قەیران و ئاسۆی كەرتی كشتوكاڵ
2020-07-20 14:48:09
ئەبو كاروان
هەرێمی كوردستان دەمێكە ڕووبەڕووی قەیران بۆتەوە، قەیرانێك خەریكە دەیگەیەنێت بە بنبەست، دەمێكە ئێمەی شیوعیو چەپەكان دەستنیشانی شوناسی قەیرانەكانی هەرێممان كردووە كە خۆی لە قەیرانی ئابوریو دارایی و سیاسی و بەڕێوەبردن دەبینێتەوە، كە ناتوانین دایببڕین لە كاریگەری لێكەوتەی شوناسی دەسەڵاتی سیاسیو ئیتلافی حكومڕان.
مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ قەیرانەكان نەك چارەسەری نەكردووە، بەڵكو قوڕەكەی خەستتر كردۆتەوە، ئەوان تەنانەت ئامادە نین دان بە شوناسی قەیرانەكە وەك قەیرانێكی گشتگیری ئابوریو سیاسی بنێنو كورتی دەكەنەوە لە قەیرانی دارایی كە مەبەست لێی خۆدەربازكردنیانە لە بەردەم بەرپرسیارەتی شكستییەكانی حوكمداری.
لێكەوتەكانی ئەم شكستە داتاكانی رێژەی هەژاریو بێكاری بۆ ئاستێكی مەترسیدار بەرزكردۆتەوە، زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەرو سەدان هەزار لە كرێكارو جوتیارو پیشەوەرە رووبەڕووی دابەزینی داهات بونەتەوە بەهۆی دواكەوتنو كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانو نەبوونی هەلی كارو ساغنەبونەوەی بەرهەمی ناوەخۆیی جوتیاران.
ئەوان ماندوو نابن لە هێنانەوەی بیانوی بێ بنەما بۆ شكستییەكانیان، دەیان ساڵە باسی فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات دەكەن كەچی ناتوانن بەرهەمی ناوەخۆی جوتیارانیش بەبازاڕ بكەن كە بەبێ پاڵپشتی ئەوان بەرهەم هاتووە؟!
دۆخی كەرتی كشتوكاڵو گشەنەكردنیو بێ بازاری لایەنێكی دیمەنی لێكەوتەكانی قەیرانەكانی ئەوانە لەسەر ئەم كەرتە.
بۆ ئەوەی كشتوكاڵ گەشە بكات پێویست بوو لەسەر زیاد لە ئاستێك كار بكەین، زیاد لە بوارێك چالاكانەو زانستیانە وزەو توانامان بخستاتەیە گەڕ. كشتووكاڵ تەنها بە بوونی ئاو و هەوای لەبارو خاكێكی بەپیت گەشە ناكات، ئەوانە گرنگن، بەڵام هەموو شت نین، بەڵكو دەبێ جوتیار بەفیعلی پشتیوانی بكرێتو شتێك هەبێت بەناوی پلانی كەرتی كشتوكاڵ.
سەرەتا هەرێمی كوردستان پێویستی بەدەرچواندنی یاسای هاوچەرخ هەیە بۆ نەخشاندنی سیاسەتەكانی كشتوكاڵو چارەسەركردنی ئەو مەسەلانەی كە پەیوەستن بە موڵكداری زەوییە كشتوكاڵییەكانو مافی جوتیارانئ چۆنیەتی پاڵپشتیكردنو بە بازاڕكردنی بەرهەمەكانیان نەهێشتنی قۆرغكاری مسۆگەربكاتو كەرەسەتەی پێویست بخرێتە بەردەست جوتیاران، گومرگو باج بخرێتەسەر بەربوومی دەرەوە، جوتیار لەنێو ماڵو كێڵگەكەی خۆی بەمەعریفەی كشتوكاڵیو ئەو زانستەی كە هەموو ڕۆژێك لە گەشەكردندایە، پڕچەك بكرێت، سیستەمی ئاودێری و جۆرو كوالێتی تۆ و رێكخستنی كاتەكانی چاندنی بەرهەمیان رێكبخرێت.
ڕێگە بۆ وەبەرهێن و كۆمپانیاو كەرتی تایبەتو گشتی و هەرەوەزی بە ئاڕاستەی سودی گشتی خۆش بكەین تاوەكو پرۆژەی لە قوتونانی بەربومی كشتوكاڵو كارگەی بەرهەمە شیرمەنیەكان دروست بكەن، بۆ ئەوەی سامانی ئاژەڵی پەرەی پێبدەین، كشتوكاڵ و پیشەسازی بكەینە تەواوكەری یەكتری.
ئێمە جگە لەوەی دەبوو بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت هەوڵی سیاسیو دیبلۆماسیمان بخستایەتەگەڕ، فشارمان لەسەر رێكخراوی خۆراكو كشتوكاڵی نێودەوڵەتی (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دروست بكردایە، تاوەكو سودمان لە تواناو ئیمكاناتی داراییو تەكنیكیو زانستی ئەوان وەربگرتایە بۆ گەشەی كەرتی كشتوكاڵیمان.
بەمجۆرە نەوەك سەبەتەیەكی خۆراكمان دەست دەكەوت، بەڵكو مرۆڤی بەرهەمهێنمان دەبوو، ئابوریمان گەشەی دەكرد، جگە لە نەوت سەرچاوەیەكی تری ژیانمان دەبوو، دەرفەرتی كارمان دروست دەكرد كە هەموو ئەمانە بنەمایەكی گرنگ دەبوون بۆ سەربەخۆیی سیاسیو تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی.
لاوازی كەرتی كشتوكاڵ پەیوەندی بە غیابی ئیرادەی حكومڕانانەوە هەیە بۆ ئەوەی لە بازنەی كۆمەڵگایەكی بەرخۆرو بێ بەرهەم دەرنەچین كە تەنیا چاوییان لە داهاتی نەوتی ژێر دەستییان بێتو بە ئاسانی كۆنترۆڵی هەمووانی پێ بكەن.
سەرەڕای ئەو تێبینیو سەرنجە جدییانە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك هەنگاوی ناوە، لەوانەی نزیكەی (١٥) بەنداوی دروست كردووە، بۆ نمونە لەناوچەی گەرمیان (٣) بەنداوی مامناوەندی دروستكردووەو یەكێكی تریش لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، لەشاری كفری بەنداوی باوەشاسواری دروستكردووە كە توانای ئەوەی هەیە سەدان دۆنم زەوی دەیم بكاتە بەرئاو، هەنوكە لە گەرمیان بەرهەمی خەیار توانای لەبازاڕی ناوخۆیی زیاترەو رەوانەی دەرەوەی هەرێمیش دەكرێت، بەروبوومی كێڵگەی پەلەوەریو بەتایبەت مریشكیش هەروایە، واتە كشتوكاڵ چەند پلەیەك نەشونمای كردووە، پێویستی بە هەنگاوی شلگیرانەتر هەیە.
چۆن كشتوكاڵ بكەینە بنەمایەكی گرنگی ئابوری ؟
دەبێ ستراتیژێكمان هەبێ، دامەزراوە بونیاد بنێین، دەسەڵاتیان پێ ببەخشین، لەبری كاردانەوە بونیادێكمان هەبێ، تەماشای ئەزموونەكانی دونیا بكەین، لێیانەوە فێربین، كۆپییان نەكەین، كۆپی كردن هەڵەیە، هەلومەرجی هیچ وڵاتو هەرێمێك لەویتر ناچێ، بەڵام دەكرێت كەڵكیان لێوەبرگرین. بۆ نمونە وڵاتێكی وەك بەرازیل لە (٢٠) ساڵی رابردوودا لە وڵاتێكی خەڵك برسیو پڕ لە قاتوقڕی لەڕێگەی نەخشە رێگەیەكی هەمەلایەن كە كشتوكاڵ لەهەرە گرنگترینیان بوو بازدانێكی ئابووری گەورە یان ئەنجامدا، بەجۆرێك ئێستا نۆیەمین هێزی ئابووری جیهانن، نەخشە رێگاكەیان ناولێنا (هەشت بەهەشتا) واتا چۆن هەشت ساڵ بەگوێرەی هەشتا ساڵ گەشە بكەن، كردیان.
بۆ ئەوەی كشتوكاڵ ببێتە بنەمایەكی گرنگی ئابووری دەبێ ببینە خاوەن سیستەمێكی بانكیی تۆكمە، دەبێ زەمینەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی ساز بكەین، كۆمپانیا گەورەكانی دونیا داوەت بكەین بەچوارچێوەیەك چینی كەمدەرامەتو جوتیار كەڵكی لێوەرگرێت، دەستێكی راهێنراومان هەبێ، پشتیوانی سەرمایەداری نیشتیمانی بكەین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی پیشەسازی كشتوكاڵی، رێگاوبانو هۆیەكانی گواستنەوەی چاكو فەرهەم بكەین.
بۆ نمونە دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی ناخۆییو بیانی لەناوچەیەكی وەك گەرمیان بڕەخسێنین لەو سێ بەنداوەدا پرۆژەی سامانی ماسی پەرە پێبدەن، لە وەرزی هاویندا گەرمیان بەهۆی بەپیتی خاكەكەی ئەو شوتیە زۆرەی بەرهەم دەهێنرێت، هەناردەی وڵاتانی كەنداو بكرێت، كە زەحمەت نییە، هەر لە گەرمیاندا دەكرێت وەزارەتی كشتوكاڵ پرۆژەی یەك ملیۆن داری خورما رابگەینەنێت، كە سنوری كفری زیاد لە (٧٠) هەزار دۆنم زەوی هەیە بۆ بەرهەمو داری خورما ئێجگار شیاوە.
چۆن گوندەكانمان بكەینە سەنتەری ژیان و ئاوەدانی، هەروەها كۆچی پێچەوانە دروست بكەین ؟
بە قەرزی كشتوكاڵی، بەدەستەبەركردنی مافی زیاتر بۆ جوتیار، بۆ خاوەن ئاژەڵ، بە بوونی خزمەتگوزاری ئاو كارەبای باشو رێگاوبانی باش، بەوەی كە ئینسان بەڕاستەقینە ئەو هەستەی هەبێ بوونی لە گونددا و لە كێلگە داهاتووی دەستبەردەكات، بەرژەوەندیو قازانجی دەست دەكەوێت.