Draw Media

لێکەوتەکانی پاش کۆرۆنا

لێکەوتەکانی پاش کۆرۆنا

2020-03-20 19:43:40


فارس نەورۆڵی

مێژووی مرۆڤایەتی کارەساتی گەورەی بە خۆوە دیوە، ھەر لە جەنگ و نەخۆشیەوە تا دەگاتە قاتوقڕی و پەتا و ماڵوێرانکەری وا کە ملیونەھا مرۆڤی کوشتووە. ھەریەک لەم کارەساتانە گورزی کەمەرشکێنی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە، لەھەمان کاتیشدا گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە.  بەڵام لەمێژوی نوێدا، وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانی ئەنگیڵا مێرکڵ دەڵێت: لەدوای جەنگی جیھانی دوھەمەوە ھیچ کارەساتێک وەک کۆرۆنا ترسناک نەبووە، ترسێک کۆی مرۆڤایەتی بگرێتەوە. سەرەڕای ئەم ترسە گشتیە کۆرۆنا قسەی جیای لەسەردەکرێت. ھەندێک کەس بەتیۆری پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەیخوێننەوە،ھەندێکیتر بەجەنگی بایۆلۆژی  باسی دەکەن. مێژوش خاڵی نیە لەم ڕوداوانە، لەساڵی ١٦٦٢ تاساڵی ١٧١٢ ئەمریکییە سپی پێستەکان لەڕێگای شەڕەوە نەیانتوانی بەسەرھندە سورەکاندا زاڵ بن،  بۆیە چەکی تاعونیان دژیان بەکارھێنا، بەوھۆیەوە نزیکەی لەسەدا ٨٠ ی ھندە سورەکان گیانیان لەدەستدا.  ئێستاش وتەبێژی حکومەتی چین ئەمریکای بەوە تاوانبارکرد کە ئەو وڵاتە گەشەی بەڤایرۆسی کۆرۆنا داوە و ناردویەتی بۆ چین.  لە بەرامبەردا ترامپ، چینی تاوانبارکرد و ڤایرۆسەکەی بەڤایرۆسی چینی ناو برد.
خۆ ئەگەر لە دەرەوەی تیۆری پیلانگێڕی سەیری بکەین، دەبینین ئەوە ڕوونە میدیای ئەمریکی وئەوروپی سەرەتا لە سەرئاستی جیھان ئەم پرسەیان قۆستەوە بۆلێدان لە گەشەی ئابوری چین.
ئەوەی گرنگە قسەی لەسەربکەین، لێکەوتەکانی کۆرۆنایە لە ئێستاو لە دوای کۆرۆنا بە پێی ئەو دیمەنانەی کە لە شاشەکانەوە دەیبینین. ئەم ڤایرۆسە جیھانی پەرێشانکردووە، بە یەکجار مرۆڤایەتی کەرەنتینکردووە، ئەمە ڕوداوێکی دەگمەنە لە مێژودا. بۆیە لێکەوتەکانی گۆڕانکاری گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی و جیھانبینی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. سەرەتا لێکەوتەکانی لەسەر ئابوری دەرکەوتوە وداڕمانێکی گەورەی لە بۆرسە و ئابوری جیھاندا لەگەڵ خۆی ھێناوە و لەسەرئاستی تاکیش تائێستا مەزەندە دەکرێت ٢٥ ملیۆن کەس بێکار ببن، لێرەوە کاریگەریەکانی بۆ ئاست کۆمەڵایەتی وسیاسی پەلدەکێشێ و گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات. گۆڕانکاریەک کە پێدەچێ لەخەیاڵ وئەقڵی زۆرێک لە ئێمەدانەبێت. ئەم گۆڕانکاریانە بەشێکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بۆیە زۆرگرنگە کورد تەواو ھەستیار مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، بۆئەوەی بە کەمترین زیانی تەندروستی و ئابوری و سیاسی لێی دەرچێت. بۆیە پێویستە پێش ھەرشت خەڵک خۆی بپارێزێت و پابەند بێت بە ڕێنماییەکانەوە، دواتر دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێم ھەماھەنگیی تەواویان ھەبێت و ڕۆڵ لە سەر ئاستی سیاسی و تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و میدیایی دیاری بکرێت ودابەشبکرێت. لە سەر ئاستی حیزبەکانیش مامەڵەی ئەم دۆخە وەک پرسێکی گشتی بکەن، نەک وەک گەمەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات.
لە ھەموی گرنگتر بۆ ڕاگرتنی ئارامیی کۆمەڵایەتی ودابینکردنی موچە و لە بەرچاوگرتنی بێ موچەکان، کە کاری ڕۆژانە بژێویی بۆ دابینکردوون و ئێستا بێکارن، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت کە کورد شەڕی داعشی کردووە، بۆیە مافی خۆمانە لەم شەڕەداھاوکارمان بن.
لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی کە بەھۆی دۆخی کوردستان دەوڵەمەندبوون و بوون بە سەرمایەداری گەورە لەڕوی ئەخلاقییەوە بەرپرسن، دەبێت ھاوکاری کوردستان بن لەم دۆخەدا.
دواجار دەبێ بزانین ژیان و جیھان لە ھەموو کایەکانی سیاسی و ئابوری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دورنیە جوغرافیاش دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لەپێش کۆرۆنا. جیھانبینی مرۆڤەکان دوای کۆرۆنا جیاواز دەبێت لە پێش کۆرۆنا، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە بە ھەند وەرگرین بەھەموو لایەکمانەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand