یەکێتی، لە رێی کەرکووک تا ژێر پردەکە
2020-07-22 14:52:52
سەهین موفتی
لاهور جەنگی، وەک ئەوەی کەرکووکی گرتبێتەوەو دوزی گەڕاندبێتەوە لەبۆ گەرمیانییەکان، لە سەردانێکی لە بۆ هەولێرو کۆبوونەوەی دەگەڵ کادیران و ئەندامانی حیزبەکەی، چەند لێدوانێکی داوە، لەوانە "( هەولێر بۆ کەس چۆڵناکەین، یەکێتی لە هەولێرو بادینان بەهێز دەکەینەوە)".
ئەمن، هەر سەرپێیی چەند دێڕێک دەنووسم، پێموابێ وایزانیوە لە بۆ رادیۆ دواوە...!
ئەگەر، مام جەلالی رەحمەتی لە قەبرێ هەڵسێتەوەو جارێکی دی، دەستە گوڵەکە بخاتە دەستییەوەو بیبەشێتەوەو سێبەشی بەر هەولێر بکەوێت..! ئەوا یەکێتی لەم سنوورە بەهێز نابێتەوەو هەر ئەو یەکێتیە دەبێت لە مەکتەبی سیاسی سەر رێی کەرکووک تا ژێر پردەکەی بەردەمی بارەگای مەڵبەند تێپەڕ ناکات..!
بادینانیش، ئەوا هەر لێگەڕێ، پسمامان و دۆتمامان، لەوێ تاقەتی حیزبایەتییان هەر نەماوەو حیزبەکان بەهەموو رەنگەکانییانەوە کاڵ بوونەتەوە.
پاشان، هەقە یەکێتی و لاهوریش دەستپێک لە سنووری سلێمانی زێدەتر خۆیان بەهێز بکەنەوەو خەڵکی ئەم دەڤەرانە ئاشت بکەنەوە، بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاونیشتمانییان، ئەمجار بیر لەوە بکەنەوە، لە هەولێرێ چەند مەترێکی دی بکەونە ئەودیو ژێر پردەکە.