاڵای ئێکسپایەر.
ئەمانە و دەیانیتر، دیمەنی ئاشنان و مێژوویەکی دووری نییە، لە زاکیرەی خەڵکدا زیندوون و شوێنەوارەکانیان بەئاسانیی کاڵ نابێتەوە.
بەسێڵفیەکانی کۆڕ و کۆبوونەوەکانتان هەڵمەخەڵەتێن، غرور نەتانگرێت بە سوپا و هێزە چەکدارەکان، بەبێدەنگکردنی زۆرینە و کڕینی دەستەبژێرێک دڵتان خۆش نەبێت، بەبێ ئومێدکردنی خەڵک لە ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازیی ئاسوودە مەبن. کێوێک لە توڕەیی و ناڕازیبوون، لەنێو دڵ و دەروونی بەشێکی هەرە زۆری خەڵک پەنگی خواردووەتەوە، مەودایەکی درێژ لە بێ متمانەیی و بێ سیقەیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات کێشراوە، بۆیە هەست و دڵسۆزیی و هاوکاریی و پشتیوانی خەڵک لەبڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، لە ئاشتکردنەوەی خەڵک بۆ دەسەڵاتێک، کە بۆ ساتێکیش دەستی نەپاراستووە لە ئازار و ئەشکەنجە و رووتانەوەی سامانەکەی، مانایەک پەیدا ناکات. مووچەخۆران چاوەڕێ بوون ژمارەی بانکی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان وەربگرن، نەک ژمارە بانکی بۆ خۆیان بکەنەوە ! ئەگەر زەخت و فشار و ناچارکردن نەبێت، بەدڵنیاییەوە یەک فلسی تێناچێت.