ئەردۆگان و بارزانی.. دەست لەناو دەست دژی ئۆجەلان
2020-11-07 19:33:49
حوسنی مەحلی
لە ساڵی (١٩٩٧)دا هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە بارزانی شانبەشانی سوپای تورکیا جەنگان دژ بە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، دواتریش چەند جارێکی دیکە ئەم کارە رویدا، ئێستاش ئاردۆگان خوازیاری دوبارەبونەوەیەتی بە شێوازێکی خێرا وکاریگەر، بەرانبەر بە پشتیوانی دارایی لە ئەنقەرەوە.
گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان رەجەب تەیب ئاردۆگان وبارزانی، وهاوپەیمانیەکە چووەوە باری مێژوویی وئاسایی وباوی خۆی پاش ماوەیەك لە سارد وسڕی
دوور لە گرنگیپێدانی میدیا جیهانیەکان کە لەئێستادا سەرقاڵی هەواڵەکانی (جۆ بایدن ودۆناڵد ترەمپ)ن، گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان رەجەب تەیب ئاردۆگان وبارزانی، وهاوپەیمانیەکە چووەوە باری مێژوویی وئاسایی وباوی خۆی پاش ماوەیەك لە سارد وسڕی، بەهۆی ئاستەنگ داندن ورێگرییەکانی ئەنقەرە(ئەنکەرە) لە هەوڵەکانی هەولێر بۆ سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧ دا، کە ئەمەش بووە هۆی لەرزین ولاوازبوونی دەسەڵاتی سیاسی وسەربازی ودەروونی بنەماڵەی بارزانی پاش هاتنەوەی سوپای عێراقی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە باکوری عێراق، بە کەرکوکی "پایتەخت ودڵی کوردستان"یشەوە، بەپێی ووتە ودەربڕینی بارزانی.
چەند رۆژێکە زانیارییەکان باس لە گرژی وئاڵۆزی توند دەکەن لە نێوان پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، وچەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، لە چەندین ناوچەی باکوری عێراق، بارزانی وبەغدادیش وا دەبینن کە ئەم چەکدارانە هۆکار وبیانون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.
تەقاندنەوەی ئەو بۆریەی کە هێڵی گوێزەرەوەی نەوتی عێراق – تورکیایە لە ٣٠ مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو، کە لە هەمان کاتدا نەوتی خاوی کوردستانی عێراقیش بۆ تورکیا دەگوێزێتەوە، ولەوێشەوە بۆ "ئیسرائیل"، بەپێی زانیاریە رۆژنامەوانیەکان، هۆکارێکە بۆ رەنگدانەوەی ئاستی مەترسی وجیددیەتی ئەم گرژی وئاڵۆزیانەیە کە ئەگەری تەقینەوەیان هەیە لەهەر کات وساتێکدا، چونکە چەندین هەڵمەتی راگەیاندنی وئیستیفزاز کردنی یەکتر لەئارادا بوو پێش ئەنجامدانی ئەم هێرشە، کە تیایدا شوێنکەوتوان ولایەنگرانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە کوردانی تورکیا وسوریا، مەسعود بارزانیان تاوانبار کرد بە "هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاردۆگان وپیلان گێڕی لە دۆزی نەتەوەیی نەتەوەی کورد"، مەبەستیش لەمە ئەو بەڕێوەبەرێتیە خۆسەریە کوردیەیە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، کە پشتیوانی دەکرێت لەلایەن واشنتۆن وپایتەختانی رۆژئاواوە.
بارزانی پێی وایە ئەم پایتەختانە وازیان لێهێناوە یان وازی لێدەهێنن، پاش ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل، باڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان بەهێزی خۆیان پیشاندا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعشدا، کە هێشتا مەترسین لەسەر ئەو ناوچەیە بەهەردوو دیوی سوریا وعێراقدا، ئەم لێکدانەوەیەش هۆکارگەلێکی خۆی هەبوو، کاتێك ئەم پایتەختانە ئەو گشتپرسیەی بارزانی ئەنجامیدا بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ پاش شکاندنی داعش لە ڕەققە، ئەمان رەتیان کردەوە، تەنانەت تارانیش لێی ناڕازی بوو، بەڵام هەڵوێستی ئەنقەرە سوپرایزە گەورەکە بوو بۆ بارزانی، کە هیوایەکی گەورەی لەسەر ئاردۆگانی هاوپەیمانی خۆی هەڵچنی بوو، کە پێش دوو مانگ لە گشتپرسیەکە دیداری لەگەڵ ئەنجامدابوو لە ئەستەنبوڵ، وئاڵای کوردستانیش لە پشتیەوە دەشەکایەوە.
ئەم هەڵوێستەی تورکیا هۆکاری ماوەیەك لە ساردوسڕی بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان ئاردۆگان وبارزانیدا، ئەو جووتەی کە گەڕانەوە سەر پەیوەندییە ئاساییەکەیان پێش لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باکوری عێراق لە سەرەتای هاوینی رابردوودا، کاتێك سوپای تورکیا دەستی گرت بەسەر چەندین ناوچەی ستراتیژیدا لە نزیك چیای سەختی قەندیل کە مۆڵگە وبارەگا وکەمپەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لێیە.
سوپای تورکیا لەم شوێنانەدا کە دەکەونە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی بارزانی نزیکەی ١٥ بنکەیان داناوە، وێڕای هەبوونی ژلارەیەکی هاوشێوە لەو بنکە وبارەگایانە کە سوپای تورکیای تێدا جێگیرە لە ساڵی (١٩٩١)ەوە، کاتێك کە هێزەکانی چەکوشی ئامادەی ئەمریکی هاژکە تورکیا بۆ پاراستنی کوردی عێراق لە هەر کردەیەکی سەربازی عێراقی لەدوای تێكشانەکەی کوێت، کە ئاردۆگانیش لایەنگیری کرد لەڕێگەی کردنەوەی بواری ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکە وموشەکە ئەمریکیەکاندا کە لەلایەن کەشتیەکانیەوە دەتەقێنران لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەوە.
هەندێك وای دەبینن کە هۆکاری ئەم ڕوداو وپێشهاتانە هۆکارەکەی بۆشایی سیاسی وئەمنیە لە عێراق ولە باکوریشیدا بە شێوەیەکی گشتی، لەو هۆکارانەش دەستوەردانی تورکیا لە ناوچەکە بە بیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە کە زوربەی هەرە زۆریان ئێستا لە باکوری سوریان لە ریزەکانی "یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد" کە هێزێکە گاڵتەی پێناکرێت، بەهۆی هەموو ئەو پشتیوانیە جۆراوجۆرانەی کە دەکرێت لەلایەن ژمارەیەك لە دەوڵەتانەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ، وئەمریکاش لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانەدایە وفەرەنسا وئیتالیا وبەریتانیاشی لەگەڵە، ناشکرێت کە ڕۆڵی میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب وسعودیە ومیسر نادیدە بگرین کە دەیانەوێت گەمارۆی سەر ئەنقەرە چڕتر وتوندتر بکەنەوە.
سوودمەندی یەکەم لەم هەموو جیاوازیانە "ئیسرائیل"ە کە لەسەرەتای دروستبوونیەوە گرنگیەکی تایبەتی بە کوردی ناوچەکە داوە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، ئێستاش بەردەوامە لەگەڵ هەسەدە بە هەردوو باڵە کوردی وعەرەبیەکەیەوە. هەموو ئەمانە پاڵنەر بوون بۆ ئەنقەرە بۆ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانێتیە باوەکەی لەگەڵ کوردی عێراقدا، لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بەم کارە کردووە بەهۆی پەیوەندی عەشایەری وخێڵەکی نێوان کوردی تورکیا وکوردی عێراق لە کرمانجەکان(بادینیەکان)، کە ئەمان ڕکابەر یان دوژمنی باوی کوردە سۆرانیەکان وسەرۆکی پێشوویانن کە کۆچکردوو جەلال تاڵەبانیە، کە پەیوەندییەکانی هەڵچون وداچونی زۆری بەخۆوە بینیوە لەگەڵ بارزانی بە گوێرەی ویست وتاقەتی بارزانی لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەنقەرە.
هەموو ئەمانە هۆکارگەلێکی بەس بوون بۆ بەشەڕهاتنی بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا، لە هەموو کاتێکدا تورکیا لەپشت بارزانی بووە دژ بە تاڵەبانی، وەکو ئەوەی کە لە ئێستادا دەگوزەرێت، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی تاڵەبانی وکەسانی دوای ئەویش بۆ چاککردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك ئاردۆگان. ولای هەمووان ئاشکرایە کە ئاردۆگان پەیوەندی لەگەڵ بارزانیەکان لا پەسەندترە لەبەر چەندین هۆکار کە گرنگترینیان ئەوەیە هەردکیان (ئاردۆگان وبارزانی) زۆر لەیەک دەچن لە تێگەیشتن وجێبەجێ کردنی زۆرێك لە چەمکە فیکری وسیاسی وئابووریەکان.
لە ساڵی (١٩٩٧)دا هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە بارزانی شانبەشانی سوپای تورکیا جەنگان دژ بە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، دواتریش چەند جارێکی دیکە ئەم کارە رویدا، ئێستاش ئاردۆگان خوازیاری دوبارەبونەوەیەتی بە شێوازێکی خێرا وکاریگەر، بەرانبەر بە پشتیوانی دارایی لە ئەنقەرەوە، چونکە گیرۆدەی قەیرانگەلێکی جیددیە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ حکومەتی ناوەند ولەگەڵ سلێمانیشدا کە پایتەختی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکرد، کە زۆرێك لە بۆچون وئامانجەکانی – تاڵەبانی – نزیك بوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا ئۆجەلانی "چەپخواز".
تاڵەبانی زۆر تێکۆشا بۆ هێنانەدەرەوەی ئۆجەلان لە زیندان پاش ئاشتەواییەکەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەڵام تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانی ولایەنگیریە خێڵەکییەکەی لەناو تورکیادا بە باشتر زانی، وئەنقەرە لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسی لە پیاوانی ئەم خێڵانە بەکرێ گرت ولەژێر ناوی "پاسەوانی گوند"دا دایمەزراندن، وئەمانیش شان بەشانی سوپای تورکیا شەڕیان کرد، وئێستا ژمارەیان کەمی کردووە بۆ ٦٠ هەزار ومووچەی فەرمی لە تورکیا وەردەگرن.
ئاشکرایە کە بارودۆخی ناوخۆیی عێراق وقەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وپرسی گەندەڵی ولێکدانەوەی تایبەت بەعێراق لەلایەن پایتەختە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتیەکانەوە بەهۆی پێگە ستراتیژیەکەی کە هاوسێی سوریا وئێران وتورکیا وکەنداوە، بەهیچ جۆرێك یارمەتیدەر نیە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەنوکەییەکان. ئەمەش هانی هەردوولا دەدات واتە مەسعود بارزانی وشوێنکەوتوانی ئۆجەلان لە سوریا وتورکیا بۆ چەسباندنی پیگەکانیان وبەدیهێنانی دەسکەوتی زیاتری سیاسی وسەربازی وجوگرافی ومیللی بەهۆی هەڵکشانی هەستی نەتەوەیی کوردی هاوسۆز لەگەڵ کوردی سوریا بەهۆی پشتیوانی ئەمریکی ونیودەوڵەتی لێیان.
ئەم تایبەتمەندییانەش پاڵنەرێکە بۆ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا ویەکێتی دیموکراتی کوردستانی سوری بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانیان بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ لەسەر بارزانی، چونکە ئەوان دەزانن کە ئێستا بەهێزترن بەهۆی باری ناهەمواری ئابوری ودارایی لە هەولێر، وپەیوەندییە خراپەکانیان لەگەڵ سلێمانی، وتەنانەت لەگەڵ بەغدادیش، ولەگەڵ سەرۆك بەرهەم ساڵحیش کە سەر بە دەستەکەی تاڵەبانیە.
ئەم دەرەنجامانەش قۆناغی نزیکی داهاتوو بۆ گرژی زیاتر پەلکێش دەکەن لە باکوری عێراق، لەگەڵ بەردەوامیی دەستوەردانی سەربازی وهەواڵگری تورکی لەڕێی هەماهەنگی وهاوکاری لەگەڵ بارزانی کە ئەنقەرە دەیەوێت ئەو تەواوی تواناکانی بۆ شەڕکردن لە دژی پەکەکە بخاتە گەڕ.
پەکەکەش لای خۆیەوە هەلی بەنرخی خۆی دەبینێت لەم بارودۆخە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتیەدا بۆ پشتیوانی کردن وچەسپاندنی ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستیهێناون لەم پێنج ساڵەی دواییدا بەهۆی پشتیوانی سەرۆك ترەمپ وئێستاش سەرۆك بایدن، کە ئەم زیاتر دژایەتی ئاردۆگان دەکات، وئەمەش وا لە ئاردۆگان دەکات بەخێرایی جوڵە بکات بۆ رێگری کردن لەهەر سوپرایزێك کە لێکەوتە وئەنجامی خراپی بۆ ئەنقەرە هەبێت، کە دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری هەر هەڵوێستێکی کرداری وخێرا دژ بە پەکەکە ولقە سورییەکەی؛ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد. ئەمەش پێویستی بە پشتیوانێکی کورد هەیە تا کورد بەردەوام بن لە یەکتر کوشتن، کە لەسەر ئەمەش راهاتون لە تورکیا وعێراق وئێران، وئێستاش لە سوریا.
هەروەها ئەوان ڕاهاتون کە کارتێك بن وئەم چواردەوڵەتە مامەڵەیان پێوە بکەن لەگەڵ یەکتردا، کە ئەم دەوڵەتانە کوشتوبڕی کوردی خۆیان دەکەن وپشتیوانی وهاوکاری کوردی دراوسێکانیان دەکەن، هەروەك ئەو بارودۆخەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێت. بیریشمان نەچێت کە ئەو (تورکیا) سەرجەم سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلانی لە کونجی زیندان توند کردووە، کە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەدوور لە گرنگی پێدانی خۆرئاوا کە خۆی گێل کردووە، یان پرسی ئۆجەلانی سەرۆکی پەکەکەی لەبیرکردووە کە لە مانگی شوباتی ساڵی (١٩٩٨)ەوە لە زینداندایە.
ساڵانی پێشووی دوای "سایکس بیکۆ" ئەوەیان سەلماندووە کە خۆرئاوا تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی لا گرنگە، بەدوور لە ووتە ودروشمەکانی دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی کە کورد ناکۆکیەکانی خۆیانیان تێنەپەڕاندووە، لەڕابردوو وئێستا وداهاتووشدا وەك پەڕە کاغەزێکی بەردەم ڕەشەبای هەرێمایەتی ونێودەوڵەتی دەمێننەوە، ولە هەموو دەوڵەتانیش گرنگتر تورکیایە، بەو پێیەی ئەو بەدرێژایی مێژوو وئێستاشی لەگەڵدا بێت، لایەنی هەرە گرنگی ئەم هاوکێشە گرنگ وئاڵۆزەیە، ومانەوەشی بەم شێوەیە هۆکارەکەی کوردەکان خۆیانن!
وەرگێڕانی : گ. ق.