بارەگا سەربازیەکەی تورکیا لە کوێی هەولێرە؟
2020-07-08 08:16:45
سەلاح خدر
وەک تورکیا خۆی دەڵێت بارەگای سەربازی لەناو هەولێردا هەیە هەڵبەت ئەمە ڕاستە هەیەتی گرنگ نیە لە کوێی هەولێرە، وەک ئەو بارەگایانەی دیکەی کە دەوروبەری ناوچەی بارزانیان تەنیووە و ئەوانی دیکەش کەلە بادینان تا برادۆست و سۆران هەن.
ئەوەی پارتی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی خۆی کردی بەهێنانی سوپای ڕژێمی سەدام، ئێستا بۆ مانەوەی هەمان دەسەڵاتداری خۆیان و سەرکوتکردنی لایەنەکانی دیکە و ڕێگری لە دروستبوونی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی واقعی سوپای گەورەترین دوژمنی گەلی کورد تورکیای هێناوە و هەموو هەرێمی کوردستانی تەسلیمی کردووە.
هەڵبەت تورکیاش پیلان و ئەجەندانی خۆی هەیە کە خۆی لە گەڕانەوەی سنورەکانی عوسمانی و میساقی میللی دا دەبینێتەوە .
بۆ تێگەیشتن لەو پیلانە کتێبی (قوڵایی ستراتیژی) ئەحمەد داودئۆغڵوو تیۆریسیانی ئاکەپە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا بخوێنەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەیکات.
بەپێی پڕۆژەکەی تورکیا ئێستا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانەکەی ڕۆڵی (بەیلەربەی) یان ویلایەتێکی دەسەڵاتداری عوسمانی و سەرۆکایەتی هەرێمیش ڕۆڵی فعلی والی عوسمانی دەبینێت کە تەنها گوێڕایەڵن و ڕێنماییەکانی ئەنقەرە جێبەجێ دەکەن و هەموو بڕیارێکی ستراتیژی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی، کلتووری و فەرهەنگی هتد.... لە ئەنقەرەوە دەردەچێت، بەو پێیە ویلایەتی باکوری عێراق تەنها دەتوانێت وردە بڕیاری بچووی کارگێڕی خۆجێی دەربکات.
نمونەی گرێبەستی شکلی ٥٠ ساڵەی نێوان تورکیا و پارتی سەیر بکەن، ئەوەتا هەرێم ناتوانێت نەوت ڕادەستی بەغداد بکات چونکە لەلایەن ئەنقەرەوە تەسەروفاتی پێوەر دەکرێت و ئەوان بڕیاردەرین، بڕواننە نمونەی جێبەجێنەکردنی بڕیاری ژمارەی ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی هەرێم بۆ وەدەرنانی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان، کە ئەو کاتە بەم شێوەیەی ئێستا هەرێم نەبووبوە ویلایەتێکی تەواوی عوسمانی. ناتوانرێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت چونکە ئیرادەی جیبەجێکردنی نییە و باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە. کەی بینیتان حکومەت و پەرلەمانی هەرێم توند و ڕادیکاڵ بەرامبەر بۆردومانی تورکیا و شەهیدکردنی خەڵکی مەدەنی وەستایەوە؟ بەپێچەوانەوە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی خەڵکی شیلادزێ و خۆپیشاندانەکانی دژ بە داگیرکاری تورکیایان لە هەولێر تا کەلار سەرکوت کردووە، بۆچی؟ چونکە تورکیا خۆی لە هەرێم حوکم دەکات؟.
یەک چارەسەر هەیە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی بەپەلەی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و ئاواکردنی حکومەتێکی کاتی لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەنوکەیی و ئامادەسازی تەواو بۆ ڕوبەڕوو بونەوەی هێزی تورکی.
بۆئەوەش دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی پێویستیەکی حەتمی و ناچارییە.