عەقڵی گەنجو نەرم عەقڵی سیاسەتی سەردەم و مۆدێرنە
2020-07-07 11:57:33
بەهرە حەمەڕەش
غەدرێكی مێژووییە، كە كوردستانی باشور بەشێكە لە عێراق، كورد خاوەن سەدەیەك خەبات و قوربانیدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەخشە داگیركاری و دابەشكارییە، كە دەوڵەتە داگیركارەكان بە یارمەتی زلهێزەكان دەیپارێزن. ئەزمونی كوردستانی باشور وێڕای تەراتێنی موخابەراتانی وڵاتان و جۆرەها هەوڵ بۆ تێكدانی تا ئێستا بە هەموو كەموكورتییەكانەوە ماوە. پێموانییە كوردێك ئاگارداری مێژوو و نەهامەتییەكانی ئەم نەتەوەیە بێت، حەز بە تێكچوونی بكات، چۆن دوژمنان بە مەترسی بۆ سەر داگیركاری خۆیانی دەزانن كوردی پارچەكانی تریش بە جێی ئومێدی دەبینن.
ئێمە كە بەهۆی ئەم غەدرە مێژووییەوە، تا ئێستا وەك بەشێك لە عێراق حسابمان بۆ دەكرێت، بێگومان هەموو دۆخێكی ئیداری، سیاسی، ئابوری و ئاینی كاریگەری لە سەرمانە. هەتا گەندەڵی لە رووی گەندەڵی ئیداریشەوە. وێڕای ئاستەنگ و مەترسییەكان، كورد لە رێگەی ریفراندۆمەوە سەركێشی جیابوونەوەی كرد، بەڵام دیسان غەدری نێودەوڵەتی و گرفتی ناوخۆیی نەیهێشت بە ئاكام بگات.
ئەم پارچەیەی كوردستان كە بە سەدساڵ خەبات، ئەنفال و كیمیاباران رزگاركرا، ئێستا كەوتۆتەوە بەر تەماحی هەڵوەشاندنەوە و لە باربردنی ئەو كەمە ئازادییەی كە هەیە. بێ گومان ئەم هەوڵانە بەهۆی ناكۆكی سیاسی ناوخۆیی و عەقڵیەتی رق و تۆڵەسەندنەوە لە یەكتر هەڕەشەكە توندتر دەكات، و نابێ چیتر كورد بەردەوامیی بە پەرتەوازەیی بدات، و لە هەركاتێك زیاتر كورد پێویستی بەیەكڕیزی و وەستانەوە بەرامبەر هەڕەشەكان، هەیە.
خۆشبەختی ئەوەیە، كە وێڕای جیاوازییەكان بە شاهیدی هەموو لایەنەكان، ئەمڕۆ دەزگا و نەوایەكی نیشتیمانی هەیە، كە وێڕای بەربەست دروستكردن بۆ هەوڵەكانی هێشتاش خەمسارد نییە لە هەوڵدان بۆ یەكڕیزی و دەكرێت ببێتە ئەو ناوەندەی كورد لە دەوری كۆببێتەوە، كە ئەویش سەرۆكایەتی هەرێمە. هەوڵەكانی پێشتری سەرۆكایەتی هەرێمیش بەو ئاراستەیە پێمان دەڵێت، تا یەكڕیز بین مەترسییەكان بچوكتر دەبن و چانسی سەركەوتنمان زیاترە.
بۆ نمونە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە گەرمەی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی عیراق دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، كاتێك شۆڤینییەكان دەیانویست ناڕەزایی و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ دەستكاریكردنی دەستور بگۆڕن، دەستپێشخەری یەكڕیزی كوردی كرد و هەڵوێستی كوردستانی یەكخست، سەردانی بەغدای كرد و داوای ئاساییكردنەوەی دۆخەكەی كرد و بەهەموو عێراقییەكانی راگەیاند، كێشەی عێراقییەكان خراپی دەستور نییە، بەڵكو جێبەجێنەكردنی دەستورە.
دەستپێشخەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكڕیزی كورد لەو كاتەدا بێ بەرهەم نەبوو، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكدا گوتی، هاوكارییەكی گەورەی نوێنەرانی كوردی لە بەغدا كرد. بۆ گفتوگۆكان لە بارەی دەستور و پرسی بودجە، د. سەفار لە فراكسیۆنی پارتی گوتی، ئەم سەردانە كارەكانی بۆ ئاسانكردین. بێ گومان هێزی ئەو سەردانە، لە یەكڕیزی كوردەوە سەرچاوەی گرت.
نموونەیەكی تری دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكڕیزی كورد لە دوای وەرگرتنی ئەركی سەرۆكایەتی هەرێم، كە بەباشی شكایەوە، پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەتی عێراق بوو. كاتێ عادل عەبدولمەهدی دەستی لە كاركێشایەوە، جارێكی تر پرسی كاندیدكردنەوەی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق ئاڵۆزی دروستكرد. كاندید هەبوو بە ئاشكرا باسی حساب نەكردن بۆ پێگەی هەرێمی كوردستانی دەكرد و دەیگوت "پشكی كورد بە تەعینات دادەنێت و پرس بە كورد ناكات“.
هەندێ پەڕلەمانتاری كورد، وەخت بوو وێنەیەكی پەرتەوازەیی كورد بۆ ئەو كاندیدە بخەنەڕوو، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی ئەوەی سەلماند، بەر لە هەموو عێراقییەكانیش پرسی كاندیدكردنی مستەفا كازمی یەكلاكردەوە و پشتیوانی بۆ راگەیاند و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بەیەكڕیزی پشتیوانی هەڵوێستی سەرۆكایەتی هەرێمیان كرد. دیارە ئەمە سەركەوتنەش بۆ گەلی كورد بوو. سەركەوتن بەو مانایە نا، كە مستەفا كازمی خواستی كورد بەدیدەهێنێت و هەموو مافەكانی كورد دەدات، بەڵكو بەو مانایەی یەكڕیزی كورد كۆتایی بەو گەمەیە هێنا، كە هەر رۆژی كاندیدێكی دژ بەكورد و پێگەی كورد لە عێراقدا بهێننە پێشەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كاتێك بەر لە بڕیاردان خوێندنەوە و حساباتی ورد دەكرێت، ئەنجامی گەورە دەدات بەدەستەوە.
بەڵام هێشتاش مەترسییەكان لەجێی خۆیەتی، زەرورەتی یەكڕیزی كوردیش لەجێی خۆیەتی، ئێستا شەقامی عیراقی پرسیاری لە سەر هەنگاوەكانی كازمی هەیە، ئایا دەبێتە فریادڕەسی عێراق یان دەبێتە دیكتاتۆرێكی تر؟
نابێ كورد پشت ئەستور بەوەی پشتیوانی كازمی بووە، چاودێر و هاوڕانەبێ لە سەر بڕیار و هەوڵەكانی حكومەتی كازمی، ناشزانرێت كە دۆستایەتی كازمی لەگەڵ كورد تاسەرە، یان وەك بەشێك لە عێراقییەكان دەڵێن، دەبێتە دیكتاتۆرێكی تر، ئەوەیان رۆژ و مومارەسەی كاری خۆ دەیسەلمێنێت، یەكڕیزی كورد دەتوانێت لەكاتەك كەبووە مەترسی رایبگرێت، خۆ هەموو سەرۆكوەزیرانەكانی عێراق لەپێش كازمی و لە دوای سەددامەوە، بە پشتیوانی كوردبوون بە سەرۆك وەزیرانی عێرق و بەڵێنی گەورەیان داوە، دواتر هەڵگەڕاونەتەوە و پێچەوانەی بەڵێن و قسەكانیان رەفتاریان كردووە. هۆكارێكی گەورەی یارمەتیدەری ئەوانەش، كە لە بەڵێنەكانیان بەرانبەر بە كورد پاشگەزبوونەتەوە، پەرتەوازەیی كورد خۆی بووە.
بەپێی ئەزمونی كورد، دوور لەوە كە گلەیی لە خەڵكی داگیركار بكەین، زۆرجار كورد خۆی رۆڵێكی خراپی بینیوە، لە جیاتی پشت بەستن بە عەقڵیەتی دیالۆگ و دۆزینەوەی رێگای هاوبەش بیریان لە یەكترشكاندن كردۆتەوە، ئەوەندەی لە وێزەی یەكتردابوون لە وێزەی دوژمندانەبوون. بەداخەوە ئەم ناكۆكی و تۆڵەسەندنە لە خۆدی پارت و لە ناو پارتەكانیشدا بەزەقی بەرچاو دەكرێت! و ئەوەش زۆر كات گواستراوەتەوە بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسەتی كورد لە عێراقدا.
بۆیە بۆ دەربازبوونمان لەو دۆخەی پێشتر و بۆ نەبوون بەهاوكاری ئەوانەی، كە هەمیشە لە بەڵێنەكانیان بەرانبەر بەكورد پاشگەز دەبنەوە. بۆ ئەوەی لە جێی ئەوە یەك دەست و هێزی فشاربین بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان، بۆ ئەوەی هەر هەوڵێكی دژ بە كورد بەهەمانشێوەی هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی دەستور رابگرین. هەر هەوڵێك بۆ حساب نەكردن بۆ پێگەی دەستوریی هەرێم وەكو خواستی كاندیدەكانی هاوكاتی كاندیدكردنی كازمی هەڵوەشنینەوە، دەبێت كورد یەكڕیزبێت، یەك دەست و یەك هێز بێت. بۆ ئەمەش كورد پێویستمان بە كۆبوونەوەیە لە دەوری دامەزراوەیەكی نیشتیمانی، كە ئەو دامەزراوە نیشتیمانییە سیاسەتی كوردستانی ئاراستە بكات، تا ئەمرۆش ئەو دامەزراوە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە مەراسیمی سوێندخواردنەكەیدا، بەڵێنی دا كە سەرۆكایەتی هەرێم چەتری كۆكەرەوەی هەموو جیاوازییەكان بێت.
تا ئەمرۆ لە بەدیهاتنی ئەو یەكڕیزییەدا سەرۆكایەتی هەرێ باشی هێناوە و لایەنەكانیش لە پشتیوانی هەوڵەكانی تا ئاستێكی باش هاوڕابوون، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، و ناڕوونی داهاتووی عێراق، دەخوازێت سەرۆكایەتی لە هەوڵەكانی یەكڕیزی بەردەوام بێت و لایەنەكانیش پشتیوانی بن.