Draw Media

ڤایرۆسی ئابووری

ڤایرۆسی ئابووری

2020-03-19 11:28:21


ئارام كۆكۆیی

زۆربەمان هێندە بیر لە کاریگەریەکانی ئەم ڤایرۆسە لە سەر تەندروستیمان ئەکەینەوە، هێندە بیر لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکانی ناکەینەوە. کۆرۆنا لەم ساتەوە نەخشەی جیهانی نوێ دادەڕێژێت، و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی یەکان، بڕیارە سیاسیەکان، و دۆخی ئابووری جیهان وەک مانگێک لەمەو پێش نامێنێتەوە. لە ڕووی ئابووریەوە کۆرۆنا کاریگەری لە مۆدڵی خواست و خستنە ڕوو کردوە، و گەر بە شێوەیەکی سادە لێ بروانین دەبینین کە:
- گەشت وهاتووچۆی هەوایی، دەریایی، زەمینی نێوان زۆربەی وڵاتانی جیهان وەستاوە یان سستبووە، هاتووچوو لە نێوان و نێو زۆربەی شارەکانی جیهاندا قەدەغەکراوە. ئەمەش دەرامەتی زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی وەک فرۆکەوانی، هوتێل، ڕێستورانت، و کافیەکانی بڕیوە. کاری تەکسی و خزمەتگوزاریەکانی کەی وەک دیلیڤەری وەستاندووە.
- زۆربەی ئەوانەی لە سێکتەری گەشتوگوزار و گواستنەوەدا کار دەکەن بێکار بوون، و هیچ داهاتێکیان نابێت و زۆربەشیان بە دڵنیایەوە خێزانێک بەڕێوە دەبەن کە خەرجیان دەبێت.
- کە خێزانەکان داهاتیان نەبوو، خەرجیان کەمدەبێتەوە بەم شێوەیە بەکارهێنان کەمتر دەبێتەوە.
- خاوەن کارگەکان و سێکتەرەکانی کەی وەبەرهێنان، سەڕەڕای ئەوی ناچار دەبن بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە بەر تەندروستی کریکارەکانیان هێلەکانی وەبەرهێنانیان دابخەن. کەمی کرینی بەرهەمەکان و ساغنەبوونەوەی لە بازار، و کەمی قازانج هاندەر دەبێت بۆ داخستنی کارگەکانیان، و بەمەش هەم کرێکاری زیاتر بێکار دەبێت و هەم بەرهەمەکانیشیان لە بازار دەست ناکەوێت. دەستنەکەوتنی بەرهەمێک مانای بەرزبوونەوەی خواستە لە سەری، بەزبوونەوەی خواستیش لە سەر ئەو بەرهەمە مانای گران بوونیەتی.
- هەندی وڵاتی جیهان سێکتەری سەرکی ئابووریان گەشتوگوزارە، کە کۆمپانیا فرۆکەوانی و گەشت و گوزاریەکان وەستان ئابووریەکەیان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە.
- هەندی ووڵاتی کە ئابووریەکەیان لە سەر بنەمایی فرۆشتنی سامانی سروشتی بە تایبەت نەوت بنیات ناوە، کە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەشتوگوزار و فرۆکەوانی و کارگەکان وەستان، خواست لە سەر بەرهەمە سوتەمەنیەکان کەم دەبێتەوە، کەمبوونەوەی خواستیش لە سەر بەرهەمێک بە مانای هەرزان بوونی ئەو بەرهەمە دێت. واتە ئابووری ئەو ووڵاتانە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە.
- کە هۆکارەکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنان کەمبوونەوە بەمەش ڕەفەی سوپرمارکێتەکان خاڵی دەبێت و تۆی بەکاربەر ئەو شمەکەی کە دەتەوێت دەستت ناکەوێت.
- پشکی سەرجەم ئەو سێکتەرانەی لە سەرەوە باسم کرد لە بازارە جیهانیەکانی دێتە خواروە بەمەش بازارە داراییەکان زەرەری زۆر دەکەن.

ئەوەی سەرەوە وویناکردنێکی ڕەشبینانەی ئابووری جیهانە بە شێوەیەکی زۆر سادە لە ژێر سایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام با بەهیوای ئەوە بین کە ئەم ڤایرۆسە زوو سوری خۆی تەواو دەکات و بزوینەری ئابووری جیهان وەک جاران دەکەوێتەوە گەڕ ،و مرۆڤایەتی ئەم قەیرانەش وەک قەیرانەکانی پێشووتر تێدەپەڕێنێت.

هەندی ڕاستکردنەوە:
- هەندی کەس پێان وایە دۆلار ئەو هەیمەنەی جارانی نامێنێت، ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە چونکە هەتا ئێستا هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزی دۆلار نییە، زۆربەی ئابووریە بەهێزەکانی دونیاش بە تایبەتی چین بەهای دراوەکەی گرێداوە بە بەهای دۆلارەوە. شکستی دۆلار شکستی ئابووریەکەیەتی.
- بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە هیچ پەیوەندی بە ململانیە ئابووریەکانی نیوان چین و ئەمریکا نیە. ئەم دوو زلهێزە ئابووریەی جیهان گەیشتوونەتە بڕوایەک کە ئابووریەکانیان تەواوکەری یەکترە, ئەمە گەمەیەکی (Zero sum game ) نیە واتە من براوە تۆ دۆڕاو دەبیت. ئەم گەمەی (Win- win situation ) ە واتە بردنەوەی من بردنەوەی تۆیە. هەردوو ئابووریەکە وەها بەیەکەوە گرێدراون داڕمانی یەکیکیان دەبێتە هۆی داڕمانی ئەوی دیکەیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand