Draw Media

جەژنی نەورۆز و کۆمەڵەی زانستی کوردان( ١٩٢٦- ١٩٣٩)

جەژنی نەورۆز و کۆمەڵەی زانستی کوردان( ١٩٢٦- ١٩٣٩)

2020-03-21 09:54:30


شوان ئەحمەد باپیر   

  جەژنی نەرۆز بەجەژنی نەتەوەیی گەلی کوردیش ھەژمار دەکرێت، هاوشێوەی هەریەکە لە( قیرقیزستان ، مەنگۆلیا، کازاخستان، گاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئاژەربایجان ، تورکمانستاندا ، ئەفغانستان، ئێران، ئەرمینیا، کۆسۆڤۆ، ئەلبانیا ، سلاڤییەکان، جۆرجییەکان و قەوقاسییەکان(. کە لە ھەرسەردەمێک دا ماناو ناوەرۆکی تایبەتی خۆی ھەبووە. گەلی کوردیش وەک ھەرنەتەوەیەکی تر لەم جیھانەدا ئەم بۆنەیە وەک جەژنێکی نەتەوەیی خۆی ھەژماردەکات لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا.
لەم ماوەیەدا نەورۆز لە یادوبۆنەیەکی سروشتی و ئاساییەوە دەبێتە سیمبوڵ و ھێمایەک بۆنەتەوەو وەک جەژنێکی نەتەوەی دەناسرێت لەوانەیە ھۆنراوەکەی( عەبدولخالق ئەسیری)کە، ساڵی ١٩٢٨ولەژمارە(٣)گۆڤاری زاری کرمانجی دا بڵاوی کردۆتەوە سەرەتایەکی گرنگی ناساندنی نەورۆزبێت، وەک جەژنێکی نەتەوەیی ، دواتریش نەرۆز لەسەردەستی پیرەمێردی شاعیر دەبێتە یەکێک لەو یادانەی کە، ساڵانە وەک جەژنێکی نەتەوەیی یادی دەکرێتەوەو ئاھەنگی بۆ سازدەکرێت، نەورۆز وەک ھێمای سەرکەوتنی نەتەوەیی وسیمبوڵێکی ناسیۆنالیستانەنیشان دەدرێت ودەبێتە ئەو ئەفسانەیەی ناسیۆنالیزمی کوردی ھێزو وزەی خۆی لێوەردەگرێت.
  بیرۆکەی زیندوکردنەوەی جەژنی نەورۆز، لە کۆمەڵەی زانستی دا بەستراوەتەوە بەسەردەمی پیرەمێردی شاعیر ئەم بیرۆکەش لەوساتەوە دەست پێدەکات کەبووە بە بەرێوەبەری کۆمەڵەکە، بیری لەوەکردەوە کە، ئەم جەژنە تەوەیەیی گەلی کورد نوێبکاتەوە لەم روانگەیەوە پیرەمێردی شاعیر ٢١ئازاری ھەمووساڵێکی دیاری کرد، بەتایبەتی لە رێکەوتی ڕۆژانی ھەینی دا بەئامانجی ئامادەبوونی گشت چین وتوێژەکان تاوەکودەنگ دانەوەی ئەم جەژنە لە ناوکۆمەڵگەدا رەنگ بداتەوە ئەمەلەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە دەستنیشان کردنی کارێزی وەستا شەریف و (گردی مامەیارە) لەشاری سلێمانی بە شوێنی یادکرنەوەی جەژنی نەورۆز، کە بەم کارەی ناوناوبانگی نەرۆزی بەرزکردەوە، ھەروەھا ناوی پاڵەوانێکی میللی(مامەیارەی) تازەکردەوە، بەم شێوەیە پیرەمێردی شاعیر سەرکەوتووبوو لەوەی کەلەلایەکەوە، ئەم جەژنە زیندوبکاتەوە بەھاوکاری لاوان ورۆشنبیرانی کۆڵندەر نەرۆز، وەکو جەژنێکی نەتەوەی  کورد لە کۆمەڵگادا رەگ وریشەی داکوتا، وەلەلایەکی تریشەوە بەرگێکی نەتەوەیی بەبەرجەژنی نەورۆز داکرد .
 لەزۆربەی کاتەکاندا لەلایەن دامودەزگاکانی میریەوە پیرەمێردوکۆمەڵەی زانستی یان تاوان بارئەکردبەوەی کە، ئەم جەژنە ئاگرپەرستیە پەیوەندی ومافی بە کوردەوەنیە، ئەم کارەی پیرەمێرد ھیچ فری بەسەرنیشتمان وکورد وپێشکەوتنەوەنیە، لە دژایەتی نواندن بەولاوە لەگەڵ ئاین و پێشکەوتن دا ھیچی ترنیە، بەڵام ئەم ھێرشەنارەوایانە کاریان نەکردە سەرپیرەمێردی شاعیرودەستەی رۆشنبیران نەیان توانی کاریگەریان لەسەر دروست بکەن بە وازلێھێنان .
 ئەمەش ریپۆرتاژێکە کەپیرەمێردی شاعیر لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوی کردۆتەوە. لە رۆژنامەی ژیان لەساڵی ١٩٣٦کە، وەک بەڵگەیەک دەیخەینە روو لەبارەی رۆڵی کۆمەڵەی زانستی  لە جەژنی نەورۆزدا کەتیایدا ھاتووە (( ئێوارەی جومعە کەبۆشەموودەچوو، رۆڵەی زانستی بەگۆرانیی نەورۆزەوە روویان کردە یارە کەدیاری لێوە دیارە،لەتەپلەسەری گردەکەبەدەوری (یارە)دائەھرامێکی داری سووتەنییان ھەڵ ئەچنی،تاشەوێ،ئەودەمەی رۆژپێی نایە کەلووی بەرخەوە،بەجارێ گرەی ئاگر لەدیاری یارەدا دیاریی ئەدا.
  بەیانی زوو ئاوازەی دەھۆڵ وزوڕناونەغمەی شادی نەوجەوانانی زانست لە کووچەو بازارای شاردا دەنگی دایەوە، بەجارێ ڕوومان کردەکۆی ئاتەشگاو کارێزی شەریف، ویزەی سەماوەرپەیدابوو،باوبارانیش لەسەرداکردیانەگیزەوگورە،کەوتینەبەربەرەکانی،کورگەل نەجووڵان تا ئەوشکا. تائێوارە پۆل پۆل وتیپ تیپ ھاتن ئەودەشتەبەگوڵی گیان داری نەورۆزو شادمانیی وئازادیی کچان وخوشکانی دڵ سۆز بوبوە بەھشتێکی فەیرۆزو رۆژێکی بەھرۆز،خواردەمەنیش(ماتشتھی الانفس)کەوتبووە(بروز)دوو ڕیزلەدەنگ خۆشەکانی زانستی وەک دوو دەستەبولبولانی وەتەن دوونەشیدەی نەورۆزیان بەرامبەری یەک ئە خوێندەوە، چواردەستەش لەژێر قوماندەی چوارسەرپەرشتی کەر کە ھەریەکەیان بازووبەندی زانستی یان لەقۆڵ دابوو،لەچوار لاوە بۆ بەپیرە وەچوون وخۆش ئامەدی ومیوان داری خزمەت یان ئەکرد، پیرەمێردیش بەداری خۆی کە بۆنەورۆزی کریبوو ئاگریان تێ بەردابوو، ھەڵپەرکێ وسەرچۆپی ئەم سەرەوسەری سەرگردەکەی بەرکەوتبوو،بەویش وازیان لێ نەھێنا ئەیانگۆت لە نەورۆزا ئەبێ حەوت خواردەمەنی(میم) ھەبێ بەزۆر(ماسی ومریشک ومیوەوماست ومێووژبەخورماوملح-خوێ بۆ ھێلکەومسکەت بۆمنداڵانیان)پێ پەیداکردو نان وپەنیرو گورچیلەیشیان خوارد،دوای تێری چوار تەلەبەی شاعیری زانست غفورزەینەددین وبەنگینەوھیوا مەجیدمناڵ چوارمەنزوومەی میللی جوانیان خوێندەوە،خوا پێمان رەوا ببینێ لە شاگرد نانەواوکەوش دروو،کورەبەردکێش بەسایەی زانستی یەوە ئەم ئاداب وتەمکین وشاعیریی وحیسی میللەت پەروەرییان بۆ پەیدابووە،جەژن وسەیرانێکی وا بە دەبدە بەیان بێ قڕەوگوڕەبەجێ ھێنا، لە نیسانیش دا ھەر ئەم(زانستی)یە٣شەوو٣رۆژ لەسەر کارێزی رێی گۆیژە خێوەت ھەڵ ئەدەن ونان وخوان وسفرەئەرازێننەوە لەبەغدا وھەولێر و خانەقینەوە دەعوەتی ھاونیشتمانەکانیان دەکەن)).
بەڵام لەدوای ئەوەی کە، مەجید یەعقوبی دەبێتە موتەسەریفی سلێمانی، کەوتە دژایەتی پیرەمێردوچەندین تۆمەتی خستەپاڵ وەک ھاندانی لاوان بۆیاخی بوون وبڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی لەرۆژنامەکەیدا و ئاگرکردنەوە بۆ نەورۆز.........ھتد.
 بۆیە لە٢١/٣/ ١٩٣٨بڕیاریدا بە داخستنی ھەریەکە لە رۆژنامەی ژیان و کۆمەڵەی زانستی لەتەک ئەمەش دا ئاھەنگی جەژنی نەرۆزیشی قەدەغەکرد، بە ھۆی ئەوھۆکارانەی کە، لەسەرەوە باسمان کرد. 
ئەمەو دواتر پیرەمێرد کۆڵ نادات و ھەر بەتەنگ بەر زراگرتنی ئەم بۆ نەیەوە بووە  لەم چوارچێوەیەدا لەساڵی ١٩٤٨دا بەشیعری بەناوبانگی نەورۆز توانی ئەم یادو بۆ نەیە بگەیێنێتە لوتکە.
بە سود وەرگرتن لە  کتێبی : کۆمەڵەی زانستی کوردان( ١٩٢٦- ١٩٣٩)، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە کارو چاڵاکییەکانی کۆمەڵەکە، هەولێر،٢٠١٤،  ل ل ٧٤- ٧٨.   
هاوپێچ وێنەی قوتابییانی کۆمەڵەیی زانستی .. ئەرشیفی بنکەی ژیان سلێمانی: 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand