خۆبوون 

Draw Media

2021-01-22 15:30:20



زکری موسا

سەرۆك بارزانی لە لاپەڕەی 122ـی كتێبی (بۆ مێژوو..)ـدا دەڵێ: "ئەگەر خۆت نەبی و خۆت پشت بە خۆت و خەڵكی خۆت و تواناكانت نەبەستی، بە نەبوو حیسابی". هەروەها لە لاپەڕەی دواتر ئامۆژگاریی تاكی كورد و سیاسییەكانی دەكات و دەڵێ: "هیچ كات پشتی خۆتان بە كەس گەرم نەكەن. جیهان، جیهانی بەرژەوەندییەكانە. ئەگەر بەرژەوەندییان لەگەڵ كورد بگونجێ ئەوا دەبنە دۆست و ئەگەر بەرژەوەندییان نەگونجێ پشتتان تێ دەكەن و ناتانناسن. بۆیە تەنیا پشت بە خودا و پشت بە خۆتان ببەستن. ئەگەر پێشمەرگەی خۆمان هەبێت و هێزی خۆمان هەبێت، كوردستان دەتوانێ خۆی بپارێزێت. ئەگەر بێهێز بین ناپارێزرێین و لەناویشمان دەبەن".

لە ڕاستیدا ئەم وتانە لە هیچەوە نەهاتوون بەڵكو هەڵێنجراوی ئەزموونی دەیانساڵەی سەرۆك بارزانی و ئەزموونەكانی تری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستانە.

هۆكارەكان هەرچی بن كورد تا ئێستا حەزی لەوە بووە خۆی لەوە ڕابێنێت كە چاوی لە دەستی خەڵكی تر بێت. بەردەوام چاوەڕێی ئەوە بووە كە كێ لە بەغدا حوكم دەگرێتە دەست. ئایا ڕەفتاری لەگەڵ كورد باش دەبێ یان نا؟ ئایا لە ئەمەریكا كۆماری سەردەكەون یان دیموكرات؟ ڕۆژئاوا یارمەتیمان دەدات یان نا؟ ڕاستە ئەم فاكتەرانە گرنگن. بەڵام لەوە گرنگتر خودی كوردە. كورد خۆی چۆنە. لەبارەی ئابووری و زانست و كار و پیشەسازی و كشتوكاڵ و ژیان بە گشتی تێڕوانینی چۆنە. لە سیاسەتدا چۆن ڕەفتاری كردووە. لەناوخۆدا دامەزراوەكانی چۆنن. ژێرخانی پەروەردە و كولتووری چۆنە؟ جیهانبینیی كورد لەبارەی كاركردن چیە؟ ئایا كورد خۆیەتی و ئیرادەی خۆی هەیە؟

هەموومان دەزانین ئێستا دۆخی ئابووری باش نییە. هاووڵاتیان گرفتی زۆریان هەیە. ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆییەكان زۆرن. شۆڤینییەكانی بەغدا و هەرێمایەتی حەز بە چارەمان ناكەن. بۆیان بكرێ هەر لەناومان دەبەن. لەو حاڵەتانەدا ئایا چارە چیە؟ خۆبەدەستەوەدانە و قبووڵكردنی هەموو مەرجێكی پاشكۆیەتی و كۆیلایەتییە؟ بە دڵنیاییەوە ئەمە چارەسەر نییە. ڕەنگە هەندێ سیاسیی كورد ئەوەیان بوێت. ڕەنگە شەپۆڵی میدیاكان و پۆپۆلیزم هێندەی تر خەڵك بەرەو یەئس و ڕەشبینی و ڕق شۆڕ بكەنەوە. بەڵام هیچ یەك لەمانە چارەسەر نین.

لە مێژوودا زۆر نموونە هەن گەلان بەنێو دۆزەخدا تێپەڕیون و سەركەوتووش بوونە لەوەی بگەنە سەرەوەری و سەقامگیری و بووژانەوە. ڕەنگە ئەو دۆخەی ئێستایش لە ڕواڵەتدا نەكەبەت و ناخۆشی بێ بەڵام دەكرێ دەرفەتیش بێت. دەرفەتێكی زۆر گەورە بۆ ئەوەی بتوانین خودی خۆمان بدۆزینەوە و چاومان لە دەستی خۆمان بێت. لەسەر پێی خۆمان بوەستین و منەتی ئەوانەش هەڵنەگرین كە نەمانی ئێمەیان دەوێ. دەرفەتە بۆ ئەوەی لە مەفهوومی كار و دامەزراوە و دادپەروەری قووڵ ببینەوە و باشتر لە هەموو كاتێك خۆمان بپارێزین. سەیری ئامۆژگاریی گەورە پیاوان و عارف و زانا و ئەدیب و شاعیرانی پێشووی كورد بكەن. هەر هەمووی تژیین لە وانەی گرانبەها بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بین و لەبەرانبەر نەیاردا خۆبەدەستەوە نەدەین. هەمووی جەختكردنەوەیە لە ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و خۆشەویستیی خاك و یەكتر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand