پرۆسێسی رەخنە وەک عەقڵ و چەکی سەردەم
2020-07-23 07:39:44
بەهرە حەمەڕەش
پرۆسێسی رەخنەگرتن و قبوڵکردنی، باشترین چەمک و پێوەری ناسینی ئاستی کۆمەڵگەیە. هەر کۆمەڵگەیەک توانای قبوڵکردنی رەخنەو رەخنە لە خۆگرتنی هەبێت، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز، کە ئەمجۆرە کۆمەڵگەیە لە قۆناغی خێڵایەتی و سوننەتی، دەربازی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ببێت.
پسپۆڕ و بیرمەندانی بواری رەخنەسازی دەڵێن، رەخنە باشترین چەمک و ئامرازە بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و دەستنیشانکردنی هەڵەکانی تێکستی کۆمەڵایەتیە، وەک ئاینی، ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسی. هەر کۆمەڵگەیەک هەناسەی درێژی رەخنە قبوڵکردنی هەبێت، کەواتە هەناسەی دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردنیشی بۆ دروست دەبێت.
کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدرێژایی مێژوو لە ژێر چەتری ستەمکاری و دواکەوتوویی سەرکوتکراون، ئەمڕۆ دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەرگایەکی فراوان بۆ خەڵک کرایەوە. ئەم دەرگا و کەناڵانە دەرفەتێکی باشە، بەڵام پێویستی بە چاودێری، پەروەردە و ئاراستەکردن هەیە، چونکە ئەوەی ئێستا دەیبیننین، لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و کۆمەڵێک لایڤ و پەیج، زیانەکانی لە سود زیاترن.
ئێستا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت فەیسبوک، لە جیاتی دروستبوونی شۆڕشێکی هزری و کۆمەڵایەتی، بووەتە شاشەی پیشاندان و دروستکردنی رق و عەقڵیەتی تۆڵە سەندنەوە. ئەو دەرفەتەی، کە جیهان بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دەستی کەوتووە، ئێمەی کورد ناتوانین ئەویش لە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بەکاربهێنین، چونکە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی فەیسبوک لە جیاتی رەخنەگرتن، فێری جنێودان و سوکایەتی بە هەموو بەها و پیرۆزییەکان بوون.
ئەوەی بووەتە سەیروسەمەرە ئەوەیە، کە کەس ئەویتر قبوڵ ناکات، ئەگەر جاران ئەم کلتوری یەکتر قبوڵ نەکردنە تەنیا لە ناو حزبەکان و لە سەر ئاستی دەسەڵات هەبوو، چونکە گیان و عەقڵیەتی رەخنەقبوڵ کردنیان لاوازبوو. ئێستا تەشەنەی کردووە بۆ ناو رۆژنامەنوس، رۆشنبیر، مامۆستا، نوسەر تا هاوڵاتییانی ئاسایی. کلتوری (هەموو راستییەکان لای منە) بەهێزتر بووە و کەس قەوانی کەس ناخوێنێتەوە.
ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵ بەرەو بنیاتنانەوەی کەسایەتییەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوو ئاراستە بکەین، دەبێ لە کلتوری (هەموو راستییەکان لای منە رزگاربین)، چونکە تاقیکردنەوە زانستییەکان و عەقڵیەتی کراوە و پێشکەوتوو، دەمێکە قسەکردن و پێوانەی رەهای بەجێهێشتووە. کلتوری خۆبەراست زانینی رەها، لە هەر بوارێک لە بوارەکانی ژیان بوار بۆ دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردن ناهێڵێتەوە و عەقڵی رەش و سپی دروستکردووە. بە جۆرێک، کە من تەنیا شتە سپییەکانی لای خۆم و رەشەکانی بەرامبەر ببینم. بەداخەوە ئەم تێگەیشتنە لە ناو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا بونی هەیە، ئاین، سیاسەت ئەدەبیات و رۆشنبیری. ئەمەش وایکردووە، لە جیاتی ئەوەی ئەم توانا و وزەیە بۆ یەکترشکاندن و دژایەتی بەکاری دێنین، بۆ رەخنە گرتن لە خۆمان بەکاری بێنین و دەستنیشانی هەڵەکانی خۆمان بکەین باشترە، چونکە بەم هەنگاوە یەکەمجار خزمەت بە خۆمان دەکات، ئەوجا کۆمەڵگا.
گەڕەلاوژەیەکی تر، کە ئێستا دیاردە و باوە، ئەو لایڤ و پەیجانەیە، کە حزب، سیاسییەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان، بۆ دژایەتی بەرامبەر بەکاری دێنن. لە جیاتی رەخنە و رەخنە قبوڵکردن کۆمەڵێک کەسیان داناوە و مانگانەیان بۆ جنێودان بەهەموو پیرۆزی و بەهاکان و مرۆڤایەتی بۆ تەرخانکردوون. ئەم دیاردەیە تاکی لەرزۆک و بێ ئینتیما و تەمبەڵ دروست دەکات، ئێستا لەشکرێک دروستکراوە، کە بژێوی ژیانیان لە سەر جنێودانە بە خەڵک.
ئەو حزب و لایەنانەی سپۆنسەری ئەم گەڕەلاوژەیە دەکەن، ئەگەر ئەم پارەیە بەراستی بۆ دروستکردنی کارگە و هەلی کار تەرخان بکەن، ئەوا خەڵک لە جیاتی جنێودان بژێوی ژیانی لە رێگەیەکی عەقڵانی و دروست پەیدا دەکات و ئەم هەموو دەنگە ناڕازی و دژەی ئێستاش نامێنێ، کە هەمیشە دوژمن سودی لێوەردەگرێت و خۆی دەخزێننە ناویان.
ئەم شێوازە لە کارکردن، وزە بەفیڕۆدانی بێهودەیە، چونکە هەمیشە هێرشکردن، هێرشی هاودژ پەیدا دەکات. لە بەرئەوە دەبێ بەر لە رەخنە لەویتر گرتن، رەخنە لە خۆگرتنمان سودبەخشتر دەبێت و هەم کارەکانمان بەبەرهەم دەبن.
ئەگەر ئاوڕێک بۆ مێژووی سەدساڵەی بزووتنەوەی کوردی بدەینەوە، پڕن لە ناکۆکی هەموو ئەو ناکۆکی و دژبەرییە، کە لە نێوان پارت و پێکهاتەکان هەبووە، بەردەوام خەڵک لێی زیانمەندبووە و باجی داوە. ئەنجامی دواکەوتنی هەڕەمەکی خەڵک کۆمەڵێک بت و پەیکەری پیرۆزمان لە بوارەکانی ئاین، سیاسەت و رۆشنبیران دروستکردووە، بێ ئاگا لە وەی هەرکەس و ئایدۆلۆژیایەک پیرۆزکرا، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی رەخنەلێگرتن و لە کۆتاییدا دووچاری چەوسانەوە و مرۆڤی بێ بەرهەم دەبین.
هەموو ئەم دۆخەی، کە ئێستا ئێمە گلەییمان لێی هەیە، خۆمان و عەقڵیەتی ئێمە دروستی کردووە. رۆشنبیرێک، کە خۆی بەلاوە پیرۆزبێ، چۆن دەتوانێ کار لە سەر شکاندنی بتەکانی کۆمەڵگە بکات؟
شاعیرێک، کە پێیوابێ تێکستەکانی لە دەرەوەی رەخنەگرتنن، ئەوا ئەم تێکستانە لە گەڵ لە دایکبوونیان دەمرن، چونکە رەخنە رۆح بەبەری تێکستەکاندا دەکات و بە زیندوویی دەیان هێڵێتەوە.
ئەوەی ئێمەی لە دۆخێکی ناهەمواری چەقبەستوو هێشتۆتەوە، نەبوونی عەقڵیەتی رەخنەگرتن و رەخنە قبوڵکردنە. هەر وەک مێژوو پێمان دەڵیت، ئەو رەخنەی وڵاتانی رۆژئاوا ژیانیان لە سەر بنیاتنا و خزمەتی مرۆڤایەتییان پێکرد، بەشێکی گەورەی بۆ پرۆسسی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن دەگەڕێتەوە.