کەی دەسەڵات شەرعەتی نامێنێت؟
2020-07-08 07:31:57
مەجید ساڵح
جون لوك، دیارترین فەیلەسۆفەکانی ئینگلیزە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی، ئەو پێی وایە لە حاڵەتی سروشتیدا تاکەکانی کۆمەڵگا یەکتری دەچەوسێنەوە و کەسە بە توانا و زاڵەکان ئیستغلالی لاواز و بێ دەسەڵاتەکان دەکەن، بۆ درەباز بوون لەو دۆخە بە ناچاری (دەوڵەت)یان دروست کردوە..ئەو تیۆرییە پێی وایە دابین کردنی سەقامگیری لە کۆمەڵگا لە ئەنجامی دەست بەرداربوونی تاکەکانی کۆمەڵگایە لە هەندێ بەرژەوەندییەکانیان بۆ دەوڵەت و دەوڵەتیش ئەرکی پاراستنی مافەکانیان دەگرێتە ئەستۆ، واتە دەبێ پەیمانێک لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا ببەسترێت...بۆچوونە سەرەکییەکانی جۆن لوک:
أ. ئازادی و یەکسانی مافی سروشتی هاووڵاتیانە.
ب. لەبەر ئەوەی ئازادی و سەربەخۆیی مافی خەڵکە، بۆیە نابێ بە زۆر ملیان پێ کەچ بکرێت.
ج. هەر گروپێکی سیاسی بیەوێت بەردەوام بێت دەبێ باوەڕی بەوە هەبێت بڕیاری زۆرینە دەبێتە بڕیاری گشتی.
د. مل نەدان بۆ بڕیاری زۆرینە، ئامانجەکانی پەیمانەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەبێتە هۆی هەرەس هێنان و نائارامی و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە.
لوک پێی وایە باڵاترین ئامانج لە دروست کردنی دەوڵەت بریتییە لە:
1. ئاسایش بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دابین بکات..
2. سەروەت و سامان و مومتەلەکاتەکانیان بپارێزێت.
3. ئەو یاسایانەی کە دەردەکرێن بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی، دەبێ بە یەکسانی بەسەر هەموواندا پەیڕەو بکرێت و هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت گەر یاساکانی پێشێل کرد دەبێ سزا بدرێت.
دەوڵەت ژیان و ئازادی و موڵکدارێتی هاووڵاتیان بپارێزێت، دەسەڵاتدار تا ئەو کاتە شەرعەتی هەیە کە ئەو خاڵانە جێ بەجێ دەکات، گەر قسوری کرد، شەرعەتی نامێنێت و دەبێ بڕوخێنرێت.
ئەم بۆچوونانەی لوک باڵاترین شێوەکانی فکری سیاسیی هاوچەرخە بۆ ئامانج لە دروستکردنی دەوڵەت.