ترەمپ دەڕوات بەڵام ترەمپیزم دەمێنێت
2021-01-19 20:37:24
هیوا سەید سەلیم
دۆناڵد ترەمپ، چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمەریکا دوا کاتژمێرەکانی خۆی لە کۆشکی سپی بەڕێدەکات، وا بڕیارە کە رۆژی ٢٠ی/ کانونی دووەمی ٢٠٢٠، بارگە و بنەی بپێچیتەوە و کۆشکی سپی جێبهێڵیت و دەسەڵات رادەستی جۆ بایدن بکات.
دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ترەمپ هەوڵی زۆری دا کە بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆسپ لەبەردەم ئەنجامەکانی هەڵبژاردن درووست بکات، دوا جاریش بە هاندانی لایەنگرانی لە رۆژی پشت ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان هەوڵی دا لاینەگرانی هەڵبکوتنە سەر کۆشکی سپی.
هەموو لایەک دەزانین کە رووداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرس، لە لایەن لایەنگرانی دۆنالد ترەمپ لە مێژووی ئەمەریکادا کەم وێنە بوو، ترەمپ بەو کارەی دیموکراسیەت و پڕۆسەی ڕادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لە ئەمەریکا خستە ژێر پرسیارەوە، بە شێوەیەک کە بۆ خودی ترەمپ و پارتی کۆماریەکان بە زیان دەشکێتەوە.
تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی سیناتی ویلایەتی جۆرجیا، و خۆپیشاندانی چەکداری و هەڵکوتانە سەر کۆنگرس، بەدەردی سەرۆکە دۆڕاوەکەی ئەمەریکای نەخوارد، چونکە لە ئەمەریکا عورفێکی سیاسی هەیە ئەویش دەبێت دۆراو کورسی بۆ براوە چۆڵ بکات.
وێڕای هەموو ئەو پێ چەقاندنەی ترەمپ، لەپێناو مانەوەی لە کۆشکی سپی، بەڵام وا ماڵئاوایی دەکات، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە ڕاستە ترەمپ دەڕوات و مالئاوای لە کۆشکی سپی دەکات، بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەتوانین ناوی بنێین ترامپیزم، بۆیە دەپرسین ئایا کاریگەری ترامپیزم لەسەر پرۆسەی سیاسی ئەمەریکا چی دەبێت؟
تڕامپیزم، بریتیە لەو خەسڵەتانەی کە ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵ لە حوکمڕانی ئەمەریکا لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و حوکـمڕانی لە گۆڕەپانی سیاسی پەێڕەوەی لێکرد، کە لە ئایندەشدا کەم کاریگەریش نابێت، بە تایبەت ئەگەر بێین خوێندنەوە بۆ دەنگەکانی ترەمپ بکەین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
شایانی باسە ئەگەر ١٠٪ ی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ بە ترەمپ دراون پەیڕەو لە خوڕەوشتە سیاسیەکانی ترەمپ بکەن، کە دەکاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس لە کۆی ئەوە ٧٤ ملیۆن دەنگەی کە بە ترەمپ دراوە، تێدەگەین کە ترەمپیزم وەک دیاردە تا چەند ساڵی دیکەش جێ پەنجەی لە گۆرەپانی سیاسی ئەمەریکا دەمێنێت.
پیویستە بگوترێت کە ترەمپ، لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا هەوڵی داوە لە بواری سیاسەتی دەرەکی لاسایی حەوتەمین سەرۆکی ئەمەریکا (ئەندرۆ جاکسن) بکاتەوە، ئەو بڕوای وابوو دەبێت ئەمەریکا گرنگی بە خۆشگوزەرانی تاکی خۆی بدات کاری بە وڵاتانی دیکە نەبێت، جاکسۆنیەکان، هەڵگری درووشمێکن دەڵێن:
( بژی و لێگەڕی با خەڵکی دیکە بۆ خۆی بژی).
دوناڵد ترەمپ، بە سوود وەرگرتن لەو درووشمە و پەیرەوکردنی سیاسەتی (جاکسۆنیزم) هەوڵی دا گرینگی بە ناوخۆی ئەمەریکا بدات، و پشتی لە رۆڵی ئەمەریکا لە سیاسەتی دەرەکی کرد.
لە نموونەی هەڵوێستی لە رووداوەکانی سوریا و کشاندنەوەی هێزە سەربازیەکانی لە ئەفغانستان و عێراق، و کشانەوەی لە رێکەوتنامەی دوڵی بۆ پارستنی کەشوهەوا، و پشتکردنە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر ئاستی جیهانی، لە بەرامبەردا کەمکردنەوەی باج و بێکاری لە ئاستی ناوخۆیدا.
بۆیە دەتوانین بڵێین دوای (جاکسۆنیزم) لە ئەمەریکادا بیروباوەڕێک سەرهەڵدەدات پێی دەوترێت (ترەمپیزم) کە ئەگەر پڕۆسسی دادگایکردنی نە بێتە کۆسپ بۆ دۆنالد ترەمپ، ئەوا ترمپ و لایەنگرانی دەتوانن سەرئێشەی زۆر بۆ رکابەرەکانیان لە پارتی دیموکرات درووست بکەن، بە تایبەت کە دەبینین کە یەکەمین هەڵبژاردنە جیاوازی دەنگ لە نێوانی دوو رکابەری دیموکرات و کۆماریەکان ( بایدن – ترمپ) زۆر نیە، و دەنگەکانی ناو ئەنجومەنی پیرانیشیان وەک یەکن واتا (٥٠-٥٠).
لێرەدا تێدەگەین کە راستە ترەمپ کۆشکی سپی جیدەهێڵیت، بەڵام سێبەری ترامپیزم بەسەر پڕۆسەی سیاسی ئەمەریکا کەم گاریگەر نابێت، بگرە سەر ئێشەیەکی زۆریش بۆ ئیدارەی جۆ بایدن درووست دەکات.