دژی چی بین‌و پشتگیریی له چی بكه‌ین؟
2020-07-06 11:51:42
د. ئەنوەر فەرەج
له‌باره‌ی (قه‌واره و رژێمی حوكمڕانی و حكومه‌ت)ی هه‌رێمه‌وه
بۆ داڕشتنی چوارچێوه‌ی تیۆری بۆ بابه‌ته‌كه له زانستی سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ پرۆفیسۆر (پاتریك ئۆنێڵ، Patrick H. O'Neil) نووسه‌ری كتێبی (بنچینه‌كانی سیاسه‌تی بهراووردكاریی، Essentials of Comparative Politics) كه جیاوازیه‌كی گرنگ ده‌كات له نێوان سێ چه‌مكی (ده‌وڵه‌ت، رژێم، حكومه‌ت)دا، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: (ده‌وڵه‌ت، State): ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و سیاسییه، ده‌زگایه‌كه مافی قۆرخكردنی به‌كارهێنانی هێزی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمێكی جوگرافی دیاریكراو، واته خاوه‌ن سه‌روه‌رییه. ده‌وڵه‌ت دابینكه‌ری ئاسایش و جێبه‌جێكاری یاساكان و پارێزه‌ری مافه‌كان و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ناكۆكیهكانه له كۆمه‌ڵگادا له رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی سوپا‌و پۆلیس و دادگا‌و باج و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه. واته ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كی شه‌رعی و به‌رده‌وام و پێویسته.
دووه‌م: (رژێم، Regime): كۆمه‌ڵێك یاسا‌و رێسا‌و پێوه‌ری بنه‌ره‌تیه، رژێم واته كرۆكی پرۆسه‌ی حوكمڕانی هه‌ر وڵاتێك، چونكه جیاوازی پێوه‌ره‌كانی حوكمڕانی ده‌بێته هۆی جیاوازی نێوان رژێمه‌كان، رێگه‌ی ئاسایی بۆ زانینی جیاوازیه‌كان بهراووردكردنی ناوه‌ڕۆكی ده‌ستووری وڵاته‌كانه، به‌ڵام زۆرجار پێوه‌ره‌كانی رژێمی حوكمڕانی له بونیادی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا جێگیره‌و له رێگه‌ی پیاده‌كردنی سیاسه‌ته گشتییه‌كانی حكومه‌ته‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
سێیه‌م: (حكومه‌ت، Government): حكومه‌ت بریتیه له ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی سه‌ركرده‌و به‌رپرس له به‌رێوه‌بردنی كاروباری ده‌وڵه‌ت. شێوازی گه‌شتنی ئه‌م ده‌سته‌بژێره به ده‌سه‌ڵات جیاوازه له دیمۆكراسیهتهوه تا هێز و پاشایه‌تی، هه‌ر حكومه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی بكات بە ناچاریی رووبه‌رووی رژێمی حوكمڕانی ده‌بێته‌وه، یان ئه‌وه‌یه پشتیوانی له رێسا‌و بنه‌ما كارپێكراوه‌كان ده‌كات، یاخود رێگه‌ی ریفۆرم و گۆڕانكاری ده‌گرێته‌به‌ر.
لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و پێناسه تیۆرییانه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌م و به چه‌ند خاڵـێك سه‌رنجی خۆم بخه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: بۆ روونكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌ت و رژێم و حكومه‌ت، ده‌توانین بڵێین: ده‌وڵه‌ت بریتیه له فۆرمی ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه یاساییه‌كان، رژێمی حوكمڕانی له كه‌لتوری ده‌سته‌بژێری سیاسی حوكمڕاندا جێگیره، حكومه‌تیش كه‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن له‌و دامه‌زراوانه‌دا، واته ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت (هارد وێر)ی ئامێری كۆمپیوته‌رێك بێت، ئه‌وا رژێمی حوكمڕانی (سۆفت وێرە)، حكومه‌تیش بریتیه له كارپێكه‌ر یان به‌كارهێنه‌ری ئه‌و سوفت وێره له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره. ئه‌م جیاكاریه زۆر گرنگه بۆ تێگه‌یشتن و شیكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا.
دووه‌م: هه‌رچه‌نده پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت زیاتر عێراق ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رێژه‌یی راسته به ره‌چاوكردنی دۆخی هه‌رێم وه‌ك به‌شێك له ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق، بۆیه كاتێك باسی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، واته: بوونێكی ده‌ستووریی، دامودهزگاو ده‌سه‌ڵاته‌كان، شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا. له‌م روانگه‌یه‌وه بێگومان پێویسته وه‌ك كوردێك پشتگیریی و به‌رگری له هه‌رێم بكه‌ین وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری و یاسایی به‌رده‌وام كه نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان ده‌كات له‌سه‌ر به‌شێك له خاكی كوردستان، كه ئه‌نجامی به‌رهه‌می خه‌بات ده‌یان ساڵ و خوێنی هه‌زاران شه‌هیده.
سێیه‌م: ناسنامه‌ی رژێمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا بریتیه له بیروباوه‌ڕی سه‌ركرده‌و به‌رنامه‌ی سیاسی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به پرسه سیاسی و ئابوریه‌كانی هه‌رێم كه چه‌ندین ساڵه له بڕیار‌و سیاسه‌ته گشتییه‌كاندا به‌رجه‌سته بووه. ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی دیاره ناسنامه‌ی رژێمی حوكمڕانی له هه‌رێمدا له قه‌یرانێكی قوڵدایه، تا ئێستا ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی راسته‌قینه وه‌ك كورد بوونی نییه، له‌شكرێكی نیشتمانی له سه‌روو حیزبه‌وه له خه‌یاڵ نزیكه، نه تیۆرێكی سیاسی و ئابوری ڕوون، نه پرۆژه‌یه‌ك بۆ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه میكانیزمێكی روون و شه‌فاف بۆ كۆكردنه‌وه‌ی و دابه‌شكردنی داهاتی گشتی بوونی نییه به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و كاری كۆمپانیاكان.
چواره‌م: یه‌كێك له كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی لاوازیی بونیادی هه‌رێمه‌وه، سنووری نێوان قه‌واره‌ی هه‌رێم و رژێم و حكومه‌ت نه‌ماوه‌و هه‌مووی به حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی كراوه، بێگومان هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارو خاوه‌ن نفوز (پارتی و یه‌كێتی) به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسن له‌م تێكه‌ڵكردن و لاوازكردنه، به‌ڵام رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی راسته‌قینه ئه‌وه‌نییه قه‌واره‌كه‌ش بكرێته قوربانی گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی پاوانخوازی ئه‌وان، مه‌ترسی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه كه جیاكردنه‌وه‌ی قه‌واره له پێوه‌رو سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانی رژێم و حكومه‌ت بۆ خه‌ڵك ئاسان نییه‌و ئه‌وه‌نده‌ش مه‌ینه‌تییان چه‌شتووه ئاماده‌نین ئه‌م حسابات و جیاكارییه بكه‌ن.
پێنجه‌م: ئه‌وه‌ی كه زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی به ده‌نگده‌رانی حیزبه دهسهڵاتدارهكانیشهوه نیگه‌ران كردووه، بریتیه له ناعه‌داله‌تی رژێمی حوكمڕانی و نا شه‌فافی له كۆكردنه‌وه‌و دابه‌شكردنی داهاتهكاندا، حكومه‌تیش له بری ئه‌وه‌ی ببێته ده‌زگای دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بینین وه‌ك ده‌زگایه‌ك كاریكردووه بۆ دابینكردنی پشك پشكێنه‌ی حیزبه به‌شداره‌كان و قوڵكردنه‌وه‌ی ئینتیمای حیزبی و ناوچه‌گه‌رێتی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵ و بنه‌ماڵه‌و خێزانه سیاسییه باڵاده‌سته‌كان، دوور له ره‌چاوكردنی شایسته‌یی و لێهاتوویی. له‌به‌رئه‌وه چه‌ند پێویسته پشتگیریی له قه‌واره‌ی هه‌رێم بكرێت به هه‌مان ئه‌ندازه پێویسته ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی (نادادییهكانی رژێمی حوكمڕانی و سیاسه‌تی قۆرخكاری حیزبی و ناشه‌فافیه‌تی داهات و دابه‌شكردنی كوردستان بۆ چه‌ندین زۆنی نفوز‌و نه‌بوونی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو) بكرێت.