کورۆنا ، کۆتایی سەردەمی جیهانگیری
2020-03-19 13:36:27
هونەر تۆفیق
کورۆنا لەیەک کاتدا هەم ترۆپکی سەردەمی جیهانگیری - گلۆبالیزەیشنە و هەم ڕاگەیاندنی کۆتاییەکەیەتی .
زیاتر لەسەدەیەکە سەرمایەداری جیهانی تەروج بۆ تیئۆری جیهانگیری و داڕشتنی نەخشەی جیهان دەکات بەپێ ی ئەو بازاڕانەی خۆی دەیەوێت بازرگانی تیادابکات . ئەم تەرویجە سەرمایەداریە ، کاریگەریەکانی گەشتووە بە فیکر و سیاسەتی دنیا . بەروپێشەچوونە تەکنەلۆژیەکان و هەڵوەشاندنەوەی بلۆکە سۆسیالیزمەکەی رۆژهەڵاتیش ، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ پراکتیزەکردنی تیئۆری جیهانگیری .
هیچ هێزێکی ئابووری ڕکابەریش نەبوو ( وەک ئێستای چین بەنمونە) بەر بەو ڕەوتە بگرێت ، مۆدێلی کۆنفیدراسیۆنی ئابووری لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا ، لەئەنجامی کاریگەری ئەو ڕەوتەدا دروستبوون کە شێوەکانی : یەکێتی ئەمریکا - کەنەدا - مەکسیک لەباکووری ئەمریکا . یەکێتی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەباشووری ئەمریکا . یەکێتی ئەوروپا لە خۆرئاوای ئەوروپا . هەوڵی دروستبوونی یەکێتی وڵاتانی باکووری ئەفریقیا . مەجلیسی تەعاونی عەرەبی لەنێوان عێراق ، میسر ، ئوردن و یەمەن . مەجلیسی تەعاونی خلیجی لەنێوان میرنشینەکانی کەنداو . یەکێتی حەوت پڵنگەکە لەنێوان وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا . دواترینیان یەکێتی برێکسی بازرگانی و ئابووری لەنێوان ڕوسیا - چین - هیند - بەرازیلدا .
هەندێک لەو فدراسیۆنە ئابووریانە بەهۆی ناکۆکی سیاسیانەوە شکستیان هێنا و بەشێکیشیان بوونە هێزێکی ئابووری دیار وەک بەرەی برێکسە .
چین و ڕوسیای وەک دوو هێزی ئابووری و سەربازی رکابەری بەرەی ڕەوتی گلۆبالیزەیشن دەرکەوتن . چین وەک نوێنەری ئابووری و ڕوسیش وەک نوێنەری سەربازی قوتبێکی تریان لەبەرانبەر قوتبە ئەمریکیەکە پێکهێنا .
ناکۆکی سیاسی و بازرگانی ئەو دوو قوتبە ، کاریگەربوو بۆ لاوازبوونی ئابووری جیهان . کشانەوەی بەریتانیەکان و پرۆژەی برێکزت لەناو یەکێتی ئەوروپادا هەنگاوی یەکەمی بەرەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپایە . هاوکات بە گرفتە ئابووریەکانی ئەندامەکانی تر وەک ئیسپانیا ، پورتگال و یۆنان و ئیتالیا کە قەیرانی چارەسەرنەکراوی ئەو یەکێتی یە و بیری جیهانگیرین . وڵاتانی لەبری کرانەوە و خۆخستنە ناو جیهانەوە ( وەک ئەوەی جیهانگیری دەخوازێت ) بەرەو بچوکردنەوەی جیهانەکەی بەناوخۆدا دەبات .
هاتنی کرۆنا ئەو قەیرانەی بۆ فیکری جیهانگیری قوڵترکردەوە و بەرەو کۆتایی دەبات . لەکاتێکدا پەتاکە بەجیهاندا تەشەنەدەکات و جیهانگیرانە سنوورەکان دەبڕێت ، وڵاتان سنوورەکانیان دادەخەن و هەر وڵاتێک لەناوخۆیدا فریای خۆی دەکەوێت . ئیتاڵی و ئیسپانیەکان ڕوونتر لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا باسی بێسوودی یەکێتی ئەوروپا دەکەن کەلە بەردەم هێرشی پەتاکەدا بەتەنیا جێیان هێشتوون .
جیهانی پاش کورۆنا ، وەک جیهانی پێش کورۆنا نابێت . هەموو دیدە زاڵە سیاسی و ئابووریەکانی جیهان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت ، لەسەروی هەموویانەوە کۆتایی بە سەردەمی جیهانگیری دێنێت . نەخشەیەکی بازرگانی تر و هەیکەلێکی ئابووری جیهانی نوێ دروستدەبێتەوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریش لە فیکری سیاسی باوی دنیادا .