Draw Media

یه‌كێتی، له‌ ژێر فشارێكی تونددا‌ ..!

یه‌كێتی، له‌ ژێر فشارێكی تونددا‌ ..!

2021-01-22 19:32:37


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
   زه‌حمه‌ته‌ كه‌ پارتی به‌لایه‌وه‌ گرنگ بێ كه‌ ناڕه‌زایی خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌كاندا، چییه‌. ئه‌م هێزه‌، هه‌ست به‌فشاری جه‌ماوه‌ری ناكات و له‌م بابه‌ته‌دا خۆی یه‌كلاكردۆته‌وه‌، ئه‌و بڕیاریداوه‌‌ ڕێگه‌ به‌ خۆپیشاندان نه‌دات، ئه‌وه‌شی كه‌ بیر له‌ ناڕه‌زایی بكاته‌وه‌ پێشوه‌خت جڵه‌و و كۆنترۆڵی بكات، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ ئه‌زموون ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌نانه‌ت مۆڵه‌تی یاسایی به‌ پارته‌ سیاسییه‌كانیش نادرێت بۆ رێكخستنی گردبوونه‌وه‌، چ جای رێگه‌دان به‌ هه‌ڵڕشتنی تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی خۆڕسكی گروپه‌ مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناڕازییه‌كان!.
    له‌م رووه‌وه‌، پارتی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی جیاوازیی فكری و ناچوونیه‌كی كولتوری سیاسی و باری سۆسیۆ-سیاسیی هه‌رێم بكات، چاوه‌ڕوانه‌ كه‌ یه‌كێتی-یش به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌فتارو مامه‌ڵه‌ بكات!، ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ پارتیبوون له‌ ره‌فتاری سیاسی و كاردانه‌وه‌دا بۆ زۆنی(سه‌وز) گونجاو نییه‌، وه‌كچۆن بۆ ده‌ڤه‌ری(زه‌رد)یش ره‌وا نییه‌و‌ مه‌سه‌له‌كه‌ زاده‌ی ترساندنی خه‌ڵكی ناڕازی و گره‌وكردنه‌ له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی ئه‌منییانه‌ی جموجوڵه‌كان، ئه‌و بۆچوونه‌ش كه‌ ده‌ڵێ خه‌ڵكی هه‌ولێر و دهۆك ناڕه‌زایی نین، راست نییه‌، چونكه‌ له‌و دوو پارێزگایه‌شدا زیاتر له‌ نیو ملیۆن فه‌رمانبه‌ر هه‌ن كه‌ هه‌مان دۆخی دانیشتوانی تری هه‌رێم ده‌ژین و ئازارو مه‌ینه‌تیی هه‌موو قه‌یرانه‌كانیان له‌گه‌ڵدا ده‌چێژن.
 چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه، حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌كۆتاییدا، له‌گه‌ڵ به‌غدادا رێك بكه‌وێت، كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕیاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم، هه‌تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی نا واقعی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و ئه‌م چاره‌سه‌ره‌یان به‌و جۆره‌ ده‌وێت كه‌ دڵخوازی خۆیانه‌ نه‌ك به‌و فۆرمه‌ی كه‌ هه‌رێم ‌و دانیشتوانه‌كه‌ی پێویستییان پێیه‌تی، له‌م بابه‌ته‌شدا جیاوازیی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ شاردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كه‌، پارتی، زیره‌كانه!،‌ هه‌موو جارێك كاراكته‌ره‌ یه‌كێتییه‌كانی ناو حكومه‌ت ده‌كاته‌ واجیهه‌ بۆ گه‌مه‌ی كات كوشتن و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتن.
    له‌م گه‌مه‌یه‌دا، به‌هۆی دابه‌شبوونه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌، هه‌موو جارێك، پارتی گره‌وی خۆی ده‌باته‌وه‌، شه‌ڕو ده‌مه‌قاڵێش ده‌خاته‌ ناو ماڵی ركابه‌ره‌كه‌یه‌وه‌و دابه‌شبوونه‌كانی زه‌قتر ده‌كاته‌وه‌!، به‌تایبه‌تی كه‌ زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ دۆسییه‌ی نه‌وت، سه‌رله‌به‌ر، راده‌ستی به‌غدا بكرێته‌وه، به‌تایبه‌تی‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم خۆی، كه‌ باڵاده‌ستی ره‌های ناوی ته‌نها پارتی دیموكراته‌‌، قه‌یرانه‌كانی پێ چاره‌سه‌ر ناكرێت.
  ئه‌م تێزه‌ نوێیه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ دواهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م حزبه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، تێزێكی واقعییانه‌یه‌‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی ناسیۆنالیستییش له‌ ئاستیدا بێ سووده‌‌، چونكه‌ هه‌ر خۆی‌ په‌رۆشییه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌و جۆرێكه‌ له‌ فشاری ناوخۆیی بۆ ئینقازكردنی دۆخی قه‌یراناوی هه‌رێم. ئاشكراشه‌ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌پارێزێت وه‌ك قه‌واره‌و ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانێتی، نه‌ك بازرگانیكردن به‌ سامانه‌ سروشتییه‌كه‌یه‌وه‌!، به‌ناوی چییشه‌وه‌؟(كوردایه‌تی)یه‌كی ڕووكه‌شانه‌و دواكه‌وتوو‌ كه‌ تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی بۆ قه‌یرانه‌كان پێ نییه‌‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا به‌های كوردایه‌تیكردن، له‌ بنه‌ڕه‌تدا، له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئینسانی كورد سه‌رفراز و بێ مه‌ینه‌تی و ئازار بژی.
   به‌ مانایه‌كی روونتر، ئه‌مڕۆ  ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم به‌ته‌واوی یه‌كێتییان خستۆته‌‌ ژێر فشاره‌وه‌، هه‌موو جارێكیش ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ گڕ به‌رده‌ده‌نه‌‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حزبه‌و، پارتیش له‌ سنوری خۆیه‌وه‌ چێژ له‌و پێكدادانه‌ ده‌بینێت و ناڕاسته‌وخۆش دنه‌ی میدیاكانی ده‌دا كه‌ دیمه‌نه‌كان گه‌رمتر بكه‌ن و ركابه‌ره‌كه‌شی ناشیرینتر!‌، بۆیه‌ ته‌عبیركردنی واقعییانه‌ی یه‌كێتی‌ له‌و دۆخه‌و، سیاسه‌تی عه‌قڵانییانه‌، ته‌نها و ته‌نها‌ ئه‌وه‌یه‌ كه،‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی، له‌ ده‌مكوتكردنی خۆپیشانده‌ردا، لاسایی ئه‌وبه‌ر بكاته‌وه‌! ببێته‌ هێزێكی كراوه‌و به‌رپرس و بوێر، ببێته‌ نوێنه‌رێكی راستگۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم، به‌هه‌موو هێزی خۆیشیه‌وه‌و‌، به‌ پرۆژه‌و تێزی جیاجیا، فشار بخاته‌ سه‌ر پارتی، چونكه‌ پارتی له‌ حكومه‌تدا، به‌ ئاشكراو به‌ رۆژی نیوه‌ڕۆ، هه‌م جڵه‌وی كردووه‌، هه‌م به‌گوێی ناكات، هه‌م كردوێتییه‌ واجیهه‌ی سیناریۆكانی خۆی و، هه‌م بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانیش له‌ناو قیاده‌ی یه‌كێتیدا، دۆخێك كه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ر هێزێكی تر به‌رامبه‌ر به‌ پارتی بیكردایه‌، ده‌مێك بوو دابه‌شبوونی ئیداری و سیاسیی له‌هه‌رێمدا رووی ده‌دا، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕی تری شومی ناوخۆیی به‌دواوه‌ نه‌بووایه‌. 
  ‌   لایه‌نێكی تری ئیجابیی ئه‌و تێزه‌ی كه‌ ده‌ڵێ: (وه‌ك خۆت پێت ناكرێ، چاره‌سه‌ر راده‌ستی به‌غدا بكه)‌، له‌وه‌دایه‌ كه‌ كۆتایی به‌ گه‌وره‌ترین دروشمی ناو ناڕه‌زاییه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان ده‌هێنێت كه‌ هاوار ده‌كات" بڕوخێ دز، شه‌ریكی دز". 
   زه‌ق و ڕه‌ق ئاشكرایه‌ كه‌ بێده‌نگیی هه‌ر هێزێك كه‌ ئیدیعای كاركردن بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان، ڕێك به‌مانای هاوبه‌شێتییه‌ له‌ دزی. یه‌كێتی كه‌ قبوڵی بكات دۆسییه‌ی نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكرێت، ئه‌وا مانای وایه‌ قبوڵێتی كه‌ له‌ قۆڵی خۆیه‌وه‌ هه‌موو جۆره‌ بازرگانییه‌ك به‌ سامانی سروشتییی هه‌رێم و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ كۆتایی پێ بێت، پیشاندانی راستگۆیی له‌م تێزه‌دا، نه‌ك هه‌ر ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ له‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌م حزبه‌دا، به‌ڵكو باڵانسی هێزیش له‌ كوردستاندا ده‌گۆڕێت.  
  پێداگرتنی ئه‌م ماوه‌یه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی مه‌له‌فی نه‌وت به‌ به‌غدا، ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌شی تیایه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ره‌واو بابه‌تییه‌. ئیداره‌ی پرۆفیشناڵییانه‌ی ململانێ و كایه‌ی سیاسه‌ت و حزبایه‌تییش، چییه‌؟‌، رێك و ره‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزب، مه‌بده‌ئییانه‌، به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له‌به‌‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا دابڕێژێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕێك له‌ ئیمتیازاتی ته‌سكی حزبییش له‌ده‌ست بدات كه‌ زۆرجار ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ ته‌نانه‌ت ناچنه‌ گیرفانی حزب خۆیشییه‌وه!‌، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی بێكه‌ڵك و هه‌لپه‌رستدا ده‌بێت، دواین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییش كه‌ به‌ پێی زانیاریی ئێمه‌ به‌هێزترین و راشكاوترین و بوێرانه‌ترین كۆبوونه‌وه‌ بووه‌ له‌ مێژووی ئه‌م حزبه‌دا، دروست و ته‌واو ئه‌م بابه‌ته‌ی ته‌قاندۆته‌وه‌: ئه‌وه‌ كێیه‌ به‌ناوی حزبه‌وه‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار بۆ خۆی ده‌باو له‌ كۆتاییدا حزبه‌كه‌ له‌به‌رده‌م رای گشتیدا ناشیرین و نابووت ده‌كات!، دۆسییه‌ك كه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر قیاده‌ی ئه‌م حزبه‌ راست بكات، ئه‌توانێ موعجیزه‌ی سیاسیی بێنێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌شی نه‌بێ و دێزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ی بكات، ئه‌وا دره‌نگ و زوو، بێ ئاینده‌و مایه‌پووچ ده‌بێت.        
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand