شەخسەنەو فەرتەنە
2021-01-21 17:15:27
پەیكار عوسمان
ئەگەرچی کەسەکان، بکەرو فاکتەری کارای دۆخەکانن، بەڵام تاکە فاکتەرنین و ئەوەی کە هەیە، هەمیشە فرەڕەهەندەو بەرهەمی کۆمەڵێك فاکتەرە.. (جا کاتێ شتەکە بچوکئەرێتەوە بۆ شەخسەنەو لەناو شەخسەنەشا، بۆ تاقە شەخسێك) ئیتر ئەمە وێنەکە خۆی نیە. ئەمە وێنەکەیە دوای دووجار شێواندن!
مەسەلەن، ئەوە هەموومانین، ئەو ماشێنەمان وا ناوناوەو وای پێئەڵێین، نەك تەنیا ئەو کچە. مەسەلەن، ئەوە کۆی هەموو فاکتەرەکانە، گۆڕانی بەو دۆخە گەیاندوە، نەك تەنیا ڕێکخەرەکەی. خۆ ئەو وەکو کەسی یەکەم، بەرپرسیاری یەکەمە لەو حاڵە شڕەی بزوتنەوەکەی.. بەڵام هەر بەقەت بەشەکەی خۆی بەرپرسیارە، نەك بەقەت بەشی ئەوانیتریش. (لەڕاستییدا بەنیشانەکردنی کەسێك، هەمیشە لەپێناو شاردنەوەی ئەوانیترە)!
شەخسەنەش تەنیا دیوی شەیتاندنی کەسیك نیە، بەڵکو دیوی خوایاندنیشە. هەردو دیوەکەی شەخسەنەش، پێکەوە یەکسانن بە بت دروستکردن. بتێك بۆ پیرۆزکردن و بتێك بۆ نەفرینکردن. ئاگاداربە نەفرینکردن شکاندنی بت نیە، بەڵکو دیوەکەی تری دروستکردنی بتە. شکاندنی بت، شکاندنی تاكڕەهەندییە. ئەوەیە کە ڕەهەندەکانی تر فەرامۆشکراوە لە بەرژەوەندی دانیەکیان. تۆش یەیت سیحری ئەو دانەیە بەتاڵئەکەیتەوە، لەبەرژەوەندی حەقیقەت و کۆی ڕەهەندەکانی وێنەکەو بتی تاكڕەهەندیی شتەکە ئەشکێنیت.
یەعنی بتدروستکردن دوو دیوە. لە یەکەمیاندا بتێك دروستئەکرێ، کە هەموو فاکتەرەکانی تری تێدا بەتاڵئەکرێتەوە بە دیوە ئیجابییەکەدا. لە دووەمیانا بتێك دروستئەکرێ، کە هەموو فاکتەرەکانی تری تیا بەتاڵئەکرێتەوە بە دیوە سلبییەکەدا. مەسەلەن لە دۆخی کاك نەوشیرواندا، هەموو شتەکان باشی ئەوەو کەسی تر بەشدار نیە لە سەرکەوتنەکاندا. لە دۆخی عومەری سەی عەلیشدا، هەموو شتەکان خراپی ئەوەو کەسی تر بەشدارنیە لە شکستەکاندا. کە ئەمە هیچیان وانیەو هەردوکیان تاكڕەهەندی و حەقیقەتێکی شێواوە!
ڕەخنە بۆ (تێگەیشتن و چارەسەرو تێپەڕاندنە) نەك بۆ (شەڕو شکاندن و تێکگیران). شکاندنی هێلکەکەش لەسەری تاکە کەسێکا، سەر بە کەوانەی یەکەمە نەك دووەم. لەڕاستیدا هێلین بەقەت یەك کەسی ئەو کۆمەڵگایە پەرپرسیارە لەو ناولێنانە نابەجێیە، نەك بەقەت هەموو کۆمەڵگا. سەی عومەریش بەقەت خۆی دەسی چەورە نەك بەقەت هەموو گۆڕانە ڕازی و ناڕازییەکان، کە بە هەموویان وایان لەو حیزبە کردوە.. ئەمە پاکانە نیە بۆ ئەو دوو کەسە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم، ئەو دوو کەسە، تەنیا دوو دەستچەوری ناو دەسچەورەکانن، نەك دوو خاولی بۆ سڕینی دەسی ئەوانیتر!
شکست کۆتایی نایەت، ئەگەر بێخاوەن بێت. شکست لە خاوەنداریکردن لە شکستەوە تێئەپەڕێنرێ. "بەرپرسیارێتی" هەڵگرتنی بەشەکەی خۆتە لە شکست و "نابەرپرسیارێتی" هەڵدانی بەشەکەی خۆتە بۆ سەر شانی ئەویتر. ئێمەش بەگشتی، هێشتا لە عەقڵی نابەرپرسیارێتیداین و هەمیشە تیرمان ڕووی لەوە نەك لە خۆمان. ئیتر هەر لە شوێنی خۆمانداین و هەر ئەوەش بەرهەمئەهێنینەوە کە هەیە!
مرۆڤ لە دەرەوە دەسکاری ناکرێ. کورد ئەگەر پێی بڵێی ماست سپییە، ئەو زیاتر ئەڵێ ڕەشە. کورد ئینکارەو بە دەنگی دەرەکیی ئینکارترئەبێ! ئینسانی کورد، ئەبێ خۆی بە خۆی بڵێ ماست سپییە. تەنیا ئەو دەنگە ناوەکییە بە کەڵکی دێ و لەگەڵ حەقیقەتی ماستا ئاشتی ئەکاتەوە. ئا لێرەوەیە کە من پشتم کردۆتە هەموو جۆرەکانی ململانێ و بەرەو بەرەکاریی.. چونکە بەرەکان ئەگەر ڕاستییش بە یەکتر بڵێن، ئەو ڕاستییە لەوێدا خەسارئەکرێ و ئەبێتە قوربانی ململانێکە!
کێشە هیچ لایەك نیە بەتەنیا. چارەسەر هیچ لایەك نیە بەتەنیا. کێشە گیانی یەکترسڕینەوەیە لای هەمووان و چارەسەر گیانی یەکترقبوڵکردنە لای هەمووان. لێرەشەوە من کێشەم لەگەڵ هیچ بەرەو ئاڕاستەیەك نیە. کێشەم لەگەڵ ئەو هەموو ڕق و شەیتاندن و ڕەشکردنەیە، کە بووە بە زمانی فەرمی سیاسەت و ململانێ!
دینییەك و مولحیدێك، کوردایەتییەك و دژەکوردایەتییەك، چەپێك و ڕاستێك.. ئەمانە هیچیان وەکو جیاوازێك و بەشێك لە وێنەکە کێشە نین. لەوێدا کێشەن، کە هەریەك زەڕبێك لەویتر ئەداو ئەیەوێ تەواوی وێنەکە بۆ خۆی داگیربکات. لەو دۆخەشدا، ئیتر مرۆڤ ئەکەوێ بەقسەی خۆیداو مل نادا بۆ حەقیقەت، ئەگەر وەکو ڕۆژیش ڕووناك بێت. لەڕاستیدا مرۆڤ کە چووە ئەو شوێنەی کە ئامانج زاڵێتی و بردنەوەو دۆرانە، ئیتر ناچێتە ئەو شوێنەی کە ئامانج حەقیقەت و فەزیلەتە.
یەکێکی تر لەو شتانەی کە بڕوام پێ ی نیە، کەمپەینە. چونکە هەمیشە کاردانەوەیەو هێشتا نەیتوانیوە کار بێت. ئیتر شتەکەش هەر ئەچێتەوە ناو شەڕو چەلەحانێ و سەنگەرگرتن، نەك ناو چارەسەرو تێگەیشتن.. مەسەلەن هەر ئەم هونەرمەدانە، پێویست نەبوو چاوەڕێ ی قسەی ئەو کچە بکەن بۆ کارێکی وا.. بەڵام کێشەکەیە ئەوەیە، کورد نازانێ بەبێ بوونی بەرامبەرێك شتێك بکات. ئەبێ بەرامبەرێك هەبێ کە شەڕی لەگەڵ بکاو لەڕێگەی ئەو شەڕەوە قسەی خۆی بکات. لەم کەیسەشدا بەرامبەرەکە ئەو کچەیە!
کورد تەنیا لە دەنگدەنگ و شەڕەوە ئەدوێ، ناتوانێ لە ئارامی و لە جوانییەوە شتێك بڵێت. مەسەلەن ئەکرا زۆر پێش ئەم کێشەیە، کۆمەڵێ هونەرمەند بچوونایە بۆ ئەو شوێنەی کە ئەم نەوعە ماشێنەی لێ ئەوەستێ.. سەرو گوڵیان بدایە بە سایەقەکان و پێیان بگوتنایە، وەرن با ئیتر بەم ماشێنە نەڵێین کەریم کابان.. یەعنی بەبێ ئەوەی ئەم کچەو شەڕێك و "بەرامبەربوونەوەیەك" لەئارادابێت، ئەکرا لەناو ئاشتی و ئارامی و "کۆبوونەوەیەكدا" ئەوە بکرێت. یەعنی لەدەرەوەی شەڕو کاردانەوەو بەنیشانەکردنی کەسێك، ڕێگای تریش هەیەو تەنیا بڕێك عەقڵی گەرەکە. "کات"یش تەنیا لەدوای ڕووداوێکەوە دەست پێناکات، بەکو پێش ئەوەش کاتێکی زۆر هەیە، کە بەفیڕۆمانداوە!
هەموو ئەو شتانەی کە بە ئاشکراو بە دەم دژی ئەوەستین، بە نهێنی و بە کرداردار خۆمان ئەیانکەین. تاوانی ئەو کچەش تەنیا ئەوەبوو کە لە دیاردا وای گوت. ئەگین منو تۆو جەماعەتی کەمپەینەکەش، لە نادیاردا، هەر وا بەو ماشێنە ئەڵێین. ئەم نیفاق و پارادۆکسەش، لەناو هەمووماندایەو ئەبێ شەڕەکەشمان لەگەڵ خۆماندابێت، بۆ چاککردنی ئەو نیفاقە. نەك هەمیشە لەگەڵ ئەوێکی شەیتاندا بێت، کە ئەمەیان هەر ئەکاتەوە پاراستن و هێشتنەوەی نیفاقەکە لەنادیارداو بەرهەمهێنانەوەی!
فەرتەنەکەی دنیای ئێمە لە شەخسەنەوە هاتووە. چونکە شەخسەنە ئاسانترین ڕێگایە بۆ بیرنەکردنەوەو پشتگوێخستنی عەقڵ. چی لەوە ئاسانترە، کەسێك یان شتێك، بکەیت بە شەیتان و ڕق و جوێنی بەسەردا بڕژێنیت. یان بیکەیت بە خوداو نوێژی پیاهەڵدانی بکەیت؟ واشبزانیت بەمە، ئیتر تۆ شۆڕشگێڕی زەمانیت و خەریکی گۆڕینی دنیایت. لەکاتێکا ئەمە هیچەو تۆ خەریکی هیچیت. چونکە شۆڕشی ڕاستەقینە، شتێکی عەقڵییەو گۆڕانێکی ئارامانەی خۆتە، نەك شتێکی ئیحساسی و هاتوهاوارەکەی گۆڕینی دنیا. شۆڕشی ڕاستەقینە، گۆڕینی نیفاقەکەی ناو خۆمانەو دنیاکەی دەرەوەش ئەو کەسە گۆڕاوانە ئەیگۆڕن، نەك دەنگەدەنگ و شۆڕشی مونافیقەکان.