Draw Media

نامه‌یه‌كی كراوه‌  بۆ به‌ڕێز جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی

نامه‌یه‌كی كراوه‌  بۆ به‌ڕێز جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی

2020-11-07 07:18:41


عارف قوربانی 


به‌ڕێز بارزانی، ده‌مه‌وێ‌ وته‌یه‌كی به‌هه‌شتی مه‌لا مسته‌فاتان به‌یاد بهێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا كاتێ‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌یان كردۆته‌وه‌ بۆچی رێگه‌تدا شه‌ڕ له‌نێوانی شۆڕش و حكومه‌تی عیراقی دروست بێته‌وه‌؟ به‌و جۆره‌ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ (خا عه‌لیمه‌ من قینم له‌شه‌ڕ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ شه‌ڕ خراپترین رێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌ك. به‌ڵام به‌عس هیچ رێگه‌یه‌كی له‌به‌رده‌ممان نه‌هێشتبووه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌رداربوونی كه‌ركوك بۆیان، منیش بڕیارمدا ئه‌و رێگه‌یه‌ هه‌ڵبژێرین ئه‌گه‌ر هه‌مووشمان تیا بچین، چونكه‌ نه‌مده‌ویست سبه‌ی كه‌ مردم خه‌ڵك به‌ته‌نیشتی گۆڕه‌كه‌مدا بڕۆن و نه‌فره‌تم لێبكه‌ن بڵێن بۆچی ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك بوویت ).
به‌ڕێز كاك مه‌سعود ده‌زانم نیگه‌رانی له‌ جموجۆڵ و په‌لهاویشتنه‌كانی په‌كه‌كه‌ بۆ ناو قوڵایی باشوری كوردستان، ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ جوگرافیاكه‌ی ئێوه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه‌. مه‌علومیشه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌كانی بادینان ته‌نها شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ده‌ستی حكومه‌ت و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئێوه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌. هه‌موو جیهانیش چاویان له‌ له‌شكركێشییه‌كانی سوپای توركیا هه‌یه‌ به‌ شوێنی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌وه‌. ئه‌ردۆگانیش نه‌ك نه‌یشاردۆته‌وه‌ به‌ روون و راشكاوانه‌ ده‌یڵێت په‌كه‌كه‌ له‌كوێبن بۆیان ده‌چین و تازه‌ترین لێدوانیشی ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌ڵێت له‌هه‌ر شوێنێكیش خوێنی سه‌ربازێكمان برژێت ئه‌وێ‌ خاكی ئێمه‌یه‌. تواناو ئاستی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازیی توركیا و نابه‌رانبه‌ری هێز له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌، ئه‌گه‌ر پێش به‌شه‌ڕ نه‌گیرێت ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ هه‌موو لایه‌ك روونه‌. له‌وه‌ش رونتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیاو ئێران نایانه‌وێ‌ كوردستان سه‌قامگیربێ‌، له‌دوای دانانی بنكه‌ی دژه‌موشه‌كو بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكاشه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، ئێران خوازیاری هه‌لومه‌رجێكه‌ به‌ ئه‌مریكا بڵێت له‌ هه‌رێمیش جێت نابێته‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنن هه‌ڵوه‌سته‌ی جدییان له‌باره‌وه‌ بكرێت و به‌دوای رێگاچاره‌یه‌كدا بگه‌ڕێین كه‌ رێگه‌ له‌ داگیركاریی و وێرانبوونی هه‌رێمه‌كه‌مان بگرێت. به‌ڵام وه‌ك به‌هه‌شتی مه‌لا مسته‌فا فه‌رمویه‌تی شه‌ڕ خراپترین رێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. هێشتا رێگه‌ی تر ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ نه‌كرێته‌وه‌ رێگه‌ی شه‌ڕ بگیرێته‌به‌ر. به‌ڵام ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستا له‌ باشوری كوردستان ده‌گوزه‌رێت رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ چركه‌ساتی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان براكان نزیكترمان ده‌كاته‌وه‌. تۆ نابێت هیچ ئه‌وه‌ت بیر بچێته‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمان و سه‌ركردایه‌تی جه‌نابتان بۆ یه‌كه‌مینجار له‌مێژوویی میلله‌تی ئێمه‌دا له‌شه‌ڕی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆری داعش و بۆ پاراستنی جوگرافیای باشوری كوردستان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا خوێنی رۆڵه‌ی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بوون. گه‌ریلایه‌كی ئامه‌د و پێشمه‌رگه‌یه‌كی هه‌ولێر و شه‌رڤانێكی قامیشلۆ و شۆڕه‌سوارێكی مهاباد به‌یه‌ك گوولله‌ تۆپی داعش و له‌ناو یه‌ك سه‌نگه‌ردا پێكه‌وه‌ شه‌هید بوون، ده‌بێت ئه‌م شانازییه‌تان به‌ پارێزراویی له‌مێژوودا بهێڵننه‌وه‌. ده‌بێت هه‌ر خۆشت پارێزه‌ری ئه‌وه‌بیت نه‌هێڵیت ئه‌م گیانبازانه‌ی نیشتمان ئه‌م هه‌موو كچ و كوڕه‌ گیانفیدایه‌ی كوردستان ده‌ستبخه‌نه‌ خوێنی یه‌كترییه‌وه‌.
هێشتا له‌ زهنیه‌ت و له‌پێشچاوی جیهان وێنای تۆ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی مه‌یدانی جه‌نگی داعشی كرد، ئه‌و جه‌نگه‌ی جیهان به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی وێنایان كردبوو. به‌هیچ جۆرێك نابێت له‌دوای ئه‌م ناو و ناوبانگه‌ رێگا بده‌یت ئه‌م وێنایا بگۆڕێت و سبه‌ی به‌و جۆره‌ بچیته‌ مێژووه‌وه‌ بڵێن سه‌ركردایه‌تی جه‌نگی براكانی كرد. كاك مه‌سعود مێژووی سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی جیهان بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان. له‌ دیرۆكی میلله‌تی ئێمه‌دا كه‌من ئه‌و سه‌ركردانه‌ی به‌و جۆره‌ چوونه‌ته‌ مێژووه‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێستی خۆیان بوون و وابه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تان نه‌بووبن. تۆ له‌ گشتپرسی سه‌ربه‌خۆییدا ئه‌وه‌شت بۆ هه‌موو دونیا سه‌لماند جگه‌ له‌ پیاوی میلله‌ته‌كه‌ی خۆت پیاوی كه‌سێك نه‌بوویت. فه‌لسه‌فه‌یه‌كی چه‌سپاو هه‌یه‌ ده‌ڵێت (به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت چه‌ند گرنگه‌، پارستنی گرنگتره‌). ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ئێوه‌ بۆ ناو مێژوو مانه‌وه‌یان وه‌ك سه‌روه‌ریی و شانازیی بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو ئه‌وه‌تان لێده‌خوازێت له‌ ئاستی رووداو و پێشهاته‌كانی ئێستاو داهاتوودا به‌دڵێكی زۆر كراوه‌تره‌وه‌ به‌ره‌و رووی هه‌موو كێشه‌كان بچیت.
ئێوه‌ له‌ تازه‌ترین كتێبتاندا بۆ مێژوو، ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی گرنگ ده‌كه‌یت كه‌ بایدن له‌ ئه‌مریكا پێی وتویت له‌سه‌رده‌می من و تۆدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بینین. ئه‌م رۆژانه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ بۆ جه‌نابتان ده‌نێرم و مه‌ترسی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی كورد به‌ كورد ده‌كرێت، جۆ بایدن به‌ره‌و كۆشكی سپی به‌ڕێوه‌یه‌. هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نییه‌ به‌ چوونی بایدن هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ش ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ژمون و په‌لهاویشتنانه‌ی توركیا بۆ باشور و رۆژئاوای كوردستان و بۆ لیبیا و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ شه‌ڕی جۆرجیا و ئه‌رمینیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ئه‌وروپا و ده‌رودراوسێكانی، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانی نێوان ئه‌ردۆگان و ترامپه‌وه‌ بوو، چاوپۆشی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕفرۆشتنه‌كانی توركیا له‌به‌ر بڕیاره‌ تاكڕه‌وییه‌كانی ترامپ بوو. به‌ هاتنی بایدن زۆرشت پێچه‌وانه‌ ده‌بنه‌وه‌. ئه‌و گوشارانه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران ره‌نگه‌ ئاقارێكی تر بگرن و ئێران به‌ هێزێكی كاریگه‌رتره‌وه‌ بهێننه‌وه‌ ناو هاوكێشه‌كان. پێویسته‌ ئه‌مانه‌ له‌به‌رچاو بگیرێن و چاوه‌ڕێی زه‌مه‌ن بكه‌ین ره‌نگه‌ زۆر رووداو به‌ قازانجی ئێمه‌ بگۆڕێت. دابه‌زینی به‌های دراوی توركی، لاوازبوونی پێگه‌ی ئه‌ردۆگان و جیابوونه‌وه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ناو حیزبه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ری كراوه‌ن بۆ گۆڕینی هاوكێشه‌كانی ناو توركیا و كێ‌ ناڵێت دوای دوو ساڵیتر دۆخی توركیا به‌جۆرێك نابێت په‌كه‌كه‌ بچێته‌وه‌ ناو باكوری كوردستان؟ 
ئه‌وه‌ی له‌ ئێستایا گرنگه‌ دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕی نێوان كورده‌كانه‌ ئیتر له‌ هه‌ر حیزب و به‌ره‌و پارچه‌یه‌كی كوردستان بن. راسته‌ كورد ده‌ڵێت چه‌پڵه‌ به‌ده‌ستێك لێنادرێت، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ پێویستی به‌ ته‌نها كه‌سێك بێت بۆ هه‌ڵگیرساندنی، به‌ڵام ئاشتی پێویسته‌ به‌ دوو كه‌سه‌. بۆ چه‌سپاندنی ئاشتیش وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كی دوو لایه‌نه‌ ده‌بێت په‌كه‌كه‌ش ئه‌و راستیانه‌ له‌به‌رچاو بگرێت و ئه‌ویش به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی به‌رپرسیارێتی ئێوه‌، له‌ خه‌می دورخستنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕدابن. به‌ڵام جه‌نابتان ده‌توانن رۆڵی له‌وه‌ گه‌وره‌تر بگێڕن و دڵنیایی ئه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش ئێستا ئاسان نه‌بن، به‌ڵام رێگه‌ی ئاسان بۆ دواخستنیان بدۆزنه‌وه‌.
به‌ڕێز كاك مه‌سعود ئێستا كاتی موباده‌ره‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بووترێت چۆن له‌دۆخی مه‌ترسیداری وادا ده‌رفه‌تی ئه‌و لێكگه‌یشتنه‌ دروست ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ كورد رێك و ته‌بابن، كۆنگره‌یی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆچییه‌. ئامانج له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگایانه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌و ته‌بایی و برایه‌تی ده‌مانبه‌ن. ده‌بێت كۆنگره‌یی نه‌ته‌وه‌یی ئامانج و شێوازی خه‌بات و جوگرافیای تێكۆشانی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی پارچه‌ جیاجیاكان و جۆری هه‌ماهه‌نگی و هاوخه‌باتی نێوان پارچه‌كانی كوردستان دیاری بكات. موباده‌ره‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانێ‌ تارمایی شه‌ڕ و مه‌ترسیی به‌ریه‌ككه‌وتن دوربخاته‌وه‌.
میلله‌ته‌كه‌مان له‌ رابردوودا قوربانی زۆری به‌خشیووه‌، ئازارو مه‌ینه‌تی و ماڵوێرانی زۆری به‌سه‌ر هاتووه‌، ئێستاش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی ئابوریی، خه‌ڵك له‌ دۆخێكی ده‌روونی زۆر خراپدا ده‌ژین، ناكرێت به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ دودڵ و نیگه‌رانی مه‌ترسییه‌كی تری ماڵوێرانكه‌ر بكه‌ن. بۆیه‌ دڵنیابه‌ خه‌ڵكی كوردستان و تێكۆشه‌رانی رێبازی راسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی له‌هه‌ر حیزب و پارچه‌یه‌كی كوردستان بن، چاوی ئومێدیان له‌ هه‌نگاو بڕیاری ئێوه‌یه‌ دڵنیایی ئه‌وه‌یان بۆ دروست بێت كه‌ لانی كه‌م براكان ده‌ستیان ناچێته‌ خوێنی یه‌كتری.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand