دوای ترامپیش جیهان دەستی لەسەر دڵی دەبێت  

Draw Media

2021-01-21 17:33:50



فەرحان جەوهەر 

ترامپ کۆشکی سپی بەجێهێشت ، بەڵام دوای رۆیشتنی رایگەیاند دەگەڕێتەوە و بزوتنەوەکەی لە سەرەتای دروست بوونیدایە ، ئەو لێدوانانەی ترامپ ئەمریکاو جیهانیشی نیگەران کردووە ، لەبەرئەوەی دوورنییە ، ئەو بزوتنەوەیەی ترامپ باسی دەکات ، لە ماوەیەکی کورت و دیاریکراودا ببێتە حزبێکی گەورە وبگەنە دەسەڵات ، ترامپ ئەرچی دەرنەچووە ، بەڵام حەفتاو چوار ملێۆن دەنگی هێناوەو سێ بەسشی لایەنگران و دەنگدەرانی وەک خۆی لەو بڕوایەدان کە بردنەوەی هەڵبژاردنی لێ دزراوە ، سەرە ڕای رەتکردنەوەی هەموو ئەو تانانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داون لە لایەن داگاکانەوە .
ئەو بیرۆکانەی ترامپ کاریان لەسەر دەکات بۆ وڕژاندنی هەست و سۆزی ئەمریکایەکان ، لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکی و رێکخراوە توند رەوەکان پێشوازی لێ دەکرێت و پاڵپشتی دەکەن ، لەبەرئەوەی ترامپ توانیویەتی بەو گوتارە پۆپۆلیستییە راستڕەویە توندەی ، بڕواویان پێ بهێنێ کە ئەمریکا بەهۆی کەمبوونەوەی رەگەزی سپی و هاتنی زۆری پەنابەران و زۆربوونی رەشپێستەکان لەمەترسیدایەو پێویستە سنوورێکیان بۆ دابنرێت ، هەروەها دروشمی یەکەم ئەمریکا وای لە زۆرێک لە خەڵک کردووە بڕوای پێ بکەن ، بیرۆکەیەکی تری ترامپ ئەوەبوو دەڵێت : نابێت چیتر پارەو ئابوری ئەمریکا لە پاراستنی خەڵکی تر لە دەرەوەی ئەمریکا سەرف بکرێ ، پێویستە ئەو دەوڵەتانە لە جیاتی ئەمە پارە بدەنە ئەمریکا ، هەروەک چۆن لە ساڵانی رابردوو پارەی لە عەرەبستانی سعودی کێشایەوەو خەرجییەکانی ناتۆی کەمکردووە ، بەکورتی بیرۆکەکانی ترامپ ئەوەن کە چیتر ئەمریکا سەرکردایەتی جیهان نەکات و خەریکی بەهێزکردنی ئابوری خۆی بێت لەناوەودا ، ئەمەش ئەمرکا دەکاتە کۆمپانییەک نەک دەوڵەتێکی مەزن ، بەڵام هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ، خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی چینی هەژارو پەڕاوێزخراوەکان ، حەز بەم گوتارە دەکەن ، بۆیە ئیدی لەمەودوا ترامپ چیتر وەک کەسێکی ئاسایی یان سەرۆکێکی خانەنشین کراو نامێنێتەوە ، بەڵکو بۆتە فکرو ئایدیای بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا ، بەتایبەتی ئەگەر ئیدارەی نوێی جۆبایدن سەرنەکەوێت یان بارودۆخی ئابووری وڵات لاوازببێت ، ئەو کاتە ترامپ بەهێزێکی زۆرترەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی دوای چوارساڵی تر، بەمەش هەموو جیهان دەکەوێتە مەترسی و گوتارەکەشی سەردەکەوێت ، بۆیە مەترسیەکان بەدەرچوونی تڕامپ لە کۆشکی سپی کۆتایی نایەت و جیهان تا چوارساڵی تر دەستی لەسەر دڵی دەبێت .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand