كێ خاوەن شەرعییەتە لە لیبیا؟
2020-07-08 18:27:59
لوقمان حاجی قادر
دوای شەپۆلەكانی بەهاری عەرەبی كە لیبیا- شی گرتەوە، ڕژێمەكەی معەمەڕ قەزافی لە ساڵی 2011 هەرەسیهێنا، لە ساڵی2014 لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە پەرلەمانی لیبیا دروست بوو كە ڕەووتە ئیسلامییەكان بە ئەنجامەكانی ڕازی نەبوون، چونكە لە كۆی گشتی 188 كورسی پەرلەمانی تەنها 23 كورسیان بەدەستهێنا، بەمەش كارەكانی پەرلەمانیان پەكخست. لە ئاكامدا و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان له سێبتێمبەری 2015 لە مەغریب ڕێككەوتننامەی (سخیڕات) لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا واژۆكرا و حكومەتێكی كاتی بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاج لە هەموو لایەنەكان لە تەڕابلوس پێكهات، بەو مەرجەی لە ماوەی 2 ساڵ لە مێژووی دانپێدانی پەرلەمانی لیبیاوە بتوانێت ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكان و نووسینەوەی دەستور بكات، بەڵام بە هۆی توندبوونی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانەوە، ئەو حكومەتە هەرگیز دانپێدانانی پەرلەمانی لیبیای وەرنەگرت و بەشێك لە ئەندامەكانی دەستەی سەرۆكایەتییەكەی دەستیان لەكار كێشایەوە. لەمەشەوە سێ جەمسەر دەسەڵات لە لیبیادادروست بوون؛ حكومەتی سەڕاج لە تەڕابلوس، پەرلەمانی لیبیا لە بەنیغازی و خەلیفە حەفتەری سوپاسالاری سوپای لیبیا كە هەر یەكەیان خۆی بە خاوەن شەرعیەتی ڕاستەقینە دەزانێت.
یەكەم، حكومەتی سازانكاری لە تەڕابلوس كە فایز سەڕاج سەرۆكایەتی دەكات و بە گوێڕەی ڕێككەوتننامیە سخیڕات- ی ساڵی 2015 پێكهاتووە، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانیپێداناوە. ئەو حكومەتە نەیتوانی پارێزگاری لە شەرعیبوونی خۆی بكات، چونكە نەیتوانی ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات لە ئامادەسازی بۆ ڕێكخستنەوەی پەیكەربەندی فەرمانڕەوایی و ئامادسازی بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە بەرپرسانی لە لایەنەكانی دیكە دەستیان لەكاركێشایەوە. بەمەش لە وادەی ئەو دوو ساڵەدا نەیتوانی ئەرك و لێپرسراویەتەكانی خۆی جێبەجێ بكات كە لە پێناویدا دروست بووە، لێرەوە ئەو شەرعیەتەی لەدەستدا كە هەیبوو، بۆیە لە ساڵی 2017 بەداوە شەرعیەتی نەماوە، بە تایبەتیش كە مەرجێكی دیكەی شەرعیبوونی پەیوەست بوو بە دانپێدانانی پەرلەمانی لیبیا كە ئێستاشی لەگەڵ بێت دەستی نەكەوت، ئەمە جگە لەوەی بە هۆی زاڵبوونی گروپە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەووەكانەوە بەسەر كاروبارەكانی ئەو حكومەتەدا، هێندەی دیكە شەرعیەتی نوێنەرایەتیكردنی گەلی لیبیای لەدەستدا.
دووەم پەرلەمانی لیبیا كە دەزگایەكی یاساكاری هەڵبژێردراوی گەلی لیبیایە، عەقیلە ساڵح سەرۆكایەتی دەكات و بارەگاكەی لە بەنغازییە و لە بەرقەیه كۆبوونەوەكانی گرێدەدات، خاوەن شەرعیەتێكی تەواو بوو بەو پێیەی هەڵبژێردراوی گەلە. بەڵام ئەو دەزگایەش بە هۆی پەرتبوونییەوە و ئامادەنەبوونی بەشێك لە ئەندامەكانی لە كۆبوونەوەكانیدا شەرعیەتەكەی كەوتە مەترسییەوە، بۆیە لە ئانوساتی پەرتبوونییەوە ئەو شەرعیەتەی جارانی نەماوە، ئەمە سەرباری ئەوەی لە هەموو دەزگاكانی دیكەی لیبیا زیاتر لە شەرعیەتی سیاسی و یاسایی گەلەوە نزیكە.
سێیەم دەسەڵاتی خەلیفە حەفتەری سوپاسالاری لیبیایە كە جەنەڕاڵێكی سەردەمی موعەمەر قەزافی-یە، زۆرێك لە هۆزە لیبییەكان لە دەوری كۆبوونەوە، هێز و توانستی خۆی لە پێگە سەربازییەكەیەوە وەرگرتووە وەك سەرۆكی دەزگایەكی سەربازی شەرعی لیبیا. لە ئاكامی توندبوونی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیاوە، حەفتەر هەوڵیدا دەست بەسەر تەڕابلوسدا بگرێت و هێزەكانی گەیشتنە لێواری پایتەخت، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانی توركیا و پشتیوانیكردنی لە حكومەتەكەی سەڕاج، حەفتەر نەیتوانی ئامانجەكەی بە زەبری هێز بێنێتەدی. حەفتەر لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەك ئەمری واقع دانیپێدانراوە وەك ڕوسا و ئەمریكا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و میسر و دەوڵەتانی درواسێی لیبیا و بەشێكی زۆری دەوڵەتانی كەنداو، بەو پێیەی لە زۆرێك لە كۆبوونەوە و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە لیبیادا نوێنەرایەتی فەرمی وڵات دەكات. لەمەوە حەفتەریش نەیتوانی ببێتە خاوەن شەرعیەتێكی تەواو.
لەمەی سەرەوە ڕوون دەبێتەوە كە هیچ كام لەو سێ هێزە خاوەن شەرعیەتی تەواو نین، هەر چەندە نزیكترینیان لەو شەرعیەتە پەرلەمانی لێبیایە.
هەڵوێستی دەوڵەتان
دەوڵەتانی جیهان لە لیبیادا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقع دەكەن، چونكە هەر یەكیكیان خاوەن بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری تایبەتن لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكانی لیبیادا، بگرە هەندێكیان ڕێكەوتننامەی جۆراوجۆریشیان لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكان بەستووە، كێ بتوانی لایەنەكانی سەر بە خۆی لەو ململانێ ناوخۆییەدا سەرخات، دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی مسۆگەر بكات و قازانجی ئابووری زۆر بكات و كۆمپانیا تایبەتەكانی لە لیبیادا بخاتەگەڕ.
ڕۆڵی توركیا لە لیبیادا لە هەموو ڕۆڵەكانی دیكە مەترسیدارترە كە پشتیوانێكی سەرسەختی حكومەتە سازانكارییەكەی سەڕاجە، چاودێران دەڵێن ئەنقەرە بە پشتیوانی ژێربەژێری واشنتۆن لە لیبیا پێی لێڕاكێشاوە، ئامانجی ئەمریكاش بەكاهێنانی توركیایە وەك مقاش و كارتی فشار بۆ سەر ڕوسیا و ئەوروپییەكان. ئەمە وای لە توركیا كردووە چاوی ببرێتە سامانەكانی لیبیا و ڕێككەوتننامەی دیاریكردنی سنوری دەریایی لەگەڵ حكومەتەكەی سەڕاجدا واژۆ كردووه، بە چەك و تەقەمەنی و هێزی سەربازی جۆراوجۆر یارمەتی ئەو حكومەتە دەدات، تا ئێستا نزیكەی 20 هەزار چەكداری چەتەی توندڕەووی ئۆپۆزسیۆنی سوریای گواستوونەوە سەر خاكی لیبیا، جەنەڕاڵ و سەربازەكانی ڕاستەوحۆ بەشداری لە كردە سەربازییەكان دەكەن لە لیبیا و لە چەندەها بنكەی سەربازی ئەو وڵاتەدا جێگیرن، بە فەرمی ڕایانگەیاندووە كە بە بەردەوامی لە لیبیادا دەمێننەوە، ئەمەش هەستی نەتەوایەتی لای لیبییەكان ورژاندووە و بۆنی ئیمپریالیزمی و زیندووكردنەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی لێدەكەن، ئەو هەڵوێستەی ئەنقەر جێگەی ناڕەزایی زۆرێك لە دەوڵەتانی جیهان بە گشتی و تایبەتریش ئەورپییەكان و میسر و وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی هاوسێی لیبیایە.
میسر پشتیوانێكی سەرسەختی پەرلەمانی لیبیا و خەلیفە حەفتەرە، قوڵاییەكی مێژووی و ستراتیژی لە لیبیادا هەیە و 1200 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵدا هەیە. بەهێزبوونی حكومەتەكەی سەڕاج بە مەترسییەكی گەورە دەزانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، چونكە بە زاڵبوونیان بەسەر لیبیادا دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە سنورەكانی نزیك دەبێتەوه. دەوڵەتانی كەنداویش وەك سعودیە و ئیماڕات هەمان هەڵوێستی میسریان هەیە.
ئیتالیا لە حكومەتەكەی سەڕاجەوە نزیكە و ڕێككەوتنی ئابووری زەبەلاحی لەگەل ئەنجام داون، فەڕەنسا نەیارێكی سەرسەختی حكومەتەكەی سراج و سیاسەتەكانی توركیایە لە لیبیا و دەرەوەی لیبیا، یۆنان بە تەوای پشتی نەیارەكانی سەراجی گرتووە، چونكە جموجۆلەكانی ئەو حكومەتە مەترسییەكی گەرورە بۆ سەر سەروەری یۆنان و بەرژوەندییەكانی لە دەریایی سپی ناوەڕاست دروستكردووە، دوا هەڵوێستی تونس و جەزائریش بە لای پەرلەمانی لیبیا و حەفتەردا دەشكێنەوە و لەو ماوەی پێشوودا ڕایانگەیاندووە كە ڕێككەوتننامەی سخیرات كۆتایی هاتووە و دەبێت جێگرەوەیەكی بۆ دیاری بكرێت.
پوختەی قسە ئەوەیە كە یان دۆخی لیبیا ئالۆزی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و ململانێكان درێژە دەكێشن، یان لایەنێك بە زەبری هێز خۆی دەسەپێنێت و دەبێت خاوەن شەرعیەتی ئەمری واقع. ئەگەری دووەمیشیان لە یەكەم بەهێزترە.