بە مەسروركردنی حزب و حكومەت
2020-07-26 11:00:32
عەدنان تاڵەبانی
بە مەسروركردنی حزب و حكومەت ئەجێندایەكی تازەی پارتی نیەو درێژكراوەی تەوریسی سیاسیە لە بارزانی باپیروە بۆ نەوەی سێیەمی بارزانی, لانیكەم لەسەرەتادا لەناو حزبەكەی خۆیانەوە دەستیانپێكردوەو هەموو دەسەڵاتە حزبی و حكومییەكان خراوەتە دەستی سەرۆكی حكومەتەوە. لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەوڵەت, سەرۆكی هەرێم و دامەزراوەكەی بێبایەخ كراون و تەنها رۆڵی تەشریفاتی و پرۆتۆكۆڵی و پێشوازیكردن لە وەفدەكان دەبینن, پەرلەمانیش بەهۆی لاسەنگی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پارتی, هەر ئەوەی پێدەكەن كە دەڕژێتە خزمەتی ئەو ئەجێندایەی پارتی, لەبری ئەوەی حكومەت لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بێ, پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی حكومەتدایە.
لەسەر ئاستی حزبیش, هەرچی مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانە حزبییەكانی تری پارتی-یە هیچ رەنگدانەوەیەكیان لەسەر پرۆسەی سیاسی نەماوەو كەمترین لێدوان و قسەیان لەسەر ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاریەكانی كوردستان هەیە, دامەزراوەی بارزانی-یش كە تازە بۆ مەسعود بارزانی دروستكراوە, ئەگەرچی مەرجەع و دەسەڵاتی باڵایە لەناو پارتیدا بەڵام هیچ شك و گومان هەڵناگرێ ئەم دامەزراوەیەش كۆمەكی براگەورە دەكات بۆ ئەوەی گرفت و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی وەلا بخات.
دەستەواژەی براگەورە بۆ مەسرور بارزانی لای بنەماڵەكەی و لەناو پارتیشدا تەنها بەو مانایە نەخراوەتە ناو رای گشتیەوە كە لەبراكانی تری ناو خێزانەكەی گەورەترە بەڵكو براگەورەییە لە دەسەڵات و حكومدا, ئەمە لە ناو حزبەكەی خۆیدا قبوڵكراوە, بەڵام كاركردن بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی گشتی خەڵك و سیستمی سیاسی بكرێت بە دیفاكتۆ بێگومان گرفتی گەورە دروست دەكات.
كۆكردنەوەی هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی یەك كەسدا سەرباری ئەوەی لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیەت و فرەییدا تەواو ناكۆكە, لەهەموو سەردەم و سەرزەمێنێكدا هەمیشە كۆتاییەكی تاڵ و وێرانكەری هەبووە, لە باشوری كوردستاندا لانیكەم لە مێژووی نزیكدا لەدوو قۆناغی جیادا تاقیكراوەتەوەو لە هەردوو قۆناغەكەشدا بەشكستی گەورە كۆتایی هاتووە.
یەكەم: دوای ئەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دەچنەوە لای مەلا مستەفا و دەیكەنەوە بە بڕیاردەری یەكەم لە جوڵانەوەی سیاسی و چەكداری ئەوكاتی میللەتی كورد, ئەگەرچی ئەم یەكگرتنەوەیە بێ دەستكەوت نیەو كۆتایی بەشەڕ و یەكتر كوشتن دەهێنێت و تا رادەیەك كورد دەكاتەوە خاوەنی یەك هەڵوێست و یەك بڕیاری سیاسی, بەڵام ئەم تاك مەرجعیەی بارزانی بەزیانی گەورە تەواو دەبێت و بێ گوێدانە خەبات و قوربانی چەندین ساڵەی میللەتێك جوڵانەوەكەو كوردیش روبەڕوی شكست و ئاشبەتاڵ دەكاتەوە, بێگومان ئەو گروپەی لە مێژوی سیاسیدا بە باڵی مەكتەبی سیاسی ناودەبرێن ئەو هەڵە ستراتیژەیان نەكردایەو بڕیاری میللەتێكیان لە دەستی یەك كەسدا كۆنەكردایەتەوە بەدووردەزانرێت روبەڕوی ئەو شكستە بكرانایەوەو دواتریش بۆ هەڵگیرسانەوەی جوڵانەوەی چەكداری و سیاسی قوربانی گەورە بدەن.
دووەم: دوای فەراغی تاڵەبانی و كۆچی نەوشیروان مستەفا, چۆڵبوونی گۆڕەپانەكە بۆ مەسعود بارزانی لەساڵی 2017 دا, بێلێكدانەوەی قوڵ و لەبەرچاوگرتنی پەیامی یار و هەڕەشەی نەیار بارزانی كوڕ لەریفراندۆمێكدا هەرێم و ناوچە كوردستانییەدابڕاوەكانی روبەڕوی شكستێكی تر كردەوە, كە زۆر كەس ئەم شكستەش لە ئاشبەتاڵی 1975 بە كەمتر نازانن.
مەسرور بارزانی وەكو نەوەی سێیەمی بارزانییەكان لە دەسەڵاتدا بە جیاواز لەوانی پێشخۆی بڕوانامەی ئەكادیمی تا ئاستی ماستەر لە زانكۆیەكی بەناوبانگی جیهانی وەرگرتووەو زمانزانە, بەڵام هەمان عەقڵیەتی بۆ دەسەڵات هەیە و خۆشیی بە بەشكردنی دەسەڵاتەكاندا نایەت و لەماوەی یەك ساڵی تەمەنی لەحكومەتدا ئەدگاری كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە دەستی خۆیدا دەركەوتووەو تارادەیەك لە پایتەخت و زۆنی زەرددا لە ئاستی حزبەكەی خۆی و حكومەتدا سەركەوتوو بووە, هەوڵەكانیشی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە رێی حكومەتەوە بە ئامانجی خۆی بگات و لە زاخۆوە بۆ كفری كەسی یەكەمی دەسەڵات بێت.
بۆ رێگرتن لە ئەجێندای پارتی بۆ بنەماڵەكردنی دەسەڵات لە كوردستان و رێگرتن لەوەی تاكە كەسێك دەسەڵاتدار بێت, ئەركی هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانە كار بۆ فرەیی و چەسپاندنی دیموكراسیەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بكەن, دامەزراوە دەوڵەتییەكانیش رۆڵی خۆیان ببینن و دوربن لە دەستوەردانی حزبی و شەخسی و دەسەڵاتەكانیش لە نێوان حكومەت و پەرلەمان و دەزگای دادوەری دابەش بكرێت.