شەیپوری شەڕ لێمەدەن... لەبەردەم زیاتر لەجەنگێكی براكوژیداین
2020-11-07 18:50:02
د.سەلام عەبدولكەریم
زیاد لەهەر كاتێكی تر، دیسان لەسەرهەڵدانو دووبارەبوونەوەی جەنگێكی نێوخۆییو براكوژیی نزیك دەبینەوە، ئەوەی ئەم جەنگە نزیك دەكاتەوە، بازرگانەكانی چەكو بەرژەوەندی خودین، كەمەرامو چاوچنۆكییە تاكەكەسییەكانیان لەهەموو كاتێكدا بەسەر بەرژەوەندییەكانی نەتەوەیەكدا پێشخستووە، ئەوانەی تەنها لەخەمی خۆیانو نەوەو پێگەو پۆستو پولو دینارەكانیاندان، نەك لەخەمی لەباربردنی خەونی نەتەوەیەك، نەك هەڕاجكردنی خوێنو گیانی هەزاران گەنجی خێر لەخۆنەدیوی ئەم نیشتیمانە.
رۆژانە روونە لەكوێوە شەیپوری جەنگ لێدەدرێت، بەهانەی بۆ دەدۆزرێتەوەو زۆرجاریش پاساوی بۆ دادەتاشرێ، بێئاگا لەوەی، كەئاگری جەنگ هەڵگیرسا تەڕو وشك، خانەدانو هەژار، بەرپرسو پاسەوان، گەورەو بچووك لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەم جەنگەی رۆژانە هێزو گروپە چەكدارەكان دەخەینە بەردەم ماڵەكانمان تەنها جەنگێك نییە لەنێوان دوو هێزی چەكدار، بەڵكو جەنگی پەرتەوازەكردنی زیاتری رۆحی مرۆڤی كوردە، بەرپاكردنی جەنگو ئەم شەیپور لێدانەی جەنگ خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتییە گەورەو بنەڕەتییەكان، خۆدینەوە لەتینوو برسیكردنی خەڵك، لەفەرامۆشكردنی پەروەردە، زانكۆكان، خۆگێلكردن لەبێبەرنامەیی زیاتری بەرپرسیارێتیو لەئەستۆ نەگرتنی جڵەوی كاروبارەكان، هەڵگیرسانی جەنگ، خۆدزینەوەیە لەئەركی لێبوردەییو هەوڵدان بۆ ئاشتەواییو دروستكردنی زەمینەی پێكەوەژیانو یەكێتی نەتەوەییو گەڕاندنەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، كەبەفیتی داگیركەرانی كوردستان لەباربراو نەبەسترا.
كێ دەكوژن؟ كێ كۆتایی پێدەهێنن؟ مەگەر خۆتانو لەگەڵیشیدا نەتەوە نەبێت؟! تائێستا چیتان بۆ نەتەوەو میللەتەكەتان كردووە جگە لەپڕكردنی گیرفانی خۆتانو نەوەكانتان؟ چیتان كردووە جگە لەخۆشگوزەرانیو ژیانی شاهانەی خۆتان؟! چیتان كردووە بۆ سەروەركردنی یاساو دادگان، بۆ كۆمەڵی مەدەنی، بۆ بەرزڕاگرتنی ئازادی دەربڕین، بۆ شكۆو كەرامەتی مرۆڤ؟!
ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆییو براكوژیی تەنها لەنێوان پارتیو پەكەكەدا نزیك نییە، گەر پێمان وابێت هەڵەین، بەڵكو لەنێو هەموو پارتە سیاسییەكان هەریەكەو بەجۆری خۆی لەروودانی نزیكدایە، ئەوەی ئەم جەنگە براكوژییانەی دواخستووە جارێ بەرژەوەندیو مادەو پلەو پۆستە، ئەوەی ئامادەیی هەیە گیانو غەریزەی قڕكردنو سڕینەوەی یەكترییە تەنانەت لەنێو یەك پارتی سیاسیشدا، ئەوەی ونە گیانی لێبوردەییە، رۆحی قبوڵكردنو پێكەوەژیانە. بەداخەوە نەك بەرەو جەنگێك، بەڵكو بەهۆی خۆخۆریو لوتبەرزیو بیری تەسكو هەڵپەی گەیشتن بەلوتكەی دەسەڵاتو بەرژەوەندی تاكەكەسی، لەبەردەم دەیان جەنگی براكوژیداین، كەدواجار تەنها خۆمان زیانمەندین. ئەوەی چارەو چارەسەرە لێبوردەییە، وتووێژە، لەبەرچاوگرتنی نەسوتانی جەرگی دەیان هەزار دایكی ترە، هەتیو نەخستنی دەیان مناڵو جگەرگۆشەیە...