Draw Media

تیۆرەکانی گوزەر بەرەو دیموکراسی

تیۆرەکانی گوزەر بەرەو دیموکراسی

2020-07-21 14:30:15


مەجید ساڵح
مەسەلەی گوزەر بەرەو دیموکراسی لە رووی تیۆرییەوە یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی زانستی کۆمەڵناسی سیاسی هاوچەرخ، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لیکۆڵینەوەکانی گوزەر بەرەو دیموکراسی رەونەقی پەیدا کرد و تیۆریی زانەکانی بواری سیاسەت سەبارەت بە هۆکار و هەلومەرجی گوزەر بەرەو دیموکراسی بوون بە چەند دەستەیەکەوە.
دەستەی یەکەم: تیۆری کلاسیک یان درێژخایەن؛ ئەمانە پێیان وایە بەرقەرارکردنی دیموکراسی ئەرکی سەرەکی چینەکۆمەڵایەتیەکانە. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە پێیان وایە گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابوری، فراوانبوونی شارنشینی، پەرەسەندنی پەروەردە و فێرکردن، زۆربوونی کەناڵەکانی راگەیاندن، پتەوبوونی چینی ناوەڕاست و بوونی کولتووری بەشداری سیاسی و سەرهەڵدانی کۆمەڵی مەدەنی بەهێز و هەبوونی بازاڕی ئازاد رۆڵی سەرەکییان هەیە لە رەخساندنی زەمینە و هەلومەرجی بەرقەرارکردنی دیموکراسی.
لایەنگرانی ئەم تیۆرییە لەوباوەڕەدان گۆڕانی ئابوری و مۆدێرنە بوونی کۆمەڵگا، هەنگاوی یەکەمە بەرەو دیموکراسی.. لەم تیۆرییەدا جەخت لەسەر هۆکارە ناوخۆییەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەک دەکرێتەوە و پێی وایە گۆڕین یان روخانی حکومەتێکی ستەمکار بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگایە.
لەم تیۆرییەدا باس لەوە دەکرێ گەر حکومەتە ستەمکار و دیکتاتۆرییەکان رێگری بکەن لە کرانەوە فەزای سیاسی، بەو مەرجەی سوپا پشتیوانیان لێ نەکات، خەڵک و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانن لە رێگەی شۆڕش و راپەڕینەوە ئەو حکومەتانە بڕوخێنن، ئەگەری ئەوەش هەیە لە دوای رووخان دیموکراسی بەرهەم بێت ئەڵمانیای شەرقی بە نمونە، لەوانەشە حکومەتێکی دیکتاتۆری ستەمکاری دیکەی لێ بکەوێتەوە.. نمونەی شۆڕشی فەرەنسا و ئێران.. 
دەستەی دووەم: تیۆری مۆدێرنی کورتخایەن: ئەم تیۆرییە بۆ گوزەر بەرەو دیموکراسی جەخت لە رۆڵی نوخبەی سیاسی هۆشیاری و چالاکوانای کۆمەڵایەتی بە تایبەتی چین و تویژە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە. لەم تیۆرییەدا گۆڕانکاری لەسەرەوە بەرەو خوارە؛ ئەم هەلومەرجەش کاتێک دەڕەخسێت کە هەندێ لە نوخبەی دەسەڵات بەدەست بەهۆی گوشار ی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەڵسن بە کردنەوەی فەزای داخراوی سیاسی، لە، دۆخەدا نوخبەی دەسەڵاتدار هەوڵدەدەن لە گەڵ نوخبەی ئۆپۆزسیۆن بگەنە رێکەوتنێک بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم و چاکسازی و  دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراسی؛ بەرازیل و پیرۆ و شیلی بەم شێوەیە گوزەریان کرد بەرەو دیموکراسی.
تتیۆری سێیەم: لەئەنجامی ئاوێتە کردنی هەردوو تیۆرییەکەی سەرەوە، تیۆری سێیەم سەری هەڵدا کە هەم جەخت لەسەر ستراکچەر دەکاتەوە و هەمیش لەسەر رۆڵی نوخبەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لە دۆخێکدا کە دیکتاتۆری زاڵ بێت گروپە بەرهەڵستکارەکان لە هەنگاێکی هاوبەشدا بڕیار لە سەر ئازاد کردنی وڵات و کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەت دەدەن و چینی ناوەڕاست خەباتێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بەرفراوان رێکدەخات هاوسەنگییەک لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی دەسەڵتدار دروست دەبێ و گفتوگۆ و ئاشتبوونەوە لە نێوانیادا روودەدات و زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ گوزەر بەرەو دیموکراسی دەڕەخسێنێت، لەو کاتەدا دەسەڵاتداران ناچار دەبن لە رێگەی سازش کردن یان رێکەوتن مل بۆ دیموکراسی کردنی وڵات بدەن بەو مەرجەی تۆڵەیان لێ نەکرێتەوە و پارێزراو بن. نمونەی ئەم گوزەرە وەک ئەزموونی کۆریای باشور و هەنگاریا و ئۆرۆگوای.. هانتینگتون بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەم تیۆریەیە.
پرسیارەکە ئەوەیە کام لەم تیۆرییانە بۆ کوردستان قابیلی جێبەجێکردنە؟
ئەوەیان بۆ وتارێکی دیکە....

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand