Draw Media

چەپڵەی ئیتاڵی و پەتای لاسایی

چەپڵەی ئیتاڵی و پەتای لاسایی

2020-03-19 12:02:42


کاتێ ئێمە دژی قەرەباڵغی مزگەوت و جومعەو جەماعەت بووین، ئەرێ مەبەستمان خۆپارێزێ بوو، یان مەبەستمان شەڕی ئایدۆلۆژی بوو؟ ئەگەر مەبەستمان خۆپارێزی و ڕێنایی تەندروستیی بوو، ئەوە پێویستە بە هەمان ئاست دژی هەر قەرەباڵغی و مەراسیم و موناسەبەیەکی تریش بین. ئەگەریش تەنیا مەبەستمان شەڕە ئایدۆلۆژییەکەبووبێ، ئەوە پەتی درۆ کورتەو لەوێدا ئەپچڕێ، کە جیاوازیی ئەکەین لەنێوان قەرەباڵغییەکان و هەنێکیان ئەبینین و هەنێکیان نابینین!

"کەلیمەی حەق" ئەوەیە کە مەبەستت خودی کەلیمەکەیەو شتەکە لەوێدا کۆتایی دێ و مەبەستت هیچ شتێکی ترنیە. بەڵام "یراد بها باگل" ئەوەیە کە لە کەلیمەی حەق، مەبەستت خودی کەلیمەکە نیەو مەبەستت شتێکی ترە.
(کلمە حق یراد بها باگل) ئەرێ ئێمە لە دژایەتی جومعەو جەماعەت، مەبەستمان کەلیمەی حەق بوو، یان لەپشتی کەلیمە حەقەکەوە مورادمان باتڵێك بوو؟

ئەوەی کە دنیای خراپ کردوە، کەلیمەی باگل نیە، چونکە باتڵ بێ پەردەو یەك ڕووەو کەس بە ئاشکرا ئیدیعای خراپە ناکات. ئەوەی کە دنیای خراپ کرد، کەلیمەی حەقە، چونکە کەلیمەی حەق دوو ڕووەو هەموو کات مەبەست لێ ی حەقە ئاشکراکە نیە، بەڵکو زۆربەی کات مەبەست لێ ی، باتڵێکی شاراوەیە!

سەیرکە لە دنیادا چی زۆرە کەلیمەی حەق، کەچی هەمان دنیا پڕە لە ناحەقیی! زۆر بە سادەیی، چونکە زۆرینەی کەلیمەی حەقی ئەمسەر، مەبەست لێ ی، باتڵێکی ئەوسەرە، نەك خودی حەقەکە.
پۆپۆلزمیش یاریزانێکی باشی ئەم مەیدانەیەو هەمیشە کەسی پۆپۆلیست، کەلیمەی حەق ئەقۆزێتەوە بۆ مەبەستی باتڵی خۆی. بەردەوام نمایش و شۆی حەقت بۆ ئەکاو لەوسەریشەوە حەقێك ناگا بە تۆ، بەڵکو باتڵێك ئەگات بەو!

"بوون" خۆبوونە. لاساییکردنەوەو خۆکردن بەوی تریش، گەورەترین بەربەستی بەردەم خۆبوونەو ئیتر نابیت!
مرۆڤایەتی یەکێکەو ئەشێ هەموومان لە شتانێکی گشتیدا هاوبەشبین. بەڵام بە وردەکاری و سروشتی خۆمانەوە، نەکئەوەی وردەکاری و سروشتی ئەوانیتر کۆپیکەین و خۆمان بسڕینەوە!
مەسەلەن ئەکرێ دین لەویتر وەرگرین، بەڵام ناشێ تەدەیون لەویتر وەرگرین!

ئێمە خۆمان موسوڵمان بووین، کەچی سەلەفیەتمان هێنا. لەکاتێکا ئەوە دین نیە، بەڵکو لاساییکردنەوەی تەدەیونی وەهابی سعودییە. جلی کوردەواری خۆی موحتەشەم و داپۆشراوە، کەچی ئێمە حیجابی ئیخوانمان هێنا. لەکاتێکا ئەوە دین نیە، بەڵکو لاساییکردنەوەی "تەدەیونی سیاسی" میسرییە!

هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، ئێمە خۆمان لە شەڕی کۆرۆنادا باشمان هێناوەو کارمەندانی تەندروستی و ناوخۆش ڕۆڵی باش ئەگێڕن. جا ئەگەر پێ ی ئەزانیت. وەکو خۆت سوپاسیان بکە نەك وەکو ئیتاڵیا! تۆ کە لە بالکۆنەوە نایکەی، لە فەیسبوكەوە بیکدە، نەك لەسەر جادە میهرەجانی چەپڵە سازکەیت، کە پێشێلی ڕێنماییەکانی تەندروستییەو ڕیسەکە ئەکاتەوە بە خوری!

لەئێستادا کۆرۆنا خۆی دوژمنەکەیە، لەپشتی کۆرۆناوە شەڕی دۆژمنی تر مەکە. لەئێستادا کۆرۆنا خۆی سەنگەری بەرامبەرە، مەیکە بە سەنگەر بۆئەوەی لەوێوە شەڕی شتی تر بکەیت. لەئێستادا کۆرۆنا خۆی شەڕەکەیە، مەیکە بە ساحە بۆ شەڕی تر. لەئێستادا کەلیمەی حەق، خۆپارێزی و هاوکاریکردنی یەکترو جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانە. جگە لەمە، هەر شتێکی تر، "یراد بها" باتڵە.

ئێستا نە کاتی شەڕی کۆمپانیاکان و کۆکردنەوەی پارەیە. نە کاتی شەڕی وڵاتان و سەپاندنی هەژموونە. نە کاتی شەڕی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگە. نە کاتی پۆپۆلیزم و موزایەدەو دەستشکانەوەی ئەوی ترە. نە کاتی شەڕی ئایدۆلۆژی و منی فریشتەو ئەوی شەیتانە..
ئێستا لە وێنە گەورەکەداو لە بەرزترین ئاستی جیهانەوە، تا وێنە بچوکەکەو خودی خۆت، تەنیا کاتی دوو شتە: (خۆپارێزی و هاوپشتی). خۆپارێزیی وڵات و هاوکاری نێوان وڵاتان. خۆپارێزی مرۆڤ و هاوکاری نێوان مرۆڤەکان.

کۆرۆنا چەنێك بیرکردنەوەیە لە خۆت، ئەونەش بیرکردنەوەیە لەو. چەنێك خەمخواردنە لە خۆت، ئەونەش خەمخواردنە لەو. چونکە ئەگەر ئەو بیگرێ تۆش ئەیگریت. ئەگەر تۆ بیگریت ئەویش ئەیگرێ. ئەمەش جیاوازی نەهێشتووەو مرۆڤایەتی کردۆتەوە بە یەك جەستە. ئەمەش سنوری نەهێشتووەو هەسارەکەی کردۆتەوە بە یەك ماڵ.

ئا لێرەوە کۆرۆنا خەریکە دەسکاری عەقڵی مرۆڤ ئەکا، چ لەسەر مستەوای تاك و چ لەسەر مستەوای دەوڵەت و سیستەمی جیهانی. خەریکە لە عەقڵیەتی بچوکی هەرمن هەرمنەوە، بمانپەڕێنێتەوە بۆ عەقڵیەتی باڵای "ئێمە هەموومان". کە تەنیا ئەوە ڕێگای ژیان و نەجاتە.

کۆرۆنا سەردەمی تاریکی، منی بەهێزو ئەوی لاواز، منی باڵاو ئەوی نزم، منی سەردەست و ئەوی ژێردەستی تێپەڕاندوەو خەریکە مرۆڤایەتی بخاتە سەردەمێکی ڕوناك و زێڕینەوە، کە سەردەمی پێکەوەژیان و هەموومانە!

کۆرۆنا خەریکە مرۆڤایەتی لە قۆناغی هێزەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی تۆلێرانس. ئەوەتا بەتەنیا هێز ناتوانێ ئەمریکایەکی بەهێز بپارێزێ! بەڵکو چیتر ئەبێ هەمووان لە خەمی یەکتردابن و ئەمریکاش ئەبێ لەپاڵ تەندروستی خۆیدا، ئاگای لە تەندروستی کوێرە دێیەکی ئەوسەری دنیاش بێت، نەوەك ڤایرۆسێکی لێ بڵاوبێتەوەو دواتر ئەمریکاو دنیاش بتەنێتەوە.

ئەگەرچی هێشتا عەقڵی بچوکی وەکو ترەمپ هەیە، کە دنیا لە پارەو دەنگی ئیتیخاباتدا ئەبێنێ و شتەکە لە پرسێکی جیهانی و مرۆڤانەوە بچوكئەکاتەوە بۆ ئەمریکاچێتی و بۆ ململانێ ی نێوان دەوڵەتان و بە کۆرۆنا ئەڵێ "ڤایرۆسە چینییەکە"! بەڵام مرۆڤایەتی ئەم عەقڵە بچوکانە تێئەپەڕێنێ و چیتر دنیا، دنیای "هێز"و ئەمریکاو چین و ڕوسیاو ئەوروپا نیە. بەڵکو دنیای هەمووانەو ئەبێ ژیان و نان و تەندروستی بۆ هەمووان بێت. چونکە کۆرۆنا تێیگەیاندین، ئەم تۆپە خڕە لە هەر لایەکەوە بتەقێ، یارییەکەی هەمووان ئەوەستێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand