Draw Media

  ئەندام پەڕلەمان لە دیدی هاولاوڵاتییەوە 

  ئەندام پەڕلەمان لە دیدی هاولاوڵاتییەوە 

2021-01-24 06:47:21


ساڵح ژاژڵەیی                        


پێشەكی 
ئەگەر چی سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بە ڕواڵەت پەڕلەمانیە و دەشتوانین بڵێین تێكەڵەیەكە لە پەڕلەمانی و سەرۆكایەتی  . بەڵام لە ڕاستیدا هیچ كامیان  نییە و ڕاستییەكەی سیستەمی حوكمڕانی دیوەخانە و لەسەر بنەمای حوكمی دارستان داڕێژراوە  بەوپێیەی شێر بەهێزترین ئاژەڵە بۆیە گەورەی دارستانە .   
 پەڕلەمان كە بە حساب گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانان و لێپرسینەوەو چاوەدێری حكومەتە ، داماوە خۆی  زەلیلی دەستی خاوەن دیوەخانە . سەرۆكی پەڕلەمان وەكو بوكەڵە وایە .  ئەندامەكانی  پەڕلەمان كە بەناو نوێنەری حكومەتن ، ئەوانەی سەر بە دیوەخانن و حیزبەگەورەكانن ڕێك وەكو كۆیلەی بەكرێگیراو وان و خەرێكی بەرگری و مكیاج كردنی كارە دزێوەكانی  ئاغاكانیانن  هەر لە دزی و تاڵانی و گرتن و زیندانیكردنی هاولاِتیان و سوكایەتی پێكردنیان تا دەگاتە خیانەتی نیشتمانیش  .
 ئەندامانی لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش پەڕاوێز خراون و كەس گوێیان بۆ ناگرێت چونكە پەڕلەمان لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە كار دەكات و پارتیش هەم لە ڕوی ژمارەی پەڕلەمانتارو هەم لە دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەماندا زۆرینەن  و منەتیان بە كەس نییە . لەبەر ئەوە پەڕلەمان هیچ بایەخێكی نییەو لە ئێستادا بون و نەبونی وەكو یەك وایە . 
 لەبەر ئەوەی پەرلەمان  لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە كار دەكات  ،  هەر شتێك بەزیانی  خاوەن دیوەخان تەواوببێت ، ناخرێتە بەرنامەی كاری پەڕلەمانەوە .  هەرچەندە پەڕلەمانتارانی لایەنی ئۆپۆزسیۆن  داوا دەكەن   بابەتی موچەو گەندەڵی  لە بواری نەوت و تاڵانی گومرگەكان  بخەنە بەرنامەی كاری پەڕلەمانەوە ، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بە قسەیان ناكەن و پەڕلەمان بە كاری لاوەكییەوە خەرێك دەكەن.  كەواتە پەڕلەمان  نوێنەری  دیوەخانی گەورەیە ، نەك هاوڵاتیان .                                                       
  سەرنجی ئەمانەی خوارەوە بدە بۆ ئەوەی لە ڕاستییەكان بگەی :      
هەتا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو  هەموو بڕیارێكی دەدا بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە . بڕیاری ڕیفراندۆمی  داو ماڵی كوردی وێرانكرد .  دوای ئەوەی لەژێر فشاردا لە سەرۆكایەتی هەرێم لابراو برازاكەی بوو بە سەرۆكی هەرێم ،ئێستاش هەر خۆی خاوەن بڕیارەو لەدیوەخانەكەیەوە بڕیار دەدات .  
رۆِژێك سەرۆكی پەڕلەمان  دەردەكرێت .رۆِژێك وەزیرەكان دەردەكرین . رۆِژێك پاریزبەندی  لەسەر ئەندام پەڕلەما لادەبرێت . رۆِژێك ڕێگا نادەن  جێگری سەرۆكی هەرێم بچێتەوە ناو هەولێر. كورتیەكەی كەی بیانەوێت  پەرلەمانیش دادەخەن چونكە پەڕلەمان بە موڵكی خۆیان دەزانن .  هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن كە دەسەڵاتێك هەیە لەسەروی پەِرلەمان و حكومەت و دادگاوەو لە هەموان گەورەتر و دەسەڵاتدارتر و خاوەن بڕیاری كۆتاشە .   
هەموو سامانی نیشتمان تاڵان كرا . خەڵك فەقیر كرا . ڕیفراندرم كراو نیوەی خاكی كوردستان  لەدەست درا . شەنگال  ڕادەستی داعش كرا ، نیوەی بادینان كەوتە ژێر پۆستاڵی جەندرمەی توركەوە  . نەك یەك ئەندامی پەڕلەمای دیوەخان  رەخنەیەكیان نەگرت  ، بەڵكو  بەرگرییان لە كارە قێزەونەكانیان دەكر دو پاساویان بۆ دێنانەوە   . ئەگەر ئەندام پەڕلەمانێكی ئۆپۆزسیۆنیش ڕەخنە بگرێت ، ئەوانە وەكو بەڵتەجی بەكرێگیراو   بە چەقۆ و بۆكس پەلاماریان دەدەن وەكو ئەوەی لەم دوایەدا لە هۆڵی پەڕلەمان ڕویدا . 
پەڕلەمان خۆی بۆتە دەزگایەكی تۆقێنەر و بونی پەڕلەمان  لە ئێستادا تەنها بۆ  پاڵپشتی كردن و شەرعیەت دانە بە حوكمی دیوەخانی بنەماڵە . زۆرینەی ئەندام پەڕلەمانەكان  وەكو ئەوە وان  بە كرێ گیرابن  بۆ پاڵپشتی كردن و دەنگدان بە حوكمی دیوەخان لەبەرامبەر پارەدا . بەو هۆیەوە  ئەو ئەندام پەڕلەمامەشی كە بەرگری لە مافی هاوڵاتیان دەكەن  ، بێ بایەخ بون  لە بەرچاوی هاوڵاتیان . 
پارتی زۆر لێزان بوە بۆ حاڵی خۆی بۆ ئەوەی  بەرەی ئۆپۆزسیۆن پەرت و  لاواز بكات ، هەمیشە هەوڵی داوە حیزبێكی ناو ئۆپۆزسیۆن  بكاتە هاوبەشی حكومەت . لە ئەنجامدا بەرەی ئۆپۆزسیۆنی لاواز كردوەو ناو و ناوبانگی حیزبەكەشی لەناو جەماوەر زڕاندوە چونكە نەیان توانیوە هیچ بۆ هاوڵاتیان بەدەست بهێنن .  دواجار هاولاِتیان پێیان وتون ئەمانە بۆ پۆست و پلەو پایە چونە ناو حكومەتەوەو بەو هۆیەوە هەندێك لە ئەندامانی حیزبەكە وازیان هێناوەو  بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لەپاشەكشەدابوە .   یەگرتوی ئیسلامی لە ڕابوردوداو بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا باشترین نمونەن . لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا  داوایان  لە گۆڕان كرد بەشداری لەحكومەتدا بكات  ، ئەوان قبوڵیان كردو دواجار ڕیسوابون  . بەڵام داوایان لە كۆمەڵی ئیسلامی نەكرد بەشداری لە حكومەتدا بكات ، بۆ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە حكومەتدا بەهێز نەبێت . پارتی سیاسەتی ( فرق تسود ) ی بەكار هێناو سەركەوتوش بوو . 
كاتێكیش پارتی ئەو حیزبانە بەشدار پی َدەكات لە حكومەتدا ئەو پۆستانەیان  پێ دەدات كە تێیدا عەیب دار دەبن و هیچ زیانێكیش بە خۆیان ناگات و ناشبن بە مەترسی بۆسەر خۆیان .  
پۆستی وەزیری دارایی دەبەخشێت چونكە پارەكە لای خۆیەتی . كەواتە وەزیر دارایی دەبێت بە ئەمین سندۆق . بەڵام كە خەڵك داوای موچە دەكەن  ، دەڵێن بچن لە وەزیری دارایی بپرسن كە گۆڕانە .  پۆستی وەزیری پێشمەرگە دەبەخشێت چونكە هێزی تایبەتی خۆی هەیە . بەڵام هەرگیز ئامادە نییە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان  بداتە هیچ حیزبێكی تر .   كاتی خۆی پارتی  لە شەنگال قوچانی و ڕای كرد و بە  هەزاران كوردی ئێزدییان بە گرتن دا . هەموو كەسێك ئەو  ِاستییە دەزانێت . سەیركەن ئێستا ئومێد خۆشناو زۆر بێشەرمانە   لێدوان دەدات و دەڵێت : 
پارتی لە شەنگال ڕای نەكردوە چونكە هێزی  حكومەتی لێبوە نەك پارتی وئەو هێزەش  بەفەرمانی وەزیری پێشمەرگە كشاوەتەوە كە گۆڕان بوە .  سەیركەن  چۆن دەیەوێت  گۆڕان تۆمەتبار بكات  ؟. لە ڕاستیدا دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەمە بێتە دەنگ .ئەی خێرە ئیستا دەیانەوێت  پەلكێشی توركیا بكەن  بۆسەر شەنگال . دیارە  بۆ ئەمەش قسەیان دەبێت و  بە ملی یەكێتیدا دەدن. 
پارتی لە خیانەتكردندا زۆر شارەزاو دوور بین و لێزان و خاوەن ستراتیجە . بیر بكەنەوە كەی پارتی هێزی بردە زینوی وەرتی ؟. زینوی وەرتی سنوری دەسەڵاتی یەكێتیە . بەڵام كتوپڕ هێزێكی خۆی بردە ئەوێ‌ . دوایی لە ژێر ناوی هێزی  موشتەرەكدا  هێزەكەیان  گیگیر كرد .
 كەواتە پارتی قاچێكی خۆی لە زینوی وەرتێدا چەقاند .  دوایش كە خەڵك لێرەو لەوێ‌ قسەیان دەكرد ، پارتی وەڵامی خەڵكی دەدایەوە ئەوە بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانەو بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگە ئەو هێزە لەوێ‌ گیگیر كراوە . خۆشتان دەزانن  وەزیری پێشمەرگە یەكێتیە . من ناڵێم دەبوایە یەكێتی لەسەر ئەوە شەڕ دروست بكات ، بەڵام دەبوو هەڵوێستی توندی هەبوایە و بۆ خەڵكی ڕون بكردایەوە كە بە بڕیاری خۆیان چونە زینوی وەرتی ، نەك بە بڕیاری وەزیری پێشمەرگە .   
ئێستا كە وەزیری بەرگری توركیا هاتۆتە هەرێمی كوردستان دەبێ وەزیری پێشمەرگە ئاگاداری  هەموو وردەكاری  كۆبونەوەكانی و  مەبەستی هاتنی بێت . بەڵام  تەنها ماوەی 5 دەقیقە بۆ وێنەگرتن وەزیری بەرگری توركیای دیوە .دوایی سەرۆكی دیوەخانە گەورەكەو  نێچیر و مەسرور كۆبونەوەیان لەگەڵ كردوە.   هەموشمان دەزانین بۆ ئەوە هاتوە بەرنامە دانین بۆ شەڕی پەكەكەو دەرگردنیان لەقەندیل وشەنگال .  گێگیركردنی هێزی پارتی  لە زینوی وەرتی لە كاتی خۆیدا پەیوەندی بەم سەردانەی ئیستای وەزیری بەرگری توركیاوە هەیە .
ئەگەر بەیانیش شەڕی پەكەكە كرا  پارتی زۆر بێ منەتانە دەڵێت : ئەو شەڕە بۆ بەرژوەندی  هەرێمی كوردستان كراوە . بە فەرمانی وەزیری  پێشمەرگە كراوە و خۆشتان دەزانن كە وەزیری پێشمەرگە سەر بە یەكێتییە. واتە یەكێتیش  بەشدارە لە بڕیاری شەڕەكەدا .  ئەگەر یەكێتی خۆی بە براچوكەو ژێر دەستەی پارتی نازانێت ، چۆن دەبێ ئەم سوكایەتیانە قبوڵ بكات. ئاخر ئەم  ڕەفتارانەی یەكێتی و حیزبە بەشدار بوەكانی حكومەتن  پارتیان كردۆتە كەڵەگا .  ئایا پەڕلەمان ئاگاداری ئەم كەین و بەینەی  بنەماڵەی بارزانی هەیە؟ كی ناڵێت ئەمانە كارەساتێكیتریش   بەسەر كوردا ناهێنن هەر وەكوچۆن  هەموو نەوتی كوردستانیان  ڕادەستی توركیا كرد؟ .  
دەبوو یەكێتی وەزیری پێشمەرگە لە حكومەت بكشێنێتەوەو هەڵوێستی هەبوایە . ئایا  یەكێتی ئاگای لە ناوەرۆكی  ئەو كۆبونەوەیە هەیە لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا و قوباد تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەكان بوە ؟   بەراستی زۆر سەیرە بەردەوام پارتی كڵاو دەكاتە سەری ئەم حیزبانەو كەسیان وانەیەك لە ڕابوردوو فێرنابن .
 كەواتە هەبونی پەڕلەمان بەو  بیدەسەڵاتیە  هیچ كاریگەریەكی لە پرۆسەی حوكمڕانیدا نیەو  نەبونی باشترە لە بونی چونكە  لە ڕوی داراییەوە بۆتە بارێكی قورس بەسەر بودجەو قوتی هاوڵاتیانەوە  و ئەوپارەیەی لەم پەڕلەمانەدا خەرج دەكرێت وەكو ئەوە وایە ئاوی سیروان بیبات . 
لەبەشی دووەمی ئەم باسەدا دەمەوێت  بە تایبەت  دیدی هاوڵاتیان  شەن و كەو بكەم بەرامبەر بە ئەندامانی پەڕلەمان و كاریگەریە نەرێنیەكانیان لەسەر پڕۆسەی دەنگدان . 
ساڵح ژاژڵەیی . 


 


 

                                


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand