ئایا پەتای دابەش نەكردنی مووچە عێراقیش دەگرێتەوە
2021-01-21 17:41:02
نەوزاد مجید هەمەوەندی
عێراقێكی دەوڵەمەند بەنەوت كە خاوەن ڕێزبەندی دووەم ووڵاتی عەرەبی و پێنجەم ووڵاتی جیهانە لە یەدەكی نەوتدا لەدوای هەریەك لە ووڵاتانی (فەنزوێلا , سعودیە , ئێران , كەنەدا ) داداێت . بە پێی بەدواداچوونەكانی رێكخراوی (GFP) بۆ ساڵی 2020 یەدەگی نەوتی عێراق بریتیە لە 142 ملیار و 500 هەزار بەرمیل , بە پێی زانیاریەكانی ساڵی 2019 عێراق دووەم وڵاتە لە هەناردە كردنی نەوت لە دوای ووڵاتی سعودیە كە بڕی 10.4 ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە رەوانەی دەرەوە دەكات لە ڕێگای ریكخراوی اوپیك , عێراقیش بڕی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە رەوانەی دەرەوە دەكات و ئێرانیش 3.5 ملیۆن بەرمیل , كوەیتش 2.9 ملیۆن بەرمیل رۆژانە ڕەوانەی بازارەكانی جیهان دەكەن .
كاتێك مرۆڤێكی ئاسایی دیدەنی ئەم زانیاریانە بكات داڕمان و خاپوربوونی ئەم عێراقەی لا ئەستەمە و مەحاڵە كەچی حوكمڕانیەكەی عێراق وایكردوە ئەم مەحاڵ و ئەستەمە ببێتە خەیاڵ و داتەپین و داڕوخانی ئابووری ببێتە راستیەكی تاڵ .
ئەم عێراقەی چاوی هەموو جیهانی لەسەرە بە هۆی نەوتەكەیەوە كەچی نەوتی وولاتەكەی خۆی نەیتوانیە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیەكانی بێنێتە ئاراوە , نەوتی عێراق زۆرینەی ووڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا بە گەڕدەخات كەچی هاوڵاتیەكانی خۆیان سەرما دەیانلەرزێنێت و ڕێژەی بێكاری تا دێت زیاتر دەبێت, نەوتی عێراق و كوردستان هەلی كار و كارەبای بەردەوام بۆ ووڵاتانی تر فەراهەمم دەكەن كەچی هاوڵاتی عێراق و كوردستان لە ووڵاتیكی تاریك خەون بە كارەبای 24 كاتژمێری دەبینیت .
سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتیە و دروستكردنی قەیرانی دەستكرد و ئاریشەی پلان بۆ داڕێراوی وەك نزمكردنەوەی نرخی دیناری عێراقی و قەرزكردن بە بڕی جیا جیا و پەسند نەكردنی بوجە و كێشەی سیاسی و تایفی و حیزبی و ئیقلیمی كە هەر یەكەیان بزمارێكە بۆ تابوتی مەرگی عێراق لە ململانێكانی ووڵاتانی زلهێز و نەیار. كەچی كاربەدەستانی عێراق هێندەیتر دەست قایمتر و چاوكراوەتر دەبن لە بەهەدەردانی داهاتی ووڵات و برسیكردنی هاوولاتیانی عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی .
هەر بۆیە ئاماژەكان بە زمانی ئابووری پێمان دەڵێن ئەگەر دەستی گەندەڵكاران نەكێشنەوە و سیاسەتێكی حەكیمانە و ژیرانە پەیڕەو نەكرێت و چاكسازی ڕیشەیی ئەنجام نەدرێت لە خەرجی و داهاتی ووڵات , پەتای دابەش نەكردنی مووچە عێراقیش دەگرێتەوە و نەهامەتی زیاتر ڕوو لە عێراق دەكات و كوردستانیش لێی بێ بەش نابێت .
مامۆستای زانكۆ - پسپۆری ژمێریاری و دارایی