Draw Media

سەرۆك‌و گۆڕانكارییەكان

سەرۆك‌و گۆڕانكارییەكان

2020-11-08 09:30:21


ئازاد جوڵا
ئەمریكا دەوڵەتێكی سوپەرپاوەری گەورەی جیهانەو هەر گۆڕانكارییەك لەم  وڵاتە كاریگەری لەسەر هەموو  جیهان بەگشتی بە ئەرێنی‌و نەرێنی هەیەو دەبێ، هەر بۆیەش پرۆسەی هەڵبژاردنەكان‌و ئاڵوگوڕی دەسەڵات لە (واشنتن) جیهانی بەگشتی بەخۆوە سەرقاڵ كردبوو، هەندێك  پێیان وایە  سیاسەتی  دەرەوەی  ئەمریكا  نەگۆڕەو بە هاتن‌و ڕۆیشتنی سەرۆكەكان  كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی  ئەمریكا نابێت‌و شتێكی ئەوتۆ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێ، بەڵام من پێموایە ئەم بۆچوونە هەڵەیەو لە جێگای خۆیدا نیە، بەڵكو  ئەوەی  لە ئەمریكا جێگیرو نەگۆڕەو هەردوو حزبە گەورەكەو تەنانەت تاك بەتاكی ئەمریكاش لەسەری كۆك‌و هاوبۆچوون‌و هاوڕان ئەوا دوو خاڵی سەرەكییە ئەوانیش یەكەمیان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، دووەمیان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بەڵام بۆ بەدەست هێنانی ئەم دوو ئامانجە جێگیرو نەگۆڕە  بۆچوونی جیاو تێڕوانینی جیاواز هەیە ئەمەش نەك تەنها لەنێوان دیموكراتییەكان‌و كۆمارییەكان بەڵكو زۆرجار لەنێو خودی یەك لایەنیش‌و لەنێو نوێنەرانی لایەنێكی دیاریكراودا لە ئەنجومەنی نوێنەران یان پیران بەدی دەكرێت‌و ڕووی داوەو ڕوودەدات، ئەمەش هەم مانای زیندوێتی گەلی ئەمەریكی دەگەینێ هەم سووربونیان لەسەر هەردوو (خاڵی ئامانج)، جگە لەمەش بەهۆی زۆری دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەپێی یاساو دەستوور خودی  سەرۆك خۆی دەسەڵاتی زۆرەو دەتوانی هەندێك جارو هەندێك لە بڕیارەكان ڤیتۆ بكات‌و بۆچوونی خۆی بسەپێنێ، سەرۆك دەتوانێ بە ئاڕاستەیەك كاربكات گۆڕانكاری گەورەو دیار لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریكا بەدی بكات، هەر وەكو چۆن لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوە، لەسەر ئاستی ئابووری‌و سیاسی‌و هاوپەیمانیەتی‌و تەنانەت سەربازیش بینیمان، بۆیە بێ گومان لەگەڵ  هاتنی  جۆ بایدن‌و ڕۆیشتنی  ترەمپی پۆپۆلیست‌و سەرمایەدار گۆڕانكاری گەورە بەتایبەت لەسەر  ئاستی  سیاسەتی دەرەوەو دووبارە ڕێكخستنەوەی هاوپەیمانێتیەكان دێتە ئاراوەو كاریگەری زۆر دروست دەكات، جا ئەگەر گرینگی گۆڕانكارییەكانی ئەمریكا بۆ گەلانی جیهان‌و خاوەن دەوڵەتانی سەربەخۆ زیاتر لایەنی ئابووری‌و یانیش ئەمنی‌و سەربازی بێت، ئەوا بۆ ئێمەی كورد پاڵپشتی‌و نزیكی‌و دۆستایەتی ئەمەریكا بۆ كوردی بێ دەوڵەتی دابەشكراو و داگیركراوی نێو چوار دیواری داخراو لە زۆر  ڕووەوە گرینگ‌و پڕبایەخترە، بینیمان  لەسەر دەمی چوار ساڵی ترەمپ چۆن بەرژەوەندی كەسی‌و نەتەوەیی خۆی زاڵبوو بەسەر بەها مرۆڤایەتیەكان‌و لەدەستدان‌و لاوازكردی متمانەی هاوپەیمانە دێرینەكانی ئەمریكاو پشت تێكردیان، نمونە ڕۆژئاوای كوردستان‌و  هەرێمی  كوردستان لە دوای  ڕیفراندۆم، لەسەر ئاستی ناوچەكەش دەركەوت هاوكێشەكان لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو چۆن گۆڕانیان بەسەردا هات‌و هەندێكیان ڕێك  پێچەوانەو سەراوژێرو چاوەڕوان نەكراو بوون، هەر بۆیە بێ دوو دڵی لەگەڵ هاتنی جۆزێف بایدن گۆڕانكاری  گەورەش  دێتە ئاراوە، بۆیە گرینگە  كورد لەئێستادا لەسەر دوو ئاست  خۆی ڕێكبخاتەوەو لە ئامادەباشی بێت، یەكەمیان لەسەر  ئاستی دۆزی كورد بەگشتی‌و پەیوەست بە وڵاتانی داگیركەری‌و چۆنیەتی ڕێكخستن‌و یەك گوتاری نەتەوەیی‌و هەڵسوكەوت‌و لۆبی دروستكردن‌و دووبارە پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكاو دۆستەكانی، دووەمیان لەسەر ئاستی  هەرپارچەیەك خۆی، بەم پێیەی هەر پارچەیەك دۆخ‌و تایبەتمەندی خۆی هەیەو جۆرو شێوازی هەوڵ‌و پەیوەندی‌و هەڵسوكەوتوو سیاسەتی تایبەت بەخۆی گەرەكە، كورد ناتوانێ سوود لە گۆڕانكارییەكان‌و دۆستایەتی‌و بەڵێن‌و پلانەكانی بایدن‌و ئەوانیتریش ببینێ ئەگەر پێشوەختە نێو ماڵی خۆی ڕێكنەخاتەوەو خۆی بۆ گۆڕانكارییەكان ئامادە نەكردبێت‌و لەگەڵ  گۆڕانكاری‌و ڕووداوەكاندا هاوڕێ‌و هاوتەریب نەبێ...
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand